$شەڕی تاک جەمسەری$
#مەهدی فەرەج#
#25-02-2022#
ئەمریکا دەیزانی کە ڕووسیا شەڕی ئۆکراینا دەکات و ئەم چەندەش خواستی ئەمریکای لەسەرە بۆ درووستکردنی ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەکەدا. سەرئەنجام بۆ باشترکردنی بازاڕی چەک، پێداویستیی سەربازی، سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ئەوروپایی ڕۆژهەڵات و نانەوەی کێشە لە ناوچەکەدا وادەکات.
وەڵام نەدانەوەی ئەمریکا بۆ هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێت و ناشتوانێت، چاوەڕێدەکات دۆخەکە خراپتربێت، چونکە ڕووسیا برا هاوتا کۆمینستەکەی لە پشتییەوە دانیشتووە و بە چڕی چاودێریی دۆخەکە دەکات، لەم بەریشەوە ئێرانیان باش تێگەیاندووە کە چیدیکە نابێت ئەمریکا خۆی بە تاک هێزی جەمسەری بزانێت و، دەبێت بە یەکەوە بلۆکی ڕۆژهەڵات زەقتربکەینەوە. ئەم چەندەش پڕ بە دڵی ئێرانە.
خۆ ڕووسیا خاک و خەڵکی زۆری هەیە و پێویستی بە خاکی ئۆکراینا نییە، بەڵام بۆ بنبڕکردنی هەژموونی ڕۆژاوا و هۆشیارکردنی ئەوروپا ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆدا دەکاتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەری. ئەگەر نا خۆی پلانێکی ڕۆژهەڵاتە و ڕووسیایە بە تامی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران.
چین گرێبەستی کڕینی گاز و نەوتی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە و دووەم وڵاتە بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ چین، لە هەمانکاتدا چین کۆمەڵێک نامەی لێکتێگەیشتن و گرێبەستی گەورەی بۆ ماوەی 25 ساڵ لەگەڵ ئێران واژۆکردووە.
پێم وایە یارییەکە لە دەستی ئەمریکا دەرچووە و ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی ئۆکراینا بۆ نێو ناتۆ و بۆ بەرقەراری ئاشتی لە ئەوروپا هیچ ئامادە نییە تەقە بکات. لەهەمانکاتدا لەوانەیە ئەستەمبێ بێدەنگی دوو ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕووسیا و چین بتوانێ پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەدەستبخات! ئەوکات، ئەم چەندە کاری ئەمریکای قوورسترکردووە، بەڵام دەرفەت دەدات ڕووسیا دۆخەکە خراپتر بکات و ئۆکراینا بەجێدەهێڵێت تاوەکوو ماوەیەک، دواتر لەسەر داوای وڵاتانی ئەوروپایی و بەناو مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەگەڕێتەوە مەیدان، دەڵێ چیتان بۆ بکەم؟
ئەمریکا هیچ کات سەقامگیریی ناوێت لە وڵاتانی دوورە دەست، بەتایبەت هاوپەیمانەکانی دوژمنەکانی و دوژمنەکانی. ئەو وڵاتانەی ئەمریکا دەستی بۆ بردووە، شیرەکەی دەدۆشێ و بۆ 100 ساڵی داهاتوو نەزۆکی دەکات و پەکیدەخات. ئێراق، یەمەن، سووریا و لیبیا نموونەی زیندوون.
لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمیش دا ئەمریکا چانسەکەی هەڵقۆستەوە، جگە لە بازرگانیی چەک و تەقەمەنی هێندێ هاوکاری سەرەتایی هیچی نەکرد، ئێستاش هەرشتێک لە قاڵبی بەرژەوەندیی خۆی دەربچێ، نایکات.
بۆ ساڵی 2022 ئەمریکا نزیکەی 30 ترلیۆن دۆلار قەرزدارە، لەکاتێکدا کە شەری ئێراقی 2003 کەمتر لە هەشت ترلیۆن دۆلار قەرزی لەسەربوو. شەڕی ئەفغانستان و ئێراقیش بۆ پارەبوو، کەچی هەر نەیتوانی خەونەکەی بێنێتە دی، ئەمریکا پارەی گەرەکە. [1]