ناونیشانی بابەت: ئایا دیاردەی خۆبەکەمزانین دیاردەیەکی کولتوورییە؟
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
دیاریدەی خۆبەکەمزانین یان خۆبەگەورەترزانینی تاکەکان بەرانبەر یەکتر دیاردەیەکی بڵاوی ناو هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتییە، کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بە چەندین جۆر و شێوە خۆی دەنوێنێت. دەروونی مرۆڤ پێکهاتەیەکی زۆر ئاڵۆزە و بوونی گرێی جوراوجۆری دەروونی لای مرۆڤ شتێکی نائاسایی و شەرمهێنەر نییە، بەڵکوو بەشێکی ئاسایی پێکهاتەی دەروونیی مرۆڤە. هەموو مرۆڤێک بە هۆکارەکانی پێکهاتەی بایۆلۆژی و جەستەیی، ژینگەی پەروەردەیی و ڕووداوە کاریگەرەکانی ژیانی بەشی خۆی گرێ دەروونی بۆ درووستدەبێت. ئەمە کاتێک دەبێتە کێشە کە گرێکە بە هەر هۆکارێک بێت، ئاڵۆزتر دەبێت، بەمەش نەک تەنیا کەسەکە، بەڵکوو کۆمەڵگەش گرفتار دەکات.
دەروونناسی نەمساوی ئەلفرێد ئادلەر بوونی ئاڵۆزی گرێی دەروونی تەنیا بە زیان بەخش نابینێت، بە بۆچونی ئەو گرێیی دەروونی دەتوانێت زۆر جار بۆ کەسەکە و کۆمەڵگەش بە کەڵک بگەڕێتەوە. ئەو بۆچونی وایە، کە فەزڵی گەورەی بەشێکی سەرکەوتن و پێشکەوتنە مەزنەکانی مرۆڤایەتی بۆ کەسانی خاوەن کێشەی ئاڵۆزبوونی گرێی دەروونی خۆبەکەمزانین دەگەڕێتەوە، چونکە کەسانی خاوەن ئەم کێشەیە هەمیشە لە ڕێگەی هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتن و دەستەڵات هەوڵی قەرەبوکردنەوەی هەستکردن بەبچوکینینی خۆیان دەدەنەوە. ئاڵۆزبوونی گرێی دەروونی و هەستی خۆبەکەمزانین بەتەنیا بەس نییە بۆ سەرکەوتن یانیش گەیشتن بە دەستەڵات، ئەگەر کەسەکە بەهرەیەکی سرووشتی سەروئاسایی نەبێت. بە هەمان شێوە مەرجیش نییە کە هەموو کەسێکی سەرکەوتو یان دەستەڵاتدار، دەبێت کێشەی ئاڵۆزبوونی گڕێی دەروونی هەبێت.
دەرهاوێشتەکانی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی خۆیان لە لەدەستدانی هاوسەنگی لە تێگەیشن و هەڵسەنگاندنی خود و دەوروبەر بەرجەستە دەکەن و کاریگەریی ڕاستەخۆ لەسەر دەربڕینی هەستی ڕۆژانەی کەسەکان دادەنێت. هەموو مرۆڤێکی ئاسایی بەشی خۆی پێویستی بە دەربرنی هەستە بنەڕەتییەکانی وەکوو ترس، گومان، متمانە، خۆشەویستی و ڕق هەڵگرتن هتد هەیە، بەڵام کاتێک کەسێک کۆنتڕۆڵی هاوسەنگی لە دەربڕینی هەستەکان لەدەستدەدات و هەموو شتێک بەڕەهایی یان نزیک لە ڕەهایی دەبینێت، ئەوە دەکرێت وەکوو ئاماژەیەک بۆ بوونی ئالۆزیی گرێ دەروونی بخوێنرێتەوە. ئەمانە دەکرێت لە ڕێگەی دەڕبرین و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیان بناسرێنەوە. بۆ نموونە هەوڵی زەقی سەرنجراکێشانی دەوروبەر، هەوڵی زەقی بەدەستهێنانی ئیعجابی دەوروبەر، متمانەبەخۆبوونی یان بەخۆنەبوونی لەرادەبەدەر لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی کەسانی خاوەن ئەم کێشەیەن، کە لە زۆر حاڵەتدا سەردەکێشت بۆ نارسیزم. ئەوانەی دەتوانن لە ڕێگەی سەرکەوتنی کەسیی لە بوارەکانی ئابووری و زانستی، هونەری، فەرهەنگی و خوێندن و ڕۆشنبیری تۆمار بکەن، دەتوانن لەو ڕێگەیەوە تا ئاستێک قەرەبوی ناهاوسەنگی هەستەکانیان بکەنەوە. کێشەی زۆربەی ئەم کەسانە بەڵام ئەوەیە، کە هەمىشە پێویستیان بە سەکۆیەکە کە تیایدا خۆیان نمایش بکەن، سەرەنج ڕاکێشان و ئیعجابی ڕادەبەدەری دەورەبەر ڕابکێشن. ئەمە ناودەنێن کۆمەڵەی یەکەم. کۆمەڵەی دوەم ئەو کەسانەن، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی گەیشتن و پەىڕەوکردنی ڕاستەوخۆی دەستەڵات، قەرەبوی هەستەکانیان بدەنەوە. بەهۆی جیاوازی توانا و بەهرەی کەسەکان لەلایەک و پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە لایەکی تر، هەر کەسە و بە پێی ئاستێک دەچێتە ناو تۆری پەیوەندییەکانی دەستەڵات. ڕویداوە و ڕودەدا کە کەسێکی کۆمەڵەی یەکەم بە سوودوەرگرتن لە سەرکەوتویی لە بوارەکەی خۆی، پێگەی خۆی بگوازێتەوە بۆ ناو کایەکانی دەستەڵات. تۆری پەیوەندییەکانی دەستەڵات هەموو ئەو شوێنەنانە دەگرێتەوە کە دەستەڵات تیایدا پەىڕەودەکرێت، جا قوتابخانە، زانکو، فەرمانگەیەکی ئاسایی، حزب، کۆمپانیا، ڕێکخراو، پارلەمان یان مزگەوت بێت. خەسڵەتە دیارەکانی ئەو کەسانە ئەوەیە، کە هەمىشە گوێڕایەڵی و سەرنجی ڕەهای خوارەوەی خۆیان دەوێت و گوێڕایەڵی ڕەهای سەروی خۆیانن. ناتوانن هیچ هاوسەنگییەک لەنێوان هەستەکانی وەکوو ترس و گومان و متمانە هتد ڕابگرن، هەمیشە لە ترس و گومانی بەردەوامدان بەرانبەر دەوروبەر، متمانە بە هیچ شتێک و کەسێک ناکەن. هەمیشە پشتراستکردنەوەی دەرووبەریان دەوێت. بەهای خۆیان لە بەهای دەستەڵات و پێگەکەیان وەردەگرن. بچوکترین دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ نماییشکردن و پشاندانی دەستەڵات. کاتێک ئەم کەسانە هەست بە مەترسی لەدەستانی سەرنجراکێشان و ئیعجابی دەوروبەر یاخود دەستەڵات دەکەن، دەکەونە دۆخی دڵەراوکێی بەردەوام، بەشێکی کەمیان گرفتاری کێشەی نامۆبوونی کۆمەڵایەتی دەبن، بەڵام بەشە زۆرەکەیان گڕێی دەروونیەکانیان بەتەواوی ئاڵۆز دەبێت، بەو هۆیەش بە بچوکترین ڕەخنە و تێبینی بریندار دەبن و ڕقێکی قوڵ هەڵدەگرن، کە وەکوو ژەهر دەرخواردی کۆمەڵگە و کایەی گشتیی دەدەن، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ کلتوور.
=KTML_Bold=ئایا ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە کلتوورەوە هەیە؟=KTML_End=
پێش ئەوەی بچینە سەر ڕۆڵی کلتوور، پیویستە ئاماژە بە بۆچونی زانایانی دەروونناسی بکەینەوە کە درووستبوونی هەستی خۆبەکەمزانین پێش هەموو شتێک دەگەڕێننەوە بۆ گرێیە سەرەتایییەکانی سەردەمی منداڵیی، کە تێیدا منداڵ بەهۆی ئەوەی هەمیشە چاوی لە دەستی گەورەکانە، یارمەتیی و پشتگیری بکەن، هەستی خۆبەبچوک یان کەمبینینی بەرانبەر گەورەکان بۆ درووستدەبێت. ڵەبەر ئەمەش دامەزراوەی خێزان و دەوروبەری کۆمەڵایەتی وەکوو یەکەم وێستگەی پەروەردەیی ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە خاوکردنەوەی یان زیاتر ئاڵۆزکردنی گرێ دەروونییەکان. وەکوو پپێویستییەکی باسەکە بە تیشکخستنە سەر ڕوڵی کلتوور لەسەر پەروەردەی منداڵییەوە دەستپێدەکەین.
بۆچونێکی باو هەیە کە پێیوایە کلتوور لە هەر یەکێک لە وێستگەکانی پەرەوەردەی منداڵ تا تەمەنی لاوێتی ڕۆلێکی ناوەندی دەگێرێت، چونکە هەموو هەڵسوکەتێک و ڕێنمایی پەیوەست بە سزا و پاداشت، ڕێپێدراو و قەدەغەکانەوە هتد بە ناوی کلتوورەوە پاساودەدرێت و ڕەوایەتییان پێدەدرێت. بەڵام ئەو بۆچونە تەنیا کاتێک درووستە، کە تێگەیشتن و تێروانینمان بۆ کلتوور زۆر تەسک بێت و کلتوور وەکوو سیستەمێکی ئەوتۆنۆمی تەواو و گشتگیر و نەگۆڕ و بەروی کلتوورەکانی تردا داخراو پێناسە بکەین. لە ئێستادا هیچ کلتوورێکی داخراو بە ڕوی دەرەوە نییە، واتە سیستەمە کولتوورییەکان هەمیشە لە گۆڕانکاریی بەردەوامن، بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری هەر کۆمەڵگەیەک، باوەڕ و ڕەگەز و ئامراز و کۆدەکانی خۆی دەگونجێنێتەوە، بەو هۆیەشەوە هەر کلتوورێک بۆ هەر بابەتێک دەکرێت لە یەک کات و شوێندا چەندین ڕێگەی جیاوازی پەروەردە و ڕێپیشاندان و چارەسەری هەبێت، دەکەوێتەوە سەر کەسەکان کام لە ڕێگەکان هەڵدەبژێرن.
لەو ڕوانگەیەوە هیچ کلتوورێک هیچ دایک و باوکێک ناچار ناکات لە پێدانی سۆز و خۆشەویشتی، بەکارهێنانی توندوتیژی و سەرکوتکاری، سزا و پاداشت، هاندان و شکاندنەوە، پێزانین یان نەزانینی سەرکەوتنەکانی منداڵەکانیان، کەمتەرخەمی یان زیادەرۆیی بکەن، ئەوە زیاتر پەیوەستە بە باری دەروونی و ئاستی هۆشیاری دایک و باوک، نەک کلتوور خۆی. لە خوێندنگە و زانکۆکانیش بە هەمان شێوە، کلتوور هیچ مامۆستایەک ناچار ناکات، بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست توندوتێژ یان نەرم بێت لەگەڵ قوتابی و خوێندکار. هەڵسوکەوتی مامۆستاکە پێش هەموشتێک ڕەنگدانەوەی باری دەروونی و ئاستی هۆشیاری خۆیەتی، ئەگەر باری دەروونی مامۆستایەک خۆی هاوسەنگ بێت، ئەوە دەتوانێت سەرەرای کەموکورییەکانی سیستەمی پەرەوەردە و خوێندن، باشترین و هاوسەنگترین نموونە پێشکەش بە فێرخوازەکان بکات. ڕۆڵی کلتوور لە خۆیدا بۆ سەر درووستکردنی بنەماکانی کەسایەتی تاک مەرجدارە، بەو واتایەی ئەوەی ڕۆڵی گەورە دەگێرێت بەشێکی وتاری کولتوورییە، کە ئەویش تەنیا بەشێکە لە کلتوور نەک کلتوور هەموی. وتارەکانی کولتووری ڕۆلێکی سەرەکی دەبینن لە پێدان و دانانی بەها و مانا بە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و ئاکار و ڕەوشت و کردەوەکان. کاتێک تاکێک بە هۆکاری ناتەندرووستی پەروەردەییی خێزانی و قوتابخانە گرێی دەروونی بڕوابەخۆبوونی بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت، دەکەوێتەوە سەر وتارەکانی کولتووری ڕۆژانە کە تا چەند گرێکان ئالۆزتر دەکەن یان خاویان دەکاتەوە.
وتاری کولتووری خۆی لە وتاری ڕۆژانەی کایەکانی ژیانی گشتی وێنەدەکات. بەهۆی گەیشتنیان بە زۆرترین کەس، لە ئێستادا کایەکانی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئایینی گرنگترین کایەکانی بەرهەمهێنانی وتاری کولتوورین لە هەرێمی کوردستان. هەر یەکێک لەو کایانە بە لۆژیک و پاڵنەری جیاواز تێگەیشتن و بینینی خۆیان بۆ پرسە کولتوورییەکان بەیان دەکەن و لە ڕێگەیەوە مانا و بەها دەبەخشنە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و ئاکار و ڕەوشت و کردەوەکانی تاک و کۆمەڵگە. لە سەکۆیەکانیان بە پێی هۆشیاری و تێگەیشتن و بەرژەوەندییەکانیان پێناسەی سەرکەوتن و شکست، باش و خراپ، ماف و ئەرک، بەسوود و بێسوود، پێشکەوتو و دواکەتو هتد بۆ تاک و گرووپەکانی ناو کۆمەڵگە دەکەن.
ئەگەر بۆ نموونە لە کایەی سیاسییەوە دەستپێبکەین، دەتوانین بە چەند نموونەیەکی زیندوی ڕۆژانە ئاماژە بە دەرکەوتەکانی ئەم دیاردەیە بکەین. کاتێک بەرپرسێکی سیاسی، جا لە بەرەی حوکمڕان بێت یان ئۆپۆزیسیۆن، کۆمەڵگە دابەشی سەر دو بەرەی ڕەهای قوربانی و جەللاد، باش و خراپ، گەندەڵ و پاک، نیشتمانپەروەر و گێرەشێوێن هتد دابەشدەکات، ئەوە هەمان شت دەکات، کە مەلایەکی مزگەوتێک دەیکات، کاتێک کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕەها بەسەر باش و خراپ، بەڕەوشت و بەدڕەوشت، ئیماندار و کافر هتد. دابەشدەکات. کاتێک ڕۆشنبیرێکی کورد، بچوکترین ڕووداوی ڕۆژ یان قسەی بەرپرسێک یان مەلایەک دەکاتە بەهانە، بۆ ئەوەی هەستی خۆبەکەمزانینی خۆی بەسەر کلتوور و کۆمەڵگەدا بەتاڵ بکاتەوە و مۆری دواکەوتویی بەسەر کولتووری کوردییدا دەدات، ئەوە بێ هیچ گۆمانێک خاڵە لێکچوەکانی زیاترە لە خاڵە جیاوازەکانی لەگەڵ بەرپرس و مەلای ئاماژەپێدراو، بە لایەنی کەمەوە ئەوەی پەیوەندی بە هەستی خۆبەکەمزانینەوە هەیە. کاتێک وتاری میدیای دەبێتە چەقی گواستنەوەی ئەم وتارە ناهاوسەنگە، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ئەوانیش نەک نەیانتوانیوە جیاوازبن لەوان، بەڵکوو بوونەتە تەواوکەرێکی ترسناکی ئەم وتارە.
کاریگەریی ڕاستەخۆی ئەم وتارە کاتێک پەلدەهاوێتە ناو کۆمەڵگە، کە تاک و گرووپەکان دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی ئەم لۆژیکە ناهاوسەنگە و لە ژیانی ڕۆژانەیان بە هەمان دوانەی ڕەهای باش و خراپ، مانا و بەهای ڕەها بە ڕەفتار و کردارەکانی خۆیان و دەوروبەر دەبەخشن. ئەنجامی ئەم لۆژیکەش بۆ سەر کەسانێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە، کە لە منداڵییەوە تۆوی لەدەستدانی هاوسەنگیی هەستەکانیان تێدا چێندراوە خۆی لە دەربڕینی هەستەکانی وەکوو ترس و متمانە و خۆشەویستی و ڕقهەڵگرتن هتد بە شێوەیەکی ڕەها بەرجەستە دەکاتەوە. ئەمەش وێنەیەکی درۆیینەی شێواو سەبارەت بە خود و دەورەبەر و کۆی پرس و بابەتەکانی ژیانی گشتی بەرهەمدەهێنێت. هەر ڕەخنە و دیدێکی پێچەوانەی ئەم وێنە چەسپاوانە بەرەو ڕوی سەخترین دژایەتی دەبێتەوە، کە لە جوێندان و سووکایەتی ێکردن و بریندارکردنی هەستەکان بەرانبەر یەکتر ڕەنگدەداتەوە.
وتاری هەستبزوێنی ناهاوسەنگ تەنیا خۆی لەوە بەرجەستە ناکات کە مەترسی ئەوەی هەیە ببێتەوە هۆکارێکی بەهێزی بەرهەمهێنانەوە و، کاتێک کەسانێک لەناو دامەزراوەکانی خێزان و پەروەردە، بە هۆکاری گرێی دەروونی و ناهۆشیاری خۆیان و بەسوودوەرگرتن لە پاساوەکانی ئەم وتارە نەوەیەکی تری خاوەن گرێی دەروونیی ئاڵۆز پێدەگەیێننەوە، بەڵکوو تێگەیشتنی تاک و کۆمەلگەش بۆ شوناسی کولتووری دەشێوێنێت. نموونەی ئەمەش لە کاتی بەیەکگەیشتنی تاکێکی کۆمەڵگەی کوردییە بە تاکی کۆمڵگەیەکی تر. کەم نین ئەو کوردانەی لە دۆخی بەیەکگەیشتنی کولتووری، هاوسەنگی خۆیان لەدەستدەدەن، بەوەی یان کولتووری بەرانبەر بەتەواوی ڕەتدەکەنەوە، جا بەناوی نەتەوەپەرستی یان ئایینی بێت، یانیش لە کولتووری خۆیان بەتەواوی هەڵدەگەرێنەوە، بەبەهانەی پێشکەوتنی خۆیان و دواکەوتویی کۆمەلگەی خۆیان. ئەمانەش بە هەمان شێوە لەژێر هەژمونی وتاری کولتووری ئاماژەپێکراودا، توانای هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی هاوسەنگ و عەقڵانییان لەدەستداوە. لێرەدا بە شێوەیەکی ڕون دەردەکەوێت، کە هۆکاری ئەم دیاردەیە کلتوور خۆی نییە، بەڵکوو تەنیا وتارێکی دیاریکراوی کولتوورییە.
کلتوور توانای ئەوەی هەیە لە ڕێگەی وتارێکی هاوسەنگ و بابەتی نەک تەنیا زۆرێک لە کێشەکان دەستنیشان بکات، بەڵکوو زۆر جارىش چارەسەری گونجاو پێشنیار بکات. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، کە ئەگەر وایە بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە کە وتارێکی هاوسەنگی کولتووریی لە کایەکانی سیاسیی و ڕۆشنبیریی و ئایینیی پێشبخرێت؟ لە ڕاستیدا، لەپاڵ وتاری ناهاوسەنگی هەستبزوێنەر، وتارێکی ئەقڵانی و بابەتییانە هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی هەستکردن بە بۆشایی وتارێکی هاوسەنگ و بابەتی ئەوەیە کە وتاری هاوسەنگ و بابەتی بەهۆی سرووشتەکەیەوە هەڵپەی خۆنماییشکردنی پاڵەوانانە و درووستکردنی فەوزای میدیایی نییە. وتاری هاوسەنگ هەمیشە تۆرێکی باشی خوێنەری خۆشی هەیە، بەڵام خوێنەراکانیش بە هەمان شێوە هیچ پێویستییەکیان بە فەوزا و نماییشی میدیای نییە. [1]