ناونیشانی بابەت: بیرەوەرییەکانی هونەرمەند ڕزگار خۆشناو بەشی حەوتم
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
$هاوینانی شەقراوێ و یاپراغی کۆییان$
مەتعەمەکەی مامم لە بەغدایێ باش ئیشیەکرد و سبەینان خەرک بە قاسیدیەهاتن، خاسەتەن تەشریبی سبەینانی دەیانگۆت - ئەمن تامم نەکرد - گەلەک بەتام و خۆش بوو، ئەمە هەرسێک (ئەمن و نەجاتی برام و ڕەئوفی ئامۆزام) زۆر کیوی بووین، وەکوو برێی لە گوندی هاتینە شاری.
ئەمن عومرم چاردە پازدە سارەبوو لە هەردووکان گچکەتر بووم و چاوم نەکرابوەوە، مامم نە لێگەڕا بچینە دەرێ، نە ئەمەشی لەگەرەخۆ بردە دەرێ، کە ئەچوە ناو شاری، قەفەنگی مەتعەمی لە دەرێ دەینا خوارێ و بە کلیلی قەپاتیەکرد، هەر لەناو مەتعەمەکەی لە پشتۆ، غورفەکی لێ بوو ئەمە هەرسێک لەوێنوستین، خۆ ئەگەر خوانەکا شتەک لە مەتعەمەکەی سووتابا، ئەوە کەسمان بە ساغی قوتار نابوو!
ساری 1968 وەختی بەعس هاتە سەر حوکم و دەستیان بە ئیعدامکردنی خەرکی کرد، وەزعی مامیشم تێک چوو، دەرێن شەوەکی پاش ئیشکردنێ مەتعەمی خۆیەگۆڕی و ئەچتە باڕەکی دادەنیشی، سەری گەرمەبی و حسی کوردایەتیی دەجوولێ و بە دەنگەکی توند دەرێ: حکومەت حەقی مێشیەدا، ئەدی لۆ حەقی مەلا مستەفای بارزانی نادا!
ئێک دوو ئەمن لەوێبن لەکنیان وایە مامم کابرایەکی سیاسیە، چونکە مامم دایمەن بە قات و بویمباغی دەچوە دەرێ و پێوە دیار نەبوو کە مەتعمەمی هەیە و تەباخە، پێیەرێن عەمۆ حەزت لە فندەق بەلاشیە؟، ئەویش نزانی فندەق بەلاش یەعنی سجن! دەرێ ئەرێ وەڵا، ئەوانیش لەسەر ئەو قسەی ئەیگرن و دەیبەنە ئەمنی عامە، بابمەچیتە بەغدایێ و واستەی بە ئامۆزای ڕەحمەتیمان لیوا نەریمان بەکر سامیەکا و زوو بەریەدەن.
پاش بەربوونی بەغدای لەپێش چاویەکەوی و مەتعەمەکەی کە باش ئیشەکا ئەفرۆشی و دەگەڕێتۆ شەقراوێ، تەلەڤزیۆنەکەش لەگەر خۆ دینتۆ، تەلەڤزیۆنەکەی لە مارێ مە دانا، بەران بەس محەتەی کەرکووکی وەرەگرت، ئەویش زۆر بە خراپی، وەختی زۆرانبازیی عەدنان قەیسی بوو، کە خەرک وایان دەزانی ڕاستە، ئەوجا چەند منداری جیران و دەوروبەرمان هەبوون، هەموو لۆ ئەفلام کارتۆنیەهاتنە مارێمە!
ئەمن هەموو هاوینان دەهاتمۆ شەقراوێ، کە پاش بەیانی ئازار جمەی دەهات، فندەق و مەتعەم و چاخانە پڕ بوون، خەرک فێر ببوون کەپریان لە دار و چرووی دروستەکرد و بەکرێیانەدا، ئەو وەختە خەرک پڕ بە دەنگیان بانگیانەکرد (بستان بلا حەییە) یەعنی (ڕەز بێ مار) ، هەرکەسە لۆخۆی دیعایەیەکرد و ئەمەش کەپرەکمان کردبوو و ناو ناوە بەکرێمانەدا.
ئەو خەرکەی ڕەزی خۆیان هەبوو، وەزعیان زۆر باش بوو، مارێ مە ئەتگۆت مەکتەبی مۆسیقایە، هەموو دەمێ گەرم بوو، سبەینان هەتا هەردەستاین داکم خواردنی بەیانیانی حازر دەکرد، ئەمن زۆر کەیفم بەو شتانە ناهات کە داکم لە شیری چێرێی دروستەکرد، وەکی ماست و قەیماغ و کەرەی، ئێک دوو چێرمان هەبوون گەلەک بەخێر بوون، داکم پێ خەنی ببوو، لەجیاتی شیر و ماستی، ئەچوومە ناو باخچێ و ئاروەک و تەماتەکم لێکردۆ و هەر بەخوناوێ خۆی خاوینمەکردۆ و بە چامەخوارد، یا (ئەستورک) مان بە تەحینیەخوارد، ناو ناوەش بابم وەختی لە نوێژێ سبەینان دەگاڕەوە لە بازاڕی لۆبیە و نۆکی کورای دەکڕی، یا هێلکە ڕوونمان هەبوو.
نیوڕانانیش ساوار، گەنمە کوتا، کفتەی بە بڕوشی، نیسک، ماش، پیرخەنی، شفتەی گۆشتی و شفتەی بێ گۆشت، دۆرمە، ناو ناوەش برنج چونکە برنج گران بوو بە هەموو کەس ناکڕا، ناو ناوە گۆشتی مریشکی یا گۆشتی حەیوانی هەبوو، زۆر جار لەسەر مریشکی دەبوە موشکیلە، هەموو حەزیان لە ڕان و سینگی بوو، ئەوەش بەبەر هەمان ناکەت!
مارێمە جیرانی ماری مام سالح کۆیی ڕەحمەتی بوو (ناوی بەخێر) ئەمە لەگەرەوان ئێک مار بوین، وەختی یاپراغیان لێنا، قاپەکی پڕیان لەبۆ دەیناین، ئەوەندە بەتام بوو خۆش بوو، وەبەرناکەت! دوای خواردنێ نیوڕانان ئێک دوو سعاتەنووستین، بێ پانکە و موبەریدە و سپلیت، بە بۆنی چای سیلانی داکمان هەردەستاین کە بە سەماوەری لێیەنا، تام و بۆنی بێ حەد خۆش بوو! ئەمە ئەووەختی زۆر ڕامان لە خۆ بوو کە تەلەبەی مۆسیقاینە و لە بەغدایێخینین! هەر لۆیێش هەرچەندە هاوین بوو مستەمڕ تەمرینمەکرد و زوو زووش حەفلەنەکردن.[1]
=KTML_Bold=ڕێنووسی ئەم بابەتە، هەمان ڕێنووسی خودی نووسەرە.=KTML_End=