$هەوڵەکانی ئێراق بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە$
#عەلی سەرباز جاف#
#31-03-2023#
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق ڕۆژی #29-03-2023# بەشداری لە کۆڕبەندی (لەپێناو دیموکراسی) کرد و تێیدا باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ئێراق کرد و هەنگاوەکانی داهاتووی وڵاتەکەی خستەڕوو. سوودانی لە ڕۆژی دووەمدا بەشداری کۆڕبەندەکە بوو و باسی لە چەندین بابەتی جیاواز سەبارەت بە دیموکراسی لە ئێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و وەبەرهێنان لە کەرتی گاز کرد. ڕۆژی #28-03-2023# کۆڕبەندەکە دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. کۆڕبەندەکە لەلایەن ئەمریکاوە ڕێک دەخرێت و بەشداربووانیش لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە بانگهێشت دەکرێن. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا سەرۆکوەزیرانی ئێراق و ئیسرائیل بانگهێشت کرابوون.
سەرۆکوەزیرانی ئێراق لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئێراق کرد بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی هەوڵی فراونترکردنی ئازادی ڕادەبڕین بەپێی یاسا دەدات. هەروەها باسی لە ئامادەکاری ئێراق کرد بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان. لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی حکومەتەکەی بۆ ڕازیکردنی ئێراقییەکان و درووستکردنەوەی متمانەی ئێراقییەکان بە سیستەمی سیاسی ئێستای وڵاتەکە کرد لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری باشتر.
سوودانی باسی لە بڕیارێکی زۆر گرنگی حکومەتەکەی کرد کە ئەمریکا دەمێکە چاوەڕێیەتی و گوتی حکومەتەکەمان هەوڵی خێرای داوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە و هەنگاوی ڕاستەقینەمان ناوە بۆ وەبەرهێنان لەو گازەی لەگەڵ دەرهێنانی نەوت بەرهەم دێت. ئەمەش بە ئامانجی وەستاندنی زیانەکانی ئەم سامانە گرنگە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، سێیەم، و لە هەمووی گرنگتر، کەمکردنەوەی بارگرانی پیسبوونی ژینگە.
ئەمە لە کاتێکدایە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی ئێراق بووەتە جێگەی سەرنجی چەندین کۆمپانیای وەک تۆتالی فەرەنسی، قەتەر ئینرجی، بەیکەر هاوسی ئەمریکی و چەند کۆمپانیاییەکی دیکە. ئامانجی سەرەکی ئەو کۆمپانیایانە وەبەرهێنانە لە گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوت. ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە چاوی لەسەر وەبەرهێنانە لە بابەتی گازی هاوەڵ و چەندین بابەتێکی دیکە.
$هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێراق دا$
چەندین ساڵە ئەمریکا هەوڵی وەستاندنی سووتانی ئەو گازە دەدات کە لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدا لە ئێراق دەردێت. لە ماوەی ساڵێکدا باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێراق چەندین جار جەختی لەم پرسە کردەوە و هەروەها لە سەردانەکەی د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی ئێراق بۆ واشنتن لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووبارە جەخت لەسەر ئەم پرسە کرایەوە و لە کۆنفراسی میونشندا جارێکی دیکە بلینکن لەگەڵ سوودانی باسی لێ کردەوە، لە ڕۆژی #19-03-2023# باڵیۆزی ئەمریکا دووبارە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفراسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ گفتوگۆ ئامادەیی ئەمریکای بۆ پرسەکە دووپاتکردەوە. هەوڵەکانی ئەمریکا لەم بابەتەدا ساڵ دوای ساڵ چڕتر دەبێتەوە و، وا دیارە ئەمریکا سوورە لەسەر دەستپێکردنی ئەو پڕۆسەیە بەزووترین کات. ئەمریکا بەم هەنگاوە دەتوانێت چەندین ئامانج بە یەک هەنگاو بەدیبێنێت بۆیەش هەر سوورە لە دەستپێکردنی.
لە پاش ڕووسیا، ئێراق پلەی دووەمە لە سووتاندنی گازی هاوەڵی دەرهاتوو لەگەڵ نەوتدا و، بەپێی پێویست کەڵک لەو گازە وەرنەگیراوە. بگرە چەندین ساڵە ئێراق کە دەبووایە هەناردەکار بووایە لەجیاتی هاوردەکردنی گاز، بەهۆی هەبوونی سەرچاوەیەکی بێشووماری گازەوە، کەچی ئێراق ڕۆژانە نزیکەی 16 ملیار مەتر پێ سێجا گازی هاوەڵ بەخۆڕایی دەسووتێنێت، کە دەکاتە 0.5٪ لە بڕی ڕۆژانەی بەرهەمهێنراو لە جیهاندا. هاوکات ئێراقی خاوەن 132 ترلیۆن پێ سێجای گازە، یەکێکە لە سەرەکیترین کڕیارەکانی گازی ئێران و ڕۆژانە 20 ملیۆن مەتر پێ سێجای گاز لە وڵاتە هاوردە دەکات.
هەروەها، ئێراق هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا چڕکردەووە. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەش واژۆکردنی گرێبەست بوو لەگەڵ هەر یەک لە کۆمپانیای جینراڵ ئەلکیتریکی ئەمریکی بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریکا و سیمینزی ئەڵمانی لەکاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەڵمانیا. بەپێی پلان و ڕێککەوتنەکەش ئەو دوو کۆمپانیایە کار لەسەر درووستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی گازەوە دەکەن. ئەمەش پێداویستییەکانی ئێراق لەڕووی گازەوە زیاتر دەکات.
جگە لە زیانی دارایی سووتاندنی ئەو گازە، کاریگەرییەکی یەکجار خراپی لەسەر ژینگەی ئێراق هەیە. هەروەها بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی بانکی جیهانی کە ئێراق لە 2017 واژۆیکردووە و بەڵێنیداوە تاوەکوو ساڵی 2030 سووتاندنی گازی هاوەڵ کۆتایی پێبێنێت.
ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا لە کابینەی حەیدەر عەبادییەوە بە چڕی کارەیان لەسەر ئەم پرسانە کردووە و لە کابینەکەی کازمی گەیشتنە قۆناخی ڕێککەوتن و دواتر لە حکومەتەکەی سوودانیشدا دەست بە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنانە کرا کە هەندێکیان هەوڵی پەکخستنیان بۆ دەدرا. ڕێککەوتن و وەبەرهێنانی ئێراق لەم بابەتەدا پرسێکی زۆر گرنگە و کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر داهاتووی ئێراق لە زۆر ڕووەوە دەبێت. ئەگەر ئەو کۆمپانیانە سەرکەوتووبن و بتوانن سووتانی گازی هاوەڵ نەهێڵن یان کەمی بکەنەوە، کاریگەرییەکی یەکجار زۆر ئەرێنی لەسەر ژینگەی وڵاتەکە دەبێت. هەروەها پشتبەستنی ئێراق بە گاز و کارەبای ئێران بەشێوەیەکی یەکجار زۆر لە ماوەیەکی نزیکدا کەم دەکاتەوە. بگرە نیازەکانی ئێراق لەوە زیاترە و پلانی هەناردەکردنی گازیان بۆ ئەوروپا هەیە.
$وەبەرهێنەرانی گازی هاوەڵ و پەرەپێدەرانی کێڵگە گازییەکان لە ئێراق کێن؟$
ئێستا هەر یەک لە شێڵی بەریتانی، میستیبۆشی ژاپۆنی و کۆمپانیای گازی باشوور لە چوارچێوەی کۆمپانیای گازی بەسرە کار لەسەر وەبەرهێنان لەو گازەدا دەکەن. هەروەها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سوودانی لەسەردانەکەی بۆ فەرەنسا تاوتوێی چەندین پڕۆژەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد و یەکێکیش لەو پڕۆژانە پەیوەستە بە کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی کە بڕکەی دەگاتە 27 ملیار دۆلار. پڕۆژەکەی تۆتال چەندین ساڵە پەکدەخرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەم زووانە تۆتال پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای قەتەر ئێنرجی وەربگرێت و دواتر گرێبەستەکەیان لەگەڵ ئێراق واژۆبکەن. هەروەها ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای بەیکەر هاوسی ئەمریکی بۆ کارکردن لە کێڵگەکانی ناسرییە و غەراف بەم نزیکانە واژۆ دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە ئێراق لەگەڵ چەند کۆمپانیاییەکی چینی هیشتا لە گفتوگۆدایە. جگە لەوە لە ڕۆژی #22-02-2023# ئێراق گرێبەستێکی 5 ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای کرێست پتڕۆڵیۆمی ئیماراتی واژۆکرد بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گازی سرووشتی لە هەر یەک لە پارێزگاکانی دیالە و بەسرە. کرێست پتڕۆڵیۆم بە تەنیا ئەم پڕۆژەیەی وەرنەگرتووە، بگرە هاوشێوەی تۆتال ئەویش هاوبەشی هەیە. کۆمپانیای جیۆ جەیدی چینی و یونایتد ئێنرجی گرووپی پاکستانی هاوبەشی کرێستن لە پڕۆژەکەدا.
دریژەدان بەم وەبەرهێنانە کارێکی ئاسان نابێت بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێراق و پێدەچێت بەم نزیکانە سەردانێکی واشنتن بکات و لەسەر ئەم بابەتە چەندین گرێبەست و ڕێککەوتننامە لەو وڵاتە واژۆبکات. ئەو پرسانەش کە بەلای ئەمریکاوە گرنگن ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئێراق لەسەر بکات، بریتین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پارە سپیکردنەوە، وزە، گۆڕانکاری کەشوهەوا، کێشەی ئاو و شەڕی دژی #داعش#.
دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە و واژۆکردنی ئەو گرێبەستانەی هێشتا واژۆنەکراون دەبنە خاڵێکی وەرچەرخان نەک تەنیا لە ئابووری ئێراق، بەڵکوو لە نەخشەی وزەی جیهانیشدا. ئەمەش بێگومان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی ئێراق لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوادا دەبێت. بە شێوازێک پەیوەندییەکانی ئێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ڕۆژاوا بەهێزتر دەکات. ئێراقیش لە هاوردەکارێکی گازی ئێرانییەوە دەبێتە بەرهەمهێنەرێکی گاز، لەکاتێکدا ئەوروپا و ناوچەکە پێویستیان بە گازەکەی هەیە. لە هەمووی گرنگتریش وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێراق ئاماژەی پێدا و ئەمریکا چەندین جار باسی لێکرد، نەهێشتنی سووتانی گاز، کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەی ئێراق. [1]