بازرگانیکردن بە ناوی دین و چارەسەر بە دوعا و نوشتە یان سیحر و جادوو کردن لەژێرەوەی؟!
ئامادەکردنی: کرێکار ڕۆستایی
بەشی یەکەم
=KTML_Bold=جادووگەرى چییە؟=KTML_End=
جادووگەرى: بریتییە لە درۆ و شێواندنى ڕاستی بە شتگەلێک کە بنەمایان نییە، وە لەسەردەمى نەفامیدا پیشەى کەسانێک بوو کە شەیتانەکان پەیوەندیان پێوەدەکردن و گوێیان هەڵدەخست لە ئاسمان و قسەیەکیان دەدزى و دەیانگەیاند بە ئەمان، پاشان ئەمانیش ئەو وشەیەى کە شەیتانەکان بۆیانیان دەهێنا هەرچیان بویستایە دەیانخستە سەرى و بۆیان زیاد دەکرد و بە خەڵکیان دەوتەوە، جا ئەگەر شتێک لەو قسانە ڕاست دەرچووایە ئەوا خەڵکى هەڵدەخەڵەتا پێیان و دەیانکردە سەرچاوە و کەسانى گوێ بۆگیراو لەنێوان خۆیاندا، متمانە بە قسە و پێشبینیەکانیان دەکرا بۆ ئاییندە، بۆیە دەڵێین: جادووگەر ئەو کەسەیە کە هەواڵى غەیبی دەدات بۆ ئاییندە.
لە ڕۆژگارێکی وەکوو ئەمڕۆدا، خەڵکێکی زۆر بەنەزانی و نەشارەزایی و دوور لە بیروباوەڕی ڕاستەقینەی خۆیان، تووشی هەڵدێر دەبن، پەنا بۆ نوشتە و دوعا و سیحر و جادوو دەبن و دەچنە لای ئەو کەسانەی لەژێر پەردەی مەلا و شێخی ڕۆحانی و ڕاقی شەرعی، کاردەکەن، خەڵکی دەچنە لایان و داوای دوعا و نوشتە دەکەن لێیان، کەچی لە ئەسڵدا زۆربەیان ساحیرن و کاری سیحر و جادوو و نوشتە دەکەن بەپارە و بازرگانی دەکەن بەو ناوەوە، زۆرجار دەبینین لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، کە چۆن بۆ پارە پەیداکردن، ڕیکلام دەکەن بۆ خۆیان بەئاشکرا و ڕۆژی ڕووناک. خەڵک هەیە دەچنە لایان و باوەڕیان پێ دەکەن هەر بەڕێگەی تەلەفۆن و ئۆنڵاین کاری سیحر و جادوو و نوشتە دەکەن، خەڵکێکی زۆر ئێستا بووەتە قوربانی دەستی ئەو جۆرە سیحر و جادوگەرانە، تێکچوونە لەڕووی ڕۆحی و دەروونی و جەستەییش، کە زۆربەیان لەژێر پەردەی ملا و مامۆستا، سەید، شێخ، ڕوقیەی شەرعی کاری سیحر و جادو و کار بەجنۆکە دەکەن، وە ژیانی خێزانی و ماڵی خەڵکی وێران دەکەن و تێکی دەدەن.
بۆیە کاتی هاتووە، حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، بەتایبەت دەزگا ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی، ئەو کەسانە بکەن کە لەژێر ناوی ملا، مامۆستا، سەید، شێخ، ڕوقیەی شەرعی، ڕیکلام بۆ سیحر و جادوو و نوشتە دەکەن لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی، پێویستە دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن.
لە کۆتایدا داوا دەکەم: وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، چیتر ڕێگە نەدات هەر مامۆستایەکی ئایینی هەڵدەستێ دوعا و نوشتە دەکات و ڕوقیەی شەرعی دەخوێنێ و شوێنێک دەکاتەوە و دەرمان و چارەسەر بۆ خەڵکی بۆ دادەنێ، پارەشی لەسەر وەردەگرێت و زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەڵێن هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی کار بە جنۆکە و سیحر و جادوو دەکەن، بۆیە کاتی هاتووە سنوورێک بۆ ئەو بەناو ملا و مامۆستا و شێخ ....هتد دابنێنن و قەدەغەیان بکەن، لەو کارە بێ شەرعی و قێزەونانە، کە تەنیا پارە بەو ناوە کۆدەکەنەوە، جۆرێکە لە بازرگانیکردن و فێڵکردن، قۆڵی خەڵکی نەشارەزا دەبڕن. [1]