مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی مستەفا سەلیمی دور لە کوردایەتیی
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
تەنیا شتێک کە پێویستە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت، درووستکردنی لێژنەیەکی پەڕڵەمانییە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئایا، مستەفا سەلیمی هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر هاتووە، بە پێی یاسا دەبوایە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت؟ ئەگەر پێشێلی یاسا کارپێکراوەکان کراوە، ئاساییشی پێنجوێن، بە بڕیاری کێ، ڕێککارە یاسایییەکانی نەگرتۆتە بەر؟ ئەوەش دەبێت لە ڕێگەی دادگاکانەوە لێپرسینەوە بکرێت. بۆ ئەمە ناکرێت؟ لەبەر ئەوەی فەلسەفەی کوردایەتیی نرخ بۆ قانون دانانێت، ئەوانەشی نوێنەرایەتیی ئەو فەلسەفەیە دەکەن، هەمیشە بنپێخستنی قانونیان کردۆتە بنەما بۆ مانەوە و پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان.
هەواڵی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و کاردانەوەکان دووبارە پیشانی داینەوە، کە وتاری ڕۆشنبیری و میدیایی کوردی چەندە پۆپۆلیستیانە و بێهێزە لە ڕوی پاساوی عەقڵانی و بابەتییەوە.
کەیسی مستەفا سەلیمی، ناکرێت تەنیا وەکوو کەیسێکی نەتەوەیی و حزبی لە ڕێگەی وتاری نەتەوەیی و حزبییەوە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بۆ بکرێت، بەڵکوو پێش هەموو شتێک کەیسێکی سیاسی و مرۆییە، کە پێویستە لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانی نێوان وڵاتان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. مافەکانی مرۆڤیش مافی گەردونین و لە ڕێگەی پەیماننامە و یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراون. پرسەکانی ڕادەستکردنەوە یاخود پێدانی مافی پەنابەریش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی یاسا نیشتمانی و دوقۆڵییەکانی نێوان دو وڵات ڕێکدەخرێن.
ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، کە قەوارەیەکی دەستووری و یاساییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق، دەبێت پێش هەموو شتێک پرسیاری ئەوە بکەین، کە ئایا ئێراق ئیمزای پابەندبوونی بە بڕگەکانی پەیماننامەی جنێڤ پەیوەست بە بەخشینی مافی پەنابەری سیاسیی کردووە؟ ئەگەر وایە، لە چوارچێوەی چ یاسایەکی نیشتمانی ڕێکیخستوە؟ ئەگەر ڕێکخراوە، یاسایەکە چۆنە و مەرجەکانی پێدانی مافی پەنابەری چین و کێ لە چ دۆخێکدا دەتوانێت داوای بکات؟ دوای ساخکردنەوەی ئەم پرسیارانە دەتوانیت بەئاسانی هەڵسەنگاندنێکی هاوسەنگ و بابەتییانە بۆ کەیسی مستەفا سەلیمی بکەین و لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵوێستی خۆمان دیاریبکەین. لە ئێراق یاسای ژمارە 51، ساڵی 1971 کە تا ئێستاش کارپێکراوە، پێدانی مافی پەنابەری سیاسی و مرۆیی ڕێکخستوە. کەواتە یاسای ئێراقی گەرەنتی پێدانی مافی پەنابەری سیاسی یان ئینسانی کردووە. ئەگەر دڵنییاین کە مستەفا سەلیمی داوای مافی پەنابەری کردووە، ئەوە پێش هەموو شتێک دەبێت داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەس و لایەنانە بکەین، کە یاسایان پێشێل کردووە و داواکەی سەلیمیان نەگایندۆتە شوێنی مەبەست، جا دامەزراوەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم یاخود حکومەتی فیدراڵیە بن، کە یاساکە لە ڕوی کارگێڕیەوە جێ بە جێ دەکەن. بەهۆی ئەوەی کە مستەفا سەلیمی پێشتر حوکمدراو بووە و لە زیندان ڕایکردووە، دەبێت دووبارە بگەڕێینەوە بۆ سەر بنەما یاسایییەکان. ئایا هیچ یاسایەکی پەیوەست بە ڕادەستکردنەوەی هەڵاتوان لە یاسا لەنێوان ئێراق یاخود هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەیە؟ ئەگەر هەیە، چۆنە و چ کەسێک، کەیسێک و حاڵەتێک دەگرێتەوە؟ دەکرێت کەسێک لە وڵاتی خۆی حوکمی لەسێدارەدانی هەبێت، ڕادەستی بکەیتەوە؟ ئەگەر ڕادەسکردنەوەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، کەواتە بۆ داوای لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەس و لایەنانە ناکەین؟ پەڕڵەمان و حکومەت و دادگامان بۆ چییە؟
ئەگەر پێمان وایە، باسکردن لە ڕەهەندی یاسایی ئەم کەیسە، خۆ-لادانە لە کرۆکی بابەتەکە یاخود مانای سادەیی و تێنەگەیشتنە لە واقیعی هەرێم و ئێراق، چونکە لە هەرێمی کورستان و ئێراق یاسا و مافەکانی مرۆڤ هیچ بایەخێکیان نییە، لەوانەیە تا ئاستێک ڕاست بکەین، بەڵام چار چییە؟ ئەی دەوڵەتداری و سیاسەتی هاوسێیەتی باش چۆن پەیڕەو دەکەیت؟ ئەی پێچەوانەکەی چۆن دەبێت؟ گریمان وڵاتییەکی غەیرە کوردی ئێراقی، لە ڕوانگەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم تاوانێک ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی لە دادگاکانی هەرێم حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، لە زیندان ڕادەکات و خۆی دەگەیێنێتە تورکیا، ئێران یان ئوردن. ئایا ئەو وڵاتانە بۆیان هەیە بەهۆی ئینتیمای نەتەوەیی و ئایینی کەسەکە داڵدە بدەن و ڕادەستی هەرێمی کوردستانی نەکەنەوە؟ ئەوکاتە هەڵوێستمان چۆن دەبێت؟ جگە لە پاساوی یاسایی چ شتێکی تر هەیە، پشتی پێ ببەستین؟ ئەوکاتەش یاساکانی ئێراق تەنیا دەروازەن، کە هەرێم دەتوانێت لە ڕێگەیەوە دوای تاوانبارەکە بکاتەوە. لەپاڵ ئەوانەشدا، دەزانین ئێران دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەکەیە و هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئێراقیش لەبەرانبەریدا لاوازن، بۆیە ئەگەر قانونێک نەبێت بۆ پاراستنی ئەو پەنابەرە سیاسیی و کەسە هەڵاتوانە، ئەوا ئێران فشارەکانی زۆر ئاسانتر دەبن.
لە ڕوی کردارییەوە ئەوە چۆنە؟ با وای دابنێن، ئاساییشی پێنجوێن مستەفا سەلیمی ڕادەست ناکاتەوە و ڕەوانەی ئاساییشی سلێمانی دەکات، لەوێش بۆ پۆلیسی سلێمانی، بۆ ئەوەی مستەفا سەلیمی داوای مافی پەنابەری پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. بە پێ یاسای کارپێکراو تەنیا حکومەتی فیدراڵی بۆی هەیە، بڕیار لە پێدانی مافی پەنابەری بدات. کەواتە لەو حاڵەتەدا هەرێمی ناچاری ئەوە دەبو، کەیسی سەلیمی ڕەوانەی بەغدا بکات. ئەگەر بەهۆی هەستی کوردایەتی ئەوەی نەکردبا، ئەوا ئێران دەست بەجێ لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی داوای ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لە هەرێمی کوردستان دەکات. سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەتوانن بە ئێران بلێن ڕادەستی ناکەینەوە و ئەوەندەش حیساب بۆ کەسە ناکەین؟ پێتوایە ئەمە بکەن؟ لە کاتێکدا لە ڕوە یاساییەوە تەنیا بەغدا بەپرسە؟ با وای دابنین هەستی کوردایەتییان زۆر بەرزە و وادەکەن. لەو حاڵەتدا ئێران نووسینگەی حکەمەتی هەرێمی کورستان لە تاران دادەخات و لە ڕێگەی باڵوێزخانەی ئێراق لە تاران داوای ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لە ئێراق دەکات. حکومەتی ئێراقیش داواکە پێشکەشی حکومەتی هەرێم دەکات. جا تۆ پێتوایە بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم چی دەبوون؟ ڕادەستی ناکەنەوە و ئەوەندە حیساب بۆ بەغداش ناکەین؟ کێمان باوەڕ بەو قسەیە دەکەین؟ حکومەتی هەرێم لە کوێی توانای ئەمەی هەیە، ململانێی دو هێز بە یەکەوە بکات؟
کەواتە ئەسڵی کێشەکە لێرەدا نە خیانەتە و نە نیشتمانپەروەرییە، بەڵکوو تەنیا نەبوونی هۆشیاری یاسایی و دانەنانی نرخە بۆ هیچ یاسایەک و نەزانینی سەنگی یاسایی و هێزی خۆمان و بەرانبەرەکانمانە.
تەنیا شتێک کە پێویستە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت، درووستکردنی لێژنەیەکی پەڕڵەمانییە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی ئایا، مستەفا سەلیمی هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر هاتووە، بە پێی یاسا دەبوایە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت؟ ئەگەر پێشێلی یاسا کارپێکراوەکان کراوە، ئاساییشی پێنجوێن، بە بڕیاری کێ، ڕێککارە یاسایییەکانی نەگرتۆتە بەر؟ ئەوەش دەبێت لە ڕێگەی دادگاکانەوە لێپرسینەوە بکرێت. بۆ ئەمە ناکرێت؟ لەبەر ئەوەی فەلسەفەی کوردایەتیی نرخ بۆ قانون دانانێت، ئەوانەشی نوێنەرایەتیی ئەو فەلسەفەیە دەکەن، هەمیشە بنپێخستنی قانونیان کردۆتە بنەما بۆ مانەوە و پاراستن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان. کاتێک ئارەزوی بزواندنی هەستی نەتەوایەتی و زمانی هەڕەشەکردن، ئەوەندە حیساب بۆ کەس ناکەین، جێگەی ژیری و لۆژێک دەگرێتەوە، بێگومان یاسا ناتوانێت سەروەر بێت، بۆ ئەوەی بە ئارەزوی خۆیان شەرەفی نیشتمانپەرەوری و تۆمەتی خیانەت دابەش بکەن و ئێمەش وەکوو وەکوو تۆپی دوگۆلی هەر جارەو بۆ لایەک هەڵبدەن.
هەر بۆیە، لیژنەیەکی پارلەمانیی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە، یان لیژنەی مافی مرۆڤی پارلەمان، دەبێ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکەن لە چوارچێوەی قانونە کارپێکراوەکانی پەیوەست بە کەیسی پەنابەری لە ئێراق. دەبێت ئەو کەموکوورتییە قانونییانەش بدۆزنەوە کە هەرێمی کوردستان و ئێراق پێویستییان بە پێشخستنی هەیە. لەوانەش گرنگتر، پێویستە پۆلیس و ئاساییش و پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور ڕاهێنان و پەروەردە ببینن لە چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران تا هۆشیاریی ئەوەیان هەبێت کە چۆن لەگەڵ کەسێکی پەنابەر مامەڵەیەکی قانونیی بکەن و مافەکانی پارێزراو بن. [1]