$ژەنەراڵ بارزانی: وێنەکەم لاببەن$
#کاوە ئەمین#
#28-10-2022#
لەم ڕۆژانەی پێشوودا، ئێوارە کۆڕێک لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگەوە بۆ ڕێزلێنان و بیرهێنانەوەی مامۆستا ئەنوەر تۆڤی ڕێکخرا کە تێیدا چەند هونەرمەند و هاوڕێی مامۆستا تۆڤی قسەیان لەسەر ژیان و کەسایەتیی ئەو کەڵە پیاوە کرد کە هەموو ژیانی بۆ پێشخستنی پەروەردە و هونەری کوردی تەرخان کرد. قسەکردن لەسەر کەسایەتییەکی وەکوو ئەنوەر تۆڤی، کورد گوتەنی هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێت، چونکە بەڕاستی وەکوو حەوت دەرمانە وابووە بۆ کورد، ئاخر ئەو دەرهێنەر، شانۆکار، مامۆستای پەروەردە، وێنەکێش و کاریکاتێریست، ساڵی 1974یش بووە پێشمەرگە و بەڕێوەبەری گشتیی هونەر بووە لەنێو شۆڕشدا.
لەو ئێوارە کۆڕەدا مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی، شێوەکار عەتا قەزاز، حەمەڕەشید هەرەس و غاندی کوڕی قسەیان لەسەر ژیانی مامۆستا کرد و یادەوەرییەکانیان لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر تۆڤی گێڕایەوە، ئەگەرچی ژمارەیەکی کەم لەو هەموو نووسەر و هونەرمەندانەی #سلێمانی# بەشدارییان لەو یادهێنانەوەیە کردبوو، بەڵام تازە ئێمە لەگەڵ درووشمەکەی پاسۆکدا ڕاهاتووین و هیچ نەبێت دڵی خۆمانی پێخۆش دەکەین کە دەڵێت: هەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێت، کەم بن یان زۆر، هەر دەگەن بەخۆر.
ئەوەی کە سەرنجی منی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، یادەوەرییەکی سەردەمی شۆڕش بوو لە ساڵی 1974 کە کاک عەتا قەزاز بە زمانێکی خۆش گێڕایەوە و ڕەنگە لەگەڵ کۆنگرەی 14ی پارتیشدا بگونجێت، بۆیە حەزدەکەم بیگێڕمەوە، ئاخر زۆرجار بەرپرسانی پارتی باسی ڕێبازی بارزانی دەکەن، بەڵام لەو بڕوایەدام زۆربەیان هێشتا لێی تێنەگەیشتوون، ئەو ڕێبازەش بەلای منەوە خاکەڕایی و سادەیی و دڵسۆزی و کوردایەتیی ژەنەراڵ بارزانییە، کە بەرپرسان هەنگاوبەهەنگاو لێی دوور دەکەونەوە.
کاک عەتا بەسەرهاتی وێنەیەکی ژەنەراڵ بارزانی کە خۆی کێشاویەتی بەم شێوەیە گێڕایەوە: ساڵی 1974 ئێمەش وەکوو زۆرێک لە هونەرمەندان پەیوەندیمان بە شۆڕشەوە کرد، لە ناوبردان جێگیربووین و شوێن و جێگەیان بۆ دابینکردین. من وەکوو هونەرمەندێکی شێوەکار، وێنەیەکی گەورەی مەلا مستەفام لەسەر دیوارێک درووست کردبوو، شوێنێک بوو کە مەلا مستەفا لێوەی دەڕۆیشت، بەڵام من بەو مەبەستە نەمکردبوو کە خۆی بیبینێت. ڕۆژێک کاک ئیدریس هات گفتوگۆیەکی تەلەڤزیۆنی هەبوو لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکدا، ئەو منی نەدەناسی، گوتبوویان عەتا وێنەکەی کێشاوە، بانگی کردم بۆ لای خۆی و گوتی 'کاک عەتا تۆ ئەو وێنەیەی بارزانیت کێشاوە؟' منیش گوتم 'بەڵێ'. کاک ئیدریس گوتی 'دەی باشە دەستت خۆش بێت، بەڵام چۆنت کێشاوە، ئاواش بیسڕەرەوە!' منیش گوتم 'وەڵا شتی واناکەم، دەبێت بمێنێتەوە!' کاک ئیدریس بەپێکەنینەوە گوتی، 'کاکی خۆم مەلا مستەفا خۆی داوای کردووە، تفەنگێک و 400 دیناریشی بۆ ناردوویت و تکات لێ دەکات کە بیسڕیتەوە و پێیگوتووم کە بەو وێنەکێشە بڵێن من هیچ نیم جگە لە پێشمەرگەیەک وەکوو ئەو پێشمەرگانە و قبووڵم نییە وێنەی من درووست بکەن!' ئیدی بەناچاری و بەنابەدڵی وێنەکەم سڕییەوە. دواتر کاک ئیدریس بانگی کردم بۆلای خۆی و پێیوتم: 'تۆ کەسێکی بەهرەداری، پێمخۆشە بچیتە دەرەوەی کوردستان و پەرە بە هونەرەکەت بدەیت، ئێمەش هاوکاریت دەکەین و تۆیش خزمەتی شۆڕش بکە.' هەرلەوێ نامەیەکی بۆ نووسیم بۆ پەیوەندییەکانمان لە تاران، ئەوانیش لە ماوەیەکی کوورتدا ڕەوانەی ئیتاڵیایان کردم.
ئەم بەسەرهاتە جگە لەوەی بەسەرهاتێکی مێژوویی بوو، نموونەیەکی جوانی پەیوەندیی خەڵک و سەرکردەیە، سەرکردەیەک کە خۆی لە خەڵکەکەی جیانەکاتەوە. پارتی ئەگەر بیەوێت چۆن خۆڕسکانە خەڵکانی وەکوو کاک عەتا بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک وێنەی ژەنەراڵ بارزانی لەژێر بۆردوومانی تۆپ و تەیارەدا کێشاوە، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو ڕێبازە، من پێم وایە ڕێبازی بارزانی و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ژەنەراڵ بارزانی و ژیانە سادەکەی پڕ بووە لە دادپەروەری.
ڕاستە دنیا گۆڕاوە و سەردەمەکان هەمان سەردەم نین، بەڵام دەبێت وەکهەڤی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان بکرێتە بنەمای حوکمڕانی و گەیشتن بە دوا مەنزڵ کە سەربەخۆییە، دەنا ڕیسەکەمان لێدەکەنەوە بە خوری. [1]