$گۆرەوییە خوێناویەکەی ئاپێ مووسا عەنتەر$
#کاوە ئەمین#
#12-07-2022#
کە لە #ماردین# تێدەپەڕیت و لە سنووری رۆژاوا و باکووری کوردستان نزیک دەبیتەوە، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر، تەلی دڕکاوی و لە هەندێک شوێن دا دیواری مەحکەم درووستکراوە. خانەخوێیەکەم دیجلە عەنتەر دەیوت ئەوەی لەیادمبێ بەردەوام قەرەقۆڵی تورکی لەمەبەر سنوورەوە دەبینرێن، بەڵام قەت قەرەقۆڵی سووریاییم لەم سەر سنوورە نەدیوە. 100 ساڵ زیاترە کوردی ڕۆژاوای کوردستان بە بەری باکووری کوردستان دەڵێن سەرخەت و کوردی باکووریش بە بەری ڕۆژاوای کوردستان دەڵێن بنخەت، ئاخر کاتی خۆی ئەڵمانەکان خەتی شەمەندەفەریان لەنێوان قامشلۆ و نسێبین دا ڕاکێشا، واتە شارەکەیان کردە دوو بەشەوە.
جاران خەڵکی هەردوو بەرەکە، لەنێو تەلەدڕکاوییەکانەوە یەکتریان دەبینی و لە جەژنان دا دەهاتنە سەر سنوورەکە و جەژنە پیرۆزەیان لەیەکتری دەکرد و شیرینیان بۆ یەکتری هەڵدەدان، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو دیوارە بەرز و درێژانەوە کە تورکیا لەجێگەی تەلە دڕکاوییەکان درووستیکردوون، ڕۆژاوا و باکووری کوردستانی بەتەواوی لەیەکتری دابڕیوە، ئیدی ئەوان ناتوانن یەکتری ببین و لە جەژنان دا جەژنە پیرۆزە لە یەکتری بکەن. تورکیا لەکاتێکدا ئەوە دەکات کە دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و خوازیاری هەڵگرتنی سنوورەکانە بەڕووی ئەوروپادا. وەکوو باسدەکرێت ئەو دیوارەی تورکیا درووستیدەکات، دەبێتە سێیەمین دیوار لەدوای دیواری چین و ئەو دیوارەی ئەمریکا لەسەر سنووری مەکسیک بۆ ڕێگەگرتن لەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی سنووری مەکسیکەوە خۆیان بگەییێننە ئەمریکا. بەڕاستی دیوارەکان ترسناکن، ساڵی ڕابردوو کە لە قامشلۆ بووم و لە نزیکەوە دیوارە بەرزەکەی نێوان قامشلۆ و نسێبینم بینی، باشتر تێگەیشتم کە ئێمەی کورد لەچ حاڵێکداین و بەخۆمان نازانین.
ناگەینە شاری نسێبین بەرەو باکوور لادەدەین، جادەکە قیرتاوە و بەچاو خۆیەوە خراپ نییە. بەلای چەند گوندێک دا تێدەپەڕین کە بەتەواوی ئاساواری شەڕیان پێوە دیارە، ئاخر ئەو گوندانە لە ساڵانی نەوەتەکاندا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە خاپوور کرابوون، بەڵام لەم دواییانەدا جارێکی دیکە درووستکراونەتەوە و خەڵکەکە گەڕاونەتەوە، هەندێک لە خانووەکان لە دووری چەند سەت مەترێک لە خانووە ڕووخاوەکانەوە درووستکراونەتەوە.
ئێمە دەمانەوێت سەردانی گوندی ستیلیلە بکەین، ئەو گوندەی کە گۆڕی ئاپێ مووسا عەنتەر و مۆزەخانەکەی لێیە.
ئاپێ مووسا عەنتەر ساڵی 1920 لە گوندی زڤینگێ کە دەکەوێتە بیست کیلۆمەتریی شاری نسێبینەوە، سەر بە پارێزگای مێردینە، بەڵام ساڵی 1974 ماڵەکەی دەگوازێتەوە بۆ گوندێکی دیکە نزیک لە گوندەکەی خۆیان بەناوی ستیلیلە. ئاپێ مووسا عەنتەر لە دوای ساڵی 1985 زۆرجار لە گوندەکەیان دەمایەوە، ئاخر ئەو دوای چەندین جار گرتن و ئەشکەنجەدان ماندووببوو، تەنانەت بڕیاری دابوو بۆ ماوەیەک نەنووسێت، ڕوو لە گوند و چیا بکات، وەک پێغەمبەران لە شوانێتییەوە دەست پێبکاتەوە، بۆیە ماوەیەک خەریکی بەخێوکردنی مەڕو ماڵات و بەخەمهاتنەوەی باخچەکەیەوە بوو. پەیوەندییەکی خۆشی لەگەڵ دانیشتووانی گوندەکەدا درووستکردبوو، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ئاواییەکە گەیشتووەتە شەش هەزار کەس. کاتێک لەگەڵ گوندییەکان لەسەر ئاپێ مووسا قسەم دەکرد، بە ژن و پیاوەوە بۆی بەداخ بوون. یەکێک لەو ژنانە کە تەمەنی لەسەرووی پەنجا ساڵییەوە دەبوو، بە حەسرەتەوە باسی ئاپێ مووسای دەکرد و دەیوت لە هەمووی خۆشتر پیاوێکی حەنەکچی (قسەخۆش) بوو، هانیدەداین بە کوردی قسە بکەین.
لە دوای ساڵی 1990ەوە کە پارتی هەپ دادەمەزرێت و ئاپێ مووسا وەک ئەندامی شانازی ئەو حیزبە دەستنیشان دەکرێت، خوێنجمانێکی نوێی کوردایەتی بەدەمارەکانیدا دێن و دەچن، شان دەداتەوە بەر کوردایەتی، ڕوو لە ئیستەنبووڵ دەکات کە بووە ناوەندێکی گەورەی کولتووریی بۆ کورد، لە هەموو ئەو داوودەزگا کوردیانەی لەوێ وەک قارچک هەڵدەتۆقین بەشداری دەکرد، ئینستیتۆتی کورد، ناوەندی چاندی میسۆپۆتامیا، ڕۆژنامەی ئولکە، یەنی ئولکە، وڵات، ئازادییا وڵات و زۆر دامەزراوەی دیکە. جارێکی دیکە لە ڕێگەی کونجەکەیەوە لە ڕۆژنامەی (ئازادییا وڵات) کە بە کوردی بڵاودەکرایەوە، خوێنەرانی بەدیداری شاد دەبنەوە.
گەڕانەوە بۆ شار، نابێتە هۆی ئەوەی کە جارجار سەردانی گوندەکەی نەکاتەوە، بەڵکوو سەردانی گوند دەکات و دەچێتە سەردانی کانی و باخەکەی و، لەژێر سێبەری دارچنارە پیرەکەی کە پێکەوە گەورە ببوون، هەناسەیەکی ئازادی هەڵدەمژێت. ئەوکاتە شەڕی چەکداری لە باکووری کوردستان دا هەموو کون و قوژبنێکی وڵاتی گرتبووەوە، گوندەکەی ئاپێ مووساش یەکێکبوو لەو گوندانەی کە لەژێر دەستی گەریلادا بوو و دەوڵەت نەیدەتوانی بە ئاسانی ڕوو لەو ناوچانە بکات.
دیجلە عەنتەر، بەسەرهاتێکی گێڕایەوە کە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا ڕوویداوە. گەریلا دەیانکردەسەر خەڵکە ناسراو و دەوڵەمەندەکان، داوای باجی شۆڕشگێریان لێدەکردن، یەکێک لەو کەسایەتییانە ئاپێ مووسا عەنتەر دەبێت، بەڵام جگە لەوەی زۆر تووڕە دەبێت لەو کارەی گەریلاکان، ڕەتیدەکاتەوە یەک قروشیان پێبدات، کار دەگاتە ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێبکەن. دیار نییە سەرکردایەتی #پەکەکە# بەو کارە دەزانن یان خۆیانی لێ نەبان دەکەن، بەڵام کەسایەتی و نێوبانگی ئاپێ مووسا وادەکات، داوای لێبووردن لە ئاپێ مووسا بکەن و کار دەگاتە ئەوەی بڕیاری ئەوە بدەن ئەو کەسانە سزا بدەن کە داوای پارەیان لە مووسا عەنتەر کردووە، بەڵام ئاپێ مووسا لە وەڵامدا دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک ڕازی نیم لەسەر من هیچ کوردێک ئازاری پێ بگات و دەیانبەخشم.
دەمێک بوو قەڵەمەکەی مووسا عەنتەر، دەوڵەتی تورکیای هەراسان کردبوو، هەموو جۆرە ئەزیەتدانێکیان لە زیندانیکردنەوە بگرە تاوەکوو دەگاتە ئەشکەنجە و سووکایەتی، لەگەڵیان تاقیکردبووەوە، بەڵام ئەو کۆڵی نەدەدا، بۆیە دەبوو بەهەر شێوەیەک بێت لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە. سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان یەکێک لە بەرپرسە دیار و چالاکەکانی پەکەکە بەناوی (هۆگر) لە ناوچەی نسێبین کە گوندەکەی ئاپێ مووساش سەر بەوێ دەبێت، بەرپرس دەبێت، دەبێت ئاپێ مووساشی ناسیبێت، پێدەچێت ئاپێ مووسا هاوکاریشی کردبن، بەڵام لەپڕ هۆگر خۆی ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا دەکات، وەک لە باکوور باوە بەوانەی خۆیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و دەکەونە خزمەت دەوڵەتەوە، دەڵێن (ئیعترافچی) ، هۆگریش دەبێتە ئیعترافچی، زیانێکی زۆر بە هاوڕێ دێرینەکانی دەگەیێنێت. وەک کەسوکاری گومان دەکەن، لەسەردەمی ئەرگەنەکۆن دا، دەوڵەت پلان بۆ کوشتنی چەندین کەس دادەنێت لەنێویاندا مووسا عەنتەر، بۆ هەریەکەیان سیناریۆیەک دادەڕێژن، ناوەندی بڕیار و پلاندانان ئەنقەرەیە، ئیعتفراچییەکانیش جێبەجێکاری پلانەکە دەبن. کورد بەدەستی کورد بە کوشتدان، مێژوویەکی دێرینی هەیە و تاقیکراوەتەوە و تێیدا سەرکوتووبوون.
دەگوترێت پاش ماوەیەک هۆگر پەیوەندی بە ئاپێ مووساوە دەکات، وای تێدەگەیێنێت و قەناعەتی پێدەکات کە دەیەوێت واز لە خیانەت بێنێت و بگەڕێتەوە نێو گەریلاکان، بەڵکوو ئەو شتێکی بۆ بکات! ئەوەش بۆ ئەوەیە کە بەڵگەیەکیان بەدەستەوەبێ بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەیان. ئاپێ مووسا بەقسەکەی فریودەخوات و دەکەوێتە ناو تەڵەیەکەوە کە دەربازبوونی نییە. کاتێک مووسا عەنتەر لە #ئامەد# دەبێت بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێک، هۆگر و تاقمەکەی پەیوەندی پێوە دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا سواری ئۆتۆمبیلێکی دەکەن و دەڕۆن تاوەکوو لەنێو کۆڵانێکی ئامەددا تیرۆری دەکەن. شەهیدکردنی مووسا عەنتەر هەرزوو لە ڕۆژنامەکانی دنیادا بڵاوبووەوە. لەبیرمە من ئەوکاتە لە سوید بووم، ڕۆژنامەکان هەواڵ و وێنەی مووسا عەنتەریان بڵاوکردەوە.
هەرچەندە چەند کەسێک لەسەر کوشتنی مووسا عەنتەر گیران، بەڵام دیزە بەدەرخۆنەیان کرد. وا سی ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێدەپەڕێت و هێشتا دۆزەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، سەرەڕای بەڵگەکان، دەوڵەت بەبیانووی کوشتنی نادیار دەیانەوێت بەیەکجاری دۆزەکە دابخات و خوێنی ئاپێ مووسا و دەیانی کەسی دیکە بەفیڕۆ بڕوات.
بکوژانی مووسا عەنتەر، تەرمی ئاپێ مووسا نادەنەوە کەسوکاری بەڵکوو بەدزییەوە لە گوندە کۆنەکەیان (زیڤینگ) بە خاکی دەسپێرن، بەڵام مووسا عەنتەر خۆی وەسێتی کردبوو کە لە باخچەی ماڵەکەیان بنێژرێت، دوای یەک ساڵ بەومەرجەی تەنیا کەسوکارەکەی بەشداری لە دووبارە ناشتنەوەی تەرمەکەیدا بکەن، دەوڵەت مۆڵەتیان پێدەدات بەبێدەنگی گۆڕەکەی بگوازنەوە بۆ ستیلیلە. دیجلە عەنتەر دەڵێت دوای دوو ڕۆژ لە شەهیدکردنی باوکم، لە سویدەوە خۆمان گەیاندەوە ئامەد، زۆر هەوڵماندا ئەو جلانەی کە لەکاتی کوشتنەکەیدا لەبەری بوون وەربگرینەوە، بەڵام دەوڵەت ئەوەشی پێ ڕەوا نەدیتین، تەنیا تاکە گۆرەوییەکی خوێناویمان وەرگرتەوە، ئەوەتا وێنەکەیمان لە مۆزەخانەکەدا داناوە.
هەرچەندە لەسەر مووسا عەنتەر بنووسرێت هێشتا کەمە، ئاخر مووسا عەنتەر واتە نزیکەی سەدەیەک لە مێژووی کورد. کەم دادوەری تورک هەیە کە مووسا عەنتەریان دادگایی کردبێت و نەکەوتبێتنە بەر تیر و توانجی و گاڵتەوگەپەکانی ئاپێ مووسا. ئەم بابەتە بە یەکێک لەو حەنەکانەی ئاپێ مووسا کۆتایی پێدەهێنم کە هێشتا بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێت سەرلەنوێ تورکیایەکی نوێ بنیات بنێردرێتەوە کە بتوانێت ڕۆحی ئاپێ مووسا عەنتەرەکان ئاسوودە بکات و وزە و توانای مووسا عەنتەرەکان بخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە نەک بخرێنە کونجی زیندانەکانەوە.
لە یەکێک لە دادگاییەکانی ئاپێ مووسا عەنتەردا، دادوەر زۆر گوشار بۆ مووسا عەنتەر دەهێنێت و دەیەوێت پێی بسەلمێنێت کە ئەو کەوتووەتە هەڵەوە و باشترە لە تێڕوانینەکانی لەسەر کورد و تورکیا پەشیمان ببێتەوە، دەڵێت مووسا بەگ تۆ سواری گای هار بوویت! ئاپێ مووسا ڕوودەکاتە دادوەرەکە و پێیدەڵێت: قوربان ئەو تورکیایەی تۆ باسی دەکەیت وەک منداڵە نەخۆشەکەیە. ڕۆژێک ژنێک منداڵەکەی دەباتە لای دکتۆر و دەڵێت: جەنابی دکتۆر منداڵەکەم ئیفلیج بووە، چاوی نابینێت، کەڕ و لاڵ بووە، هەرچی نەخۆشی هەیە تێیدایە، دەستم بەدامێنت وەرە چارەسەرێکم بۆ بدۆزەوە. دکتۆر کە گوێی لەو قسانە دەبێت و منداڵەکە بە چاوی خۆی دەبینێت بە ژنەکە دەڵێت: ئادەی بچۆرە ئەو ژووەرەوە، خۆت ڕووتبکەوە و ئێستا منیش دێم!
ژنەکە بە دکتۆر دەڵێت قوربان من نەخۆش نیم منداڵەکەم نەخۆشە؟
دکتۆر دەڵێت دەزانم، بەڵام ئەم منداڵە تازە چارەسەری نییە، چاکترە من و تۆ منداڵێکی تازە بێنینە دنیا!
ئاپێ مووسا بە دادوەرەکە دەڵێت قوربان ئەو تورکیایەی تۆ باسی دەکەیت، لەو منداڵە دەچێت، چارەسەری نییە، وەرن با تورکیایەکی نوێ بنیات بنێین کە هەموومان تێیدا مرۆڤ بین، بەڵام هەر کەسەمان وەک خۆی تێیدا مرۆڤ بێت، من وەک کورد و تۆیش وەک تورک. [1]