$سوپرایزی چین بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست$
#مەهدی فەرەج#
#15-01-2022#
لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، وانگ یی، ئەندامی ئەنجوومەنی دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین چاوی کەوت بە ژمارەیەک لە وەزیران و سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە، وەزیری دەرەوەی کوێت، وەزیری دەرەوەی عەممان، وەزیری دەرەوەی بەحرەین و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاری وڵاتانی عەرەبی (GCC) بینیوە. دوایینیشیان وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغلۆ و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
لە ئەجێندای سەرجەم وەزیراندا ئامادەسازیی نیشاندراوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی چین و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و سوودی هاوبەش.
چین وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری وڵاتانی عەرەبی GCC و تورکیا و ئێران بە هاوڕێی باش دەناسێنێت، هەڵبەتە لە مارسی 2021 چین و ئێران زنجیرەیەک گرێبەستی ستراتیژیان بۆ ماوەی 25 ساڵ واژووکردووە.
تاوەکوو ئێستا لە کۆبوونەوەکان هەموولایەک ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووە سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە، هاوڕابوون لەسەر هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی بۆ کێشە هەنوکەییە هەرێمییەکان لە هەریەکە لە وڵاتانی فەلەستین، یەمەن، ئێراق و سووریا. کێشەی چەکی ئەتۆمیی ئێرانیش تاوتوێکراوە.
چین هەوڵدەدات ڕێگەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-یانە بدۆزیتەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لە گۆڕەپانی فرەلایەنیدا، چین دەیەوێت پاڵپشتی فرەلایەنی بکات و بە ژیوار پاڵپشتی لە دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، چونکە چین هیچ کات ڕاستەوخۆ دەستێوەردان لەنێوخۆی هیچ وڵاتێک ناکات.
چین خاوەن دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە، گەورە بەکاربەری نەوتە و بە سەرچاوەی وەبەرهێنانی دەرەکی دەناسرێت، بەتەواوەتی پشتی بە گاز و نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەستووە. عەرەبستانی سعودیە بە یەکەم و گەورەترین هەناردەکاری نەوتی چین دادەنێرێت، ڕۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی کرود هەناردەی ئەو وڵاتە دەکات. سەرەڕای گەمارۆی ڕۆژاوا و وڵاتانی ئەوروپایی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام چین پشتی لە ئێران نەکردووە و گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە، سەرەڕای کێشەی گواستنەوە (Shipping) ڕۆژانە زیاتر لە 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی چین دەکات، قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ساڵی ڕابردوو بە ساڵنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران 18 ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە.
چین هەوڵ و تەقەلای زۆر دەکات بۆ کردنەوەی شوێن پێی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆژانە وڵاتانی ناوچەکە بە دۆست و هاوڕێی کۆن بانگدەکات، سەرنجیان بۆ ئاییندەی هاوبەش ڕادەکێشێت، خراپی ئەزموون و لاوازی ئەمریکا لە ناوچەکە و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەشێ هاوکار بێت بۆ چین و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی زیاتر لە سێکتەری نەوت و پیشەزانی دیکە.
ئەگەر ھەندێک وردبینەوە، بەراوردێکی ئەمریکا و چین بکەین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ دەبینین وڵاتانی ناوچەکە ئەگەر دۆستی کۆماری میللی چینیش نەبن، بەڵام دژی وڵاتەکە نینن، هاوبەشی بازرگانی و دۆستایەتییەکی هارمۆنیان هەیە، ڕۆژانە چین دەستپێشخەریی دەکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان.
لەبەرانبەردا بۆ ئەمریکا ئەم هاوکێشەیە ڕێک پێچەوانەیە، جگە لە هاوپەیمانە دوو دڵ و ناچارەکان لە ناوچەکە، ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە دژی ئەمریکا و هەژموونی وڵاتەکەن. ئامانجی سەرەکیی چین لە پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی پڕۆژەی دەستپێشخەری پشتوێن و ڕێگایە.
لەڕووی جوگرافی و جیۆپۆلەتیکیشەوە، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گونجاوە بۆ کەڵک بینین لە ڕێگەی ئاوریشمی نوێ، #هەولێر# دەتوانێت بە برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، وابکات کە هەموو هێلکەکانی لەنێو یەک سەبەتە نەمێنێت، لەبەر کێشە و ناکۆکییەکانی ناوچەکە و ھەژموونی ئەمریکا، ئەو بابەتە هەندێک کێشە بۆ هەولێر درووستدەکات، بەڵام هاندانی ئەمریکاشە بۆ پاڵپشتیی زیاتری هەولێر.
لەم هەفتەی چاوپێکەوتنی بێوچانەی چین لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئێراق لا محل لها من الاعراب! بەهۆی هەژموونی دیاری ئەمریکا، لە سێپتەمبەری 2019، چین زنجیرەیەک گرێبەستی ستراتیژی لەگەڵ ئێراق واژووکرد، دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئێراق عادل عەبدولمەهدی نەک بەتەنیا خۆی سڕکراو و لادرا بەڵکوو هیچ لە پڕۆژەکانی چینش نەچوونە بواری جێبەجێکردن.
هەندێک پرسیار لێرە دێنە ئاراوە؛ ئەدا ئەو کۆبوونەوانە شتێکی هاوبەشیان هەیە؟ یان چین دەستپێشخەرییەکی لەپڕی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت؟ کاردانەوەی ئەمریکا چی دەبێت؟ ئایا نێوەڕۆکی ئەو کێشانەی کە گفتووگۆی لەسەر کراوە دەبێت چی بن؟ [1]