$سەدر لە لایەک و هێزەکانی دیکەی شیعە لە لایەکەی دیکە$
#یاسین تەها محەمەد#
#17-11-2021#
چوار هاوپەیمانێتی سەرەکی شیعە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی 2021 بەشداربوون، سەدر و مالیکی، حەکیم _ عەبادی و عامری و خەزعەلی، سەرۆکایەتی ئەم جەمسەرە جیاوازانەی هەڵبژاردنیان دەکرد کە هەریەک هەڵگری دروشمێکی تایبەت و خاوەن وتارێکی جیابوون، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان 24 کاژێر پاش پڕۆسەکە، لە گۆڕەپانی شیعیدا سەدر بەتەنیا کەوتە لایەک و سێ جەمسەرەکەی دیکە و هەندێک وردە هێز لەلاکەی دیکە لەژێر ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گردبوونەوە. ئەم دەستەگەرییە نوێیە بەکۆمەڵەی شیعە لە ماڵی مالیکی دەستیان بەچالاکی کرد دژی ئەنجامە ڕاگەیەنراوەکان، چونکە 73 کورسی بەخشی بە سەدر، لەبەرانبەریشدا کورسییەکانی ئەوانی بەڕێژەیەکی بەرچاو پاشەکشە پێکرد، جگە لە هاوپەیمانییەکەی نووری مالیکی. ڕکابەرەکانی سەدر باس لەوە دەکەن چوارچێوەکەی ئەوان دەرهاویشتەی هەڵبژاردن نییە و پێشتر بناخەی دانراوە و سەدرییەکان خۆیان لێی کشاونەتەوە، بەڵام لێدوان و چالاکییەکانیان ئەوە دەردەخات خاڵی کۆکەرەوەی ئەو بەرە شیعە لە ناواخندا ناکۆکە، تەنیا کۆت و بەندکردنی سەدر و بەتاڵکردنەوەی یەکەم بوونەکەیەتی، ئەگەرنا لیستەکەی مالیکی براوەیە و دووەم بووە (35 کورسی) ، مانای چییە لەبری ئاهەنگ لەگەڵ ئەواندا شینی کورسی دەکات؟!
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروشمی ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەڵگرتووە، بەڵام زۆرجار باس لەوەش کراوە بکرێتە هاوپەیمانییەکی سیاسی، هەندێک جاریش هەڕەشەی ئەوەیان پێکردووە، کورسییە کۆکراوەکانی لایەنەکانی زیاتر یان هاوتا یاخود شتێک کەمترە لە کورسییەکانی سەدر، بەم هۆیەشەوە دەتوانن زۆرینە درووست بکەن، ئەمەش هەڵگری پەیامێکە کە بەگوێرەی تەفسیری دادگای فیدراڵی بۆ گەورەترین لیست، دەتوانن هەمان سیناریۆی لادانی عەلاوی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی 2010 بەسەر سەدریشدا دووبارە بکەنەوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە بارودۆخی سەر زەوی، سەدر عەلاوی نییە، وەک ئەویش پشتی چۆڵ و دەست و پێی سپی نییە، جگە لەوەی خاوەن جەماوەریترین ڕەوتی سیاسی و عەقیدەیی شیعەیە، مێزەری ڕەشیشی لەسەرە و کوڕی سەدری دووەم و لەمانەش کاریگەرتر و ترسناکتر خاوەن هەزاران چەکدارە، چ ئەوانەی سرایا السلام بن یان ئەوانەی سوپای مەهدی و لیوای الیوم الموعود. لێکدانەوە و بەڵگەی زۆریشی ناوێت کە لادانی سەدر بە زۆرینەیەکی درووستکراوی فرەچەشن، هاوتایە لەگەڵ یاریکردن بەئاگر و دەرگاکردنەوەیە بۆ بشێوییەکی گەورە لە شەقامی شیعی کە جگە لەخرۆشانی جەماوەری ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی چەک و چەکداریشی لە ناواخندایە.
ڕکابەرەکانی سەدر ناتوانن براوەی یەکەم پاڵ بنێن بۆ سەر کورسی یەدەگ و ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە توانایاندا هەیە نەهێڵن قۆناغی داهاتوو سەدریی پەتی بێت، وەک ئەوەی موقتەدا بانگەشەی بۆ دەکرد، لەدوای ئەوەش دەرگای ناکۆکییە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەوێتە سەرپشت چونکە لەم تێکەڵە سەیرەدا هێزەکانی دەوڵەت کە حەکیم و عەبادین لەگەڵ هێزەکانی لادولة کە خەزعەلی و حیزبوڵڵا و عامرین بەشێوەی کاتی پێکەوەن، لەلایەکیترەوە مالیکی تەنیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی بەرانبەر سەدر چووەتە ئەو بەرەی هەڵبژاردنیان پێ تەزویرە، هیچ لەو هێزانەشی لەگەڵیدان ئەویان بەسەرکردە و ڕێبەری بێ ڕکابەر پێ قبووڵ نییە بەتایبەت عەبادی و حەکیم و پەیوەندییەکانیشی زۆر لەگەڵ خەزعەلی زۆرباش نییە.
نەیارانی سەدر بیرۆکەی سەیر سەیریان دزەپێکردووە بۆ تەمومژ درووستکردن لەسەر پێشەنگ بوونی لیستەکەی، لەوانەش زیادکردنی کورسی بۆ دۆڕاوەکان و قەرەبووکردنەوەیان کە ئەمە هەنگاوێکی بێ پێشینەیە لە مێژووی دیموکراسی، یان پێشنیارکردنی دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان بەپێی هاوکێشەی چەک و ئامادەیی لە شەقامی شیعە و ئێراقدا. هەروەها، ئەژمارکردنی ژمارەی دەنگی بەدەستهاتوو نەک ئەوانەی بوونەتە کورسی پەڕڵەمانی، لەدەرەوەی ئەم سێ بژاردەیەش زاراوەی تەوافوق و حکومەتی یەکێتی نیشتمانی ئامادەییەکی بەهێزی هەیە کە دژی حکومەتی زۆرینەی سیاسییە کە سەدر بەخۆی دووجار جەختی لێکردووەتەوە، جارێکیش لە ڕێگای وتاربێژەکانی نوێژی جومعەوە لە مزگەوتەکانی بانگەشەی بۆ کردووە.
تاکبوونەوەی سەدر برینێکی قووڵ هەڵدەداتەوە کە چیرۆک و بەسەرهاتی باوکییەتی، ئەویش تا کۆتایی ژیانی لەلایەن ڕێبەرە ئایینییەکانی شیعەی ئێراق و ئێرانەوە هەوڵی کەنارخستن و گۆشەگیرکردنی دەدرا، کاتێکیش ئەبو قاسمی خوئی مەرجەعی باڵای پێشووی شیعە کۆچی دوایی کرد (1992) ، سەدری باوک زۆر داوای کرد بچێتە جێگاکەی بەڵام کەس بەقسەی نەکرد لە کاتێکدا جێگرەوەی بەهێز لە گۆڕەپاندا نەبوو، ناچار هاوتەرتیب لەگەڵ جێگرەوەکانی خوئیدا کە سەبزەواری و سیستانی بوون، ئەمیش بناخەی مەرجەعیەتی جەماوەرییانەی خۆی بەناوی الحوزة الناطقة دانا و هەتا لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی (مستەفا و موئەمەل) تیرۆر کرا (1999) لەگەڵ حەوزەی تەقلیدیی نەجەف و لەگەڵ ڕێبەرایەتی خامنەیی و بنەماڵەی حەکیم و سەرجەم بنەماڵە ئایینییە ناسراوە موعتەبەرەکانی دیکەدا لە کێبەرکێ و ناکۆکی و هەوڵی خۆ سەلماندندا بوو، ئەم گرێ و توڕەییەشی بۆ کوڕەکەی موقتەدا بەمیرات بەجێهێشت.
لەو مانگ و چەند ڕۆژەی بەسەر هەڵبژاردنی 10ی تشریندا گوزەری کردووە، موقتەدا سەدر دانی زۆری بەخۆیدا گرتووە، وەڵامی توند و زبری گەلەکۆمەی شیعەکانی نەداوەتەوە، سەردانی حەکیمی کرد کە لە ناڕازییەکانە، هەینی ڕابردووتر کاتێک لەبەغدابوو، لایەنگرانی حەشد پەلاماری ناوچەی سەوزیان دا و خوێنڕشتنی تێکەوت، بەڵام سەدر بەتوڕەیی گەڕایەوە بۆ نەجەف و پەنای بۆ چەکی شەقامی خۆی نەبرد کە باشتر لە هێزەکانی ڕکابەری دەتوانێت ئاڕاستەیان بکات، بەڵام سەرجەم پێدراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەپاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان و نەمانی هیچ مەترسییەک لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، چی دیکە نۆرەی ئەوە کارتی خۆی فڕێ بدات و لەم میانەیەشدا هەر لە ئێستاوە بە ڕاگەیاندنی دەرگا کردنەوە بۆ دامەزراندنی شوێنکەوتەکانی ڕکابەرەکانی تووشی دڵەخورتێ و چاوەڕوانی کردووە لە هەنگاوەکانی داهاتووی.
[1]