بێگومان هەڵگرتن و وشککردنەوەی گژوگیای دەرمانی، پێویستی بە شارەزایی هەیە، لەگەڵیدا دەبێت ئەو کەسەی بە کارەکە هەڵدەستێت، کۆمەڵێک ڕێکار بگرێتەبەر، کاتێک دەیەوێت گژوگیاکە وشک بکاتەوە.
1. کۆکردنەوە: شوێنی گیاکە دەبێت دوور بێت لە جادەی ئۆتۆمۆبیل و دووکەڵی کارگەکان و ئاوی پیس.
کاتی کۆکردنەوەی گیای دەرمانی زۆر گرنگە چونکە ئەو ماددە کیمیایی دەرمانی ناو گیاکە دەبێت درووست بوو بێت واتە دەبێت گیاکە بەتەواوی پێگەیی بێت.
2. وشک کردنەوە: تەنیا ڕیشەی گیاکان پێویستیان بە شۆردن هەیە وە گەڵاکان و گوڵەکەی پێویستیان بە شۆردن نییە.
دەبێت گیاکان لە شوێنێکی سێبەر و وشک، گەرم وە هەوای لێبدرێت (بە پانکە) دابنرێت کە گەرمای شوێنەکە دەبێت لەنێوان 20 تا 32 پلەی سەدی بێت وە لەوانەیە پێویستی بە شەش ڕۆژ هەبێت بۆ تەواو وشک بوونەوەی.
وشک کردنەوەی گەڵا و گوڵ ئاسانترە بەمشێوازە بەڵام ڕیشە و تۆوی گیاکان لەوانەیە پێویستی هەبێت لە دوای ئەم کارە بە دانانیان لە نزیک سەرچاوەی گەرمیەکی کەم تاوەکوو بەباشی وشک ببنەوە.
وشک کردنەوەی گیاکانی دەرمانی لە کارخانەکان بەشێوەی پیشەسازی دەکرێت بە بەکارهێنانی فڕن یا کورەی تایبەت.
3. لە دوای وشککردنەوەی گیاکە دەبێت لە شوشەی تاریک یا فەخوری وشک و خاوێن کە قەپاغی سەری بەتوندی ببەسترێت دووربێت لە تیشکی خۆر هەڵبگیرێت.
ئەگەر گیاکە بە تەڕی هەڵبگیرێت ئەوا بۆگەن دەکات وە ئەگەر لە دوای وشک بوونەوەی زوو هەڵنەگیرێت ئەوا ڕەنگ و تامی تێک دەچێت، لەکاتی هەڵگرتنی گیاکانی وشک کراو بە ئەندازەی زۆر دەکرێت لە گوێنی کەڵک وەربگیرێت.
نووسینی ناوی گیاکە وە ڕێکەوتی هەڵگرتنی زۆر پێویستە.
4. بۆ پاراستنی گیاکان لە خراپ بوون بەهۆی قارچک یا مێروو چەند تۆزێکی تایبەت بەکاردەهێنرێت. [1]