ناونیشانی بابەت: 48 کاتژمێر قەدەغە؛ مەترسیدارترین بڕیار
ئامادەکردن: ئاراس مەسیفی
=KTML_Bold=ئەم وتارە لە 04-04-2020 نووسراوە=KTML_End=
ڕۆژانی داهاتو دەریدەخەن کە بڕیاری لەناکاوی داخستنی نانەواخانە و دوکان و مارکێتەکان، هەڵەترین بڕیاری کاربەدەستانی حکومەت بو لە کۆی ئەو بڕیار و ڕێککارییانەی گیراونەتەوەبەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
کاردانەوەکانی هاووڵاتییان زۆر سرووشتی و چاوەڕوانکراو بوون. ئەمە لە هەر وڵاتێکی تریش بوایە، هەمان کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێدەکەوتەوە. ئەو قسانە بێمانان کە دەڵێن هاووڵاتییانی کورد بەهۆی تایبەتمەندی کولتوورییەوە، کاردانەوەی ناسرووشتی دەنوێنن، چونکە مرۆڤ لە ڕوی بایلۆژی و دەروونییەوە هەموو شتێک لەپێناو مانەوەی خۆی دەکات. کاتێک تۆ دەیخەیتە دڵەڕاوکێ نەمانی نان و خواردن، ئەو هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی بەشی پێویست لە نان و خواردن بەدەستبخات. ئەوەی سرووشتی نییە، نەبوونی توانای درککردن بە ئاکامەکانی بڕیارێکی وایە لەلایەن بڕیاربەدەستانی حکومەت. ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی گشتییەوە هەیە، دەبێت خوێندنەوە بۆ ئەنجام و ئاکامەکانی لە چەندین ڕوانگە و ڕەهەندەوە بۆ بکرێت، چونکە لێکەوتەکانی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ژیانی گشتیی.
=KTML_Bold=مەترسیی بڕیارەکە لە کوێیە؟=KTML_End=
ئەو بڕیارە وای کرد کە زۆرترین کەس لە یەک کاتدا برۆنەوە دەرەوە و بەکۆمەڵ کۆببنەوە. مەترسیی ئاکامەکانی ئەم بڕیارە ئەوەیە؛ ئەگەر پێشتر لە سەد کەس تەنیا یەک کەس هەڵگری فایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید-19) بو بێت، ئەوا ئێستا بەهۆی شەوی ڕابردووەوە ڕێژەکەی بۆ لایەنی کەم دەقات بەرز بۆتەوە. بە پێی بۆچونی پسپۆران هەرکەسێک لە دۆخی ئاسایی تا 15 کەسی تر تووشی فایرۆسی کۆرۆنا دەکات. ئەوەی دوێنی شەو ڕویدا دۆخی سەرو ئاسایی بو، چونکە خەڵک لە دۆخی ئاسایی زیاتر بەریەککەوتنیان هەبو، کەواتە ڕێژەی گواستنەوەکەش زیاترە. ئاکامەکانی ئەو بڕیارە لە دو هەفتەی داهاتو دەردەکەون، چونکە بەپێی ئەزموونی پسپۆڕان نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوای 10 تا 14 ڕۆژ لەسەر کەسەکە دەردەکەون. بیهێننە بەرچاوی خۆتان، ئەگەر لە ڕۆژانی داهاتو خوا نەکردی خۆشەویسترین کەستان نەخۆش کەوت. کاتێک دەچنە نەخۆشخانە دەبینن، بۆ هەر جێگایەکی چارەسەریی نەخۆش زیاتر لە پێنج نەخۆش لەوێن و چاوەڕێی چارەسەرن. لێرەدا دەبێت کادرانی نەخۆسخانەکان بڕیار بدەن، جێگە بەتاڵەکە بۆ کێ دەبێت و کێش ناتوانرێنت چارەسەری چڕ وەربگرێت، لەبەر ئەوەی جێگەی بەتاڵ و کادری پێویست نییە. ئەمە نەک تەنیا کادیرانی تەندرووستنی دەخاتە ژێر بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و دۆخێکی دەروونیی شپرزە، بەڵکوو کەسوکاری نەخۆشە چارەسەرنەکراوەکانیش دەخاتە دۆخێکی ئەوەندە سەخت، کە ئاکامەکانی نازانرێت چی و چۆن دەبێت. ئەو یەکێکە لەو سیناریۆیە مەترسیدارانەی کە لە زۆربەی وڵاتان ئامادەکاری ڕاستەقینەی بۆ کراوە و دەکرێت. لە ئەڵمانیا بۆ نموونە لە هەر نەخۆشخانەیەک لیژنەیەک لە دکتۆرانی پسپۆر درووستکراوە، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەولەویەتی چارەسەریی بۆ نەخۆشەکان بدەن. بڕیارەکەش لەسەر بنەمای ئەوە دەدرێت کە کام نەخۆش ئەگەرەکانی چاکبوونەوەی لە وانی تر زیاتر بێت، ئەولەویەتی چارەسەر بۆ ئەو بێت. لە هەرێمی کوردستان ئەمە لە بەر دو هۆکار سەرناگرێت، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی دکتۆرەکان پێشینەی نەخۆشەکانیان لە لا نییە تا بڕیاری درووستی لەسەر بدەن، کە کێ ئەگەری چاکبوونەوەی زیاترە، بەڵکوو بڕیارەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی کێ لای کام بەرپرس و کام حزب دەستی دەڕوات یان چەکی بەدەستە، کە ئەوەش وادەکات مەترسیەکە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسیش وەربگرێت.
=KTML_Bold=حکومەت بۆ ناتوانێت درک بە ئاکامەکانی بڕیارەکانی بکات؟=KTML_End=
نەبوونی توانای حکومەت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاکامەکانی بڕیارەکان بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنمەوە. یەکەم، نەبوونی هیچ ناوەندێک یان پەىمانگایەکی تۆژینەوەی پسپۆر کە لەسەر بنەمای زانیاری و داتای درووست و ئەزموونی وڵاتان ڕاوێژی درووست بداتە بڕیاربەدەستان. دوەم، بێتوانایی ڕاوێژکارانی حکومی لە درککردن و تێگەیشتن لە قوڵی و ڕەهەندەکانی ئاکامەکانی بڕیارەکان. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە زۆربەی ڕاوێژکارەکانی حکومەت لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت دامەزراون، نەک لەسەر بنەمای پسپۆریی بوارەکانی خۆیان. ئەگەر لە کارەکەیان دەربکرێن، لەوانەیە زۆربەیان نەتوانن لە هیچ شوێن و بوارێک کار بدۆزنەوە، چونکە جگە لە پێداهەڵدانی بەرپرسان و حزبایەتی هیچی تر نازانن.
سێیەم، لەدەستدانی هەستی هاوسۆزی یاخۆد هاوهەستکردنە لای بڕیاربەدەستانی حکومەت. هاوهەستکردن، کە لە زاراوەی ئینگلیزی (empathy) وەرمگرتووە بە مانای ئەوە دێت، کە کەسێک لە دۆخێکی دیاریکراو توانای ئەوەی هەبێت، خۆی بخاتە شوێنی کەسێکی تر و و بەپێی هەلومەرج و پێدراوەکانی ئەو کەسە هەمانی هەستەکانی ئەو هەست پێبکات. هۆکاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە بڕیاربەدەستانی حکومەت خۆیان لە شاروچکە و گرد و گوندە سەردەمییەکان قایمکردووە و هیچ پەیوەندیی و تێکەڵاویان لەگەڵ هاووڵاتییانی ئاسایی و خەمەکانیان نەماوە. ئەوان کە خۆیان هیچ کێشەیەکی ماددییان نییە و هەموو پێداویستی خواردن و ژیانیان لە ڕێگەی خزمەتکارەکانیان بۆ دێتە ماڵەوە، بێگومان ناتوانن هەست بە ترس و نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان بکەن. ئەگەر ئەو کەسانەی کە بڕیارەکەیان داوە، کەمترین توانای هاوهەستکردنیان هەبوایە، دەبوایە ئاکامەکانیان لەبەر چاوان بوایە، چونکە ئەم کاردانەوەیە سرووشتیترین خەسڵەتی مرۆڤە، کاتێک هەست دەکات خواردن و ژیانی لە مەترسییە. [1]