سیحر و جادوو و نوشتە، لەناوبەرەکانی کۆمەڵگە؛ بەشی 02
ئامادەکردنی: کرێکار رۆستایی
=KTML_Bold=بەشی دووەم=KTML_End=
سیحر و جادوو و نوشتە، دەرهاویشتەی زۆر خراپ و مەترسیداری هەیە، لەسەر کۆمەڵگە، بەتایبەتیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، جادو و سیحر لە زەمانی زووەوە تا ئەمڕۆش ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، لە ناو زۆربەی گەلانی دونیاشدا بوونی هەیە، خەڵکانیک بەنەشارەزایی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و دوور لەبنەما و بیروباوەڕی ڕاستەقینەی خۆیان ڕوو دەکەنە ساحیر و جادوگەران و بۆ کۆمەڵێک مەبەست و ئامانج وەک بەدیهاتنی ئاوات و کردنەوەی بەخت و، چارەسەری نەخۆشی، یان بۆ زیادکردنی ڕزق و ڕۆزی، یان دیاریکردنی چارەنووسیان، ئەمەش کارێکی بێ شەرعیە و مرۆڤ لە بازنەی ئیمان دەچێتە دەرەوە ئەگەر باوەڕیان پێ بکەن.
لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە، لەم ڕۆژگارەدا ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم، بەخراپ بەکاردەهێنرێن بۆ مەبەستی ڕیکلام کردن، ساحیر و جادووگەران بانگەشەی سیحر جادوو و نوشتە دەکەن، خەڵکانێک بەئاسانی قسە لەگەڵ ساحیران دەکەن و سیحر و جادوو و نوشتەیان بە دەست دەگات، وە هەر نیاز و مەبەستێکیان هەبێ لەگەڵ ساحیر و جادووگەران ڕێکدەکەون و سیحر و جادوو و نوشتەیان بۆ ئامادە دەکەن و بۆیان دەنێرنەوە، هەر لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن، ئەمەش دەرهاویشتەی خراپ و مەترسیداری دەبێت لەسەر کۆمەڵگە.
زۆر دەبیستین و دەبینین، کاتێ هەواڵێک بڵاو دەبێتەوە لە کەناڵێکی ئاسمانی، یان لە ڕۆژنامە، گوڤار و وێبسایتی ئەلیکترۆنی، کە ساحیرێک دەستگیرکراوە، پارەیەکی زۆری لەخەڵک وەرگرتووە لە ڕێگەی سیحر و جادوو و نوشتە، وە ماڵی هەزارن کەسی وێرانکردووە، چەندین ژن و مێردی لەیەکتری جیاکردۆتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت، دەبێت سەدان و هەزار کەسی تر لە ساحیر و جادوگەر هەیە و بەڵام بەنهێنی کاری سیحر و جادوو و نوشتە دەکەن، کە مەترسی و زیانی زۆری هەیە، چونکە جاری وایە دەڕواتە لای دکتۆر پشکنینی بۆ دەکات، دوایی دەردەکەوێت لەڕووی پزیشکیەوە هیچ کێشەیەکی جەستەیی نییە، بەڵکوو لەڕووی دەروونی و ڕۆحیەوە سیحر کاریگەریی لێکردووە و تێکچووە، جاری وایە ئەو کەسە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات، یان ناتوانێ هاوسەرگیری بکات، یان هەڵسوکەوتی زۆر ناشیرین و نەشیاو دەکات، دەبورێتەوە و لەهۆش خۆی دەچێت، دەڕشێتەوە، دڵی تەنگ دەبێت، توڕەدەبێت و هەڵدەچێت، قسە ناکات، گۆشەگیر دەبێت، ژانەسەر دەگرێت، وردبوونەوەی تێکدەچێت و بیری لاواز دەبێت و شتی بیردەچێتەوە، بێهێز دەبێت و ڕەنگی دەگۆڕێت و لاواز دەبێت، لەڕووی جەستییەوە، ئارەزووی خواردنی نامینێ.
کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات جارێکی تر، لەڕووی پزیشیکەوە هیچ کێشەی نییە و دکتۆریش زۆر جار باوەڕ بەوە ناکات سیحر و جادوو و نوشتەبێت بۆیە دەکرێت سەردانی مامۆستایەکی ئایینی لەخواترس و خاوەن زانست بکات، کە شارەزابێت لە چارەسەری نەخۆش بەڕوقیەی شەرعی، چونکە ڕوقیەی شەرعی کارێکی هەر وا ئاسان نییە هەر کەس لای خۆیەوە بیکات، یان کەسانێک بۆ پارە پەیداکردن دەستیان داوەتێ، بۆیە دەبێت ئەو کەسە لەخواترس بێت و خاوەنی زانست بێ و شارەزابێ لە بواری چارەسەری ئەو کەسانەی سیحر و جادوو و نوشتەیان لێکراوە، یان چاو و نەفەس لێی داون، یان چاونەفەسیان لەسەرە، خەفەتی زۆری خواردووە و ترساوە لەشتێک وەهمێکی بۆ درووست بووە ....هتد
بۆیە ئەو کەسانەی سیحر و جادوو و نوشتە یان چاو و نەفەس لێی داون، با سەردانی مامۆستایەکی لەخواترس و خاوەنی زانست بکەن بۆ ئەوەی چارەسەر بە ڕوقیەیی شەرعی بەشێوازێکی درووست و شەرعی پێیان بدات و ڕێنمایی و ئامۆژگاریان بکات، جاری وا هەیە چەندین پارە سەرف دەکات لە دکتۆر و دەرماندا، کەچی سوودی نابێت، چونکە نەخۆشییەکە لەڕووی ڕۆحی و دەروونییەوەیە، بۆیە دەبێ لەڕوانگەی شەرعەوە چارەسەر بکرێت، لەلایەن مامۆستایەکی خواناس و لەخواترس و خاوەن زانست و شارەزا لەچارەسەر بەڕوقیەیی شەرعی.
داواکارم لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار، ڕێگری بکەن لەو ساحیر و جاووگەرانە کە بە ڕۆژی ڕووناک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بانگەشەی کاری سیحر و جادوو و نوشتە دەکەن، دەستگیریان بکەن و سزایان بدەن، چونکە بوونەتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە،
نووسینی: کرێکار قادر ڕووستایی [1]