ناونیشانی بابەت: تێڕامانمان بۆ ئەدەب و نموونەیەک لە شیعری #پێشەوا کاکەیی# و #پەروێز هوما#
ئامادەکردن: #ڕێزان حەسەن#
هەمیشە ئەدەبیات ڕۆڵێکی باش و کاریگەریی گێڕاوە لە بەرەو پێشبردنی وڵاتاندا. نووسەران بەگشتی و شاعیران بەتایبەتی، بە تێڕوانینێکی ورد، لە دیمەنێکی بچووکەوە فەزایەکی شیعری دەخووڵقێنن کە ڕووداوێکی گرنگ یان پەیامێکی گەورەی تێدا بەرباس دەدەن.
ترس، هەمیشە مرۆڤ تووشی شەڵەژان دەکات، تا ئەو ڕادەی خودی کەسی ترساو ببێتە هۆکاری ڕوودانی ئەو کارە یان ڕووداوەی کە لێی دەترسێت، چونکە ئەگەری زۆرە بە بیری هیچ کەسێکدا نەهاتبێت تا ئەو کاتەی خۆی ئاماژەی پێدەدات. مرۆڤەکان بە بیستنی ئەو ڕستە یان دەستەواژەی بەر گوێیان دەکەوێت، ڕژێنە هەستەوەرییەکانیان بە ئاگا دێت و ئارەزووی ئەنجامدانی کرداری باس لێکراو دەکەن.
لە دەقێکی (پەروێز هوما) دا بە ناونیشانی (سێبەری چادرە ڕووناکەکان) ٭ هاتووە؛
تکایە لێرە میز مەکە
ئەم نووسراوە نەبوایە من میزم نەدەهات
کەسیش لێرە میزی نەدەکرد...
ئەم دەقە بە دیوێکدا هەڵگری ئەو ڕوونکردنەوەیە لە سەرەوە داومە، بە دیوێکیتردا هەڵگری مانایەکە لە مێگەلبوونی کۆمەڵگە و بوون بە یاری تاک بە دەستی کەسانی سیاسی و پلە باڵاکانەوە، لە کۆمەڵگەدا کەسانی سیاسی و چینی باڵادەست، هەمیشە ئەو قسەوباسانە دەدەن بە گوێی میللەتدا کە دەیانەوێت خەڵک دوای بکەوێت، تا ماف و باسە پێویستەکانی تاک و کۆمەڵگە پشتگوێ بخرێت.. لە دێڕی کۆتایی دەقەکەش دەڵێت:
پەنای ئەم چادرە، بۆنی خوێنی پاشماوەی جەنگ دەدات (وەک بڵێی ئێرە ئەوێ نەبێت!) .
ئەم چادرەی بەهۆی جەنگەوە بووە بەماڵ و پەناگە، بەهۆی برسی بوون و پشتگوێخستنی بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان لەلایەن چینی باڵای کۆمەڵگەوە، پەنای ئەم چادرە کە دەبوایە پڕ بێت لە ژیان، بۆنی مرۆڤکوژی و مامەڵەی دڕندانە و نایەکسانی و ستەم دەدات، وەک ئەوەی ئێرە هەر لە بنەڕەتەوە شوێنی مرۆڤبوون و ژیانکردن نەبووبێت!
لە ڕابردوو تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش هەمیشە جوانی و قەد و باڵای ژن، هەوێنی شیعر و پەخشانەکانی ئەوینداری و ڕۆمانتیک بوون و هەن. ئێمە لە دوو تووێی شیعرەکانی (پێشەوا کاکەیی) دا ڕێکەوتی دەقگەلێک دەکەین کە بۆ برین و ئاریشەکانی ژنان نووسراون، نووسەر لەبری جوانییەکانی ڕەواڵەت، لە ڕۆحی ژن تێڕاماوە، وا لە خوێنەر دەکات دیوی ناوەوەی ژن ببینێت لێی ڕامێنێت و خوێندنەوە بۆ ناسۆریەکانی ژیانیان بکات..
ئەو ژنە داماوەی
سەتڵێک ئاوی لەسەر سەری ڕاگرتووە،
ئەوە نمایش نییە،
لە پشتییەوە سەیری مەکە و بچۆرە پێشی!
پێچەوانەی نالی،
سەیری قووڵاییی چاوەکانی بکە!
بزانە تەرازووی ژیانی چەند لاسەنگە!
لە دەقێکی دیکەدا دژ بە نەریتی ژن کوژی دەنووسێت..
ئێرە وڵاتی ژنە سووتێنەرەکانە
خستیانە ئەستۆی گڕی پەرەمێز، ..
لەم کۆمەڵگەدا پیاوەکان ژنەکان دەسووتێنن، بەڵام وەکوو باسکی بانان بۆی دەردەچن و هۆکاری سووتانەکەشی بە گڕی زۆپا و تەباغ و پەرەمێز دەچووێنن و پەردەپۆشی دەکەن، چونکە لە لایەک ئێمە کۆمەڵگەیەکی بیستەرین، بێ ئەوەی لە خۆمان بپرسین چۆن دەبێت و بۆ وا دەبێت، تەنیا دوای دەنگۆکان دەکەوین و باوەڕیان پێدەکەین!
لە لایەکی دیکەوە یاسا و دەسەڵاتیش ئەوەی دەوێت کە میللەت بە شتانێکەوە سەرقاڵ بن، تا ئەوان بابەتە سەرەکی و گرنگەکان بە باڵای خۆیان بیبڕن و بیدوورن!
جا لێرەدا ئەدەبیات ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت لە هۆشیاربوونی تاک، خێزان، پاشان کۆمەڵگەشدا، کاتێک شیعرێک، پەخشانێک، یان هەرکام لە ژانرەکان، لەگەڵ خوێندنەوەیاندا خوێنەر لەبەرانبەر خۆیاندا ڕادەگرن، ئەگەر باوەڕی تەواویشی بۆ درووست نەبێت کە ڕاستی ڕووداوەکان ئەوە نییە زۆرینە لێی دەدوێن و دوای دەکەون، بێ شک گومانی بۆ درووست دەبێت و لەوە بەدوا بە سانایی باوەڕیان پێ ناهێنێت.
٭ پەڕتووکی (وەڵامێک کە پرسیارەکەی دیار نییە) نووسینی: پەروێز هوما
٭ پەڕتووکی (لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی) نووسینی: پێشەوا کاکەیی [1]