$هەوڵی خۆکۆکردنەوەی عەرەبی سوننە لە ئێراق$
#یاسین تەها محەمەد#
#14-12-2021#
بەگۆڕینی ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانیی عەزم لە 14 کورسی بۆ 32 کورسی پەڕڵەمانی. نەخشەی سیاسیی عەرەبی سوننە بۆ خولی پێنجەمی پەڕڵەمانی ئێراق گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هات. ئێستا لەبری کۆمەڵێک وردە هێز و لیستی بچووک؛ تەنیا دوو جەمسەر لە گۆڕەپانەکەدان: هاوپەیمانیی تەقەدومی، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەڕڵەمان کە بە 37 کورسییەوە یەکەمی سوننەکان و دووەمی ئێراقە، لەگەڵ هاوپەیمانیی عەزمی خەمیس خەنجەر، کە پێیوایە لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی کورسییەکانی ڕکابەرەکەی تێدەپەڕێنی و بۆ نزیکەی 40 کورسی بەرز دەبێتەوە. ئەویش پاش ئەوەی لیستەکانی ئەبومازن لە سەڵاحەدین، عەرەبی کەرکووک، هەندێ پەڕڵەمانتاری عەقدی فالح فەییاز و کوتلەی حەسم چوونە ڕێزەکانییەوە. لەبەرئەوەی هەردوو هاوپەیمانییە سونییەکە هاتوونەتە ئاستێکی نزیک لە ژمارەی کورسی و ژمارەی دەنگ و لەخۆگرتنی کەسایەتی کاریگەر، جیاوازییەکەیان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆست و بەرکەوتەکانی پێکهاتەی عەرەبی سوننە بایەخی زۆری نەماوە و لەوانەیە ئەمەش پاڵیان بدات تاوەکوو زیاتر هەوڵی سازان و پێکهاتن بدەن.
لەڕاستیدا، خۆکۆکردنەوەی عەرەبی سوننە کە هاندەرەکەی هەوڵی درووستکردنی کاریگەریی و گەورەکردنی لیستەکانە لە سەردەمێکدا مۆدی بانگەشەی حکومەتی زۆرینەیە لەگەڵ نێوانگری دەرەوە و گوشاری جەماوەرەکەیان کە بەڕواڵەت هەنگاوی باشی بڕیوە، لەدەرەوە ئەنقەرە پشتیووانی زۆری دەکات و لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی کۆمار ئامادەیی دەربڕیوە گرەنتی پابەندیی لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەی بکات. #هەولێر#یش دەرگای واڵاکردووە بۆ یارمەتیدانیان لەوەی کە لێک نزیک ببنەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە پەراوێزی دیداری بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمدا لە گفتوگۆی کراوەدا بوون، بەڵام هێشتا ئەم پڕۆسەیە زۆر مسۆگەر و یەکلایی نییە، ئەویش بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و کۆسپانەی لە 18 ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەم پێکهاتەیە درووستبوون، یەکێک لە کێشەکانی عەرەبی سوننە، نەبوونی ڕێبەر و سیاسەتڤانی گوێلێگرە کە بتوانی زۆرینە کۆبکاتەوە، ئەمەش بە کورسی پەڕڵەمان، سیاسی و وەزیری ڕێبوار درووست نابێت. لە چوار خوولی ڕابردووشدا چەند کەسایەتییەک شۆفێری پاسی گەیشتنی سوننەکان بوون بۆ دامەزراوە باڵاکانی بەغدا کە ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە وەک: عەدنان دلێمی. خەلەف علەیان و هاشمی.
هەردوو جەمسەرە نوێیەکەی عەرەبی سوننە (حەلبووسی - خەنجەر) لەسەر کۆمەڵێک داواکاری و بنەما پێکهاتوون، بەڵام هێشتا ماویانە ڕووبەڕووی شەیتانی وردەکاری ببنەوە، لەلایەک پێکهاتەکانی هاوپەیمانییەکەیان فرەجۆر و جەنجاڵن، لە لایەکەی دیکەش هێشتا نەچوونەتە ناو گفتوگۆی ورد و جیدی لەبارەی پۆست و بەرکەوتەکان، چونکە هێشتا خۆیان لە گۆڕانکاریدان و بەرانبەرەکانیشیان کە شیعەکانن و خاوەن خوانی پێکهێنانی حکومەتن لە بازنەیەکی ناڕووندا دەخولێنەوە. پێشتریش عەزم لە (بەرەی هاوئاهەنگی شیعە) وە نزیکبوون و حەلبووسی مەیلی سەدری هەبوو، بەڵام هۆشداری ئێران و هەستیاری قۆناخەکە نەیهێشت هیچ لایەکیان بچنە یەکێک لەبەرەکانی شیعەوە.
هەرچەندە، سوننەکان هەوڵدەدەن یەکگرتوو بن بەڵام دابەشبوونە سیاسی، خێڵەکی و ناوچەییەکان لەتیان دەکات. لەبارەی پەیوەندی و مامەڵکردنیش لەگەڵ ئێران، تورکیا و وڵاتانی کەنداو هەڵوێستیان ناجۆرە و زۆرجار دژیەکیی تێدەکەوێت. ئەمەش سێبەری لەسەر پەیوەندی هێزە سیاسییەکانیان لەگەڵ هێزە شیعییەکان داناوە. ئێستا بڕیاردان ئەوەیە هاوشێوەی کورد، هیچ لایەکی شیعە سەرنەخەن بەسەر لاکەی دیکەدا، بەتایبەت لەو کێبڕکێ تووندەی کەوتووەتە نێوان سەدر و بەرەی هاوئاهەنگی شیعە لەدەرەوەی کارتێکەرە سیاسی و کاریگەرییە ناوچەییەکان (موسڵ- دیالە- سەڵاحەدین - ئەنبار)، سوننەکان دابەشبوونی ئیسلامی و عەلمانیشیان هەیە، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت لەم خوولەی پەڕڵەمان حیزبی ئیسلامی کە یەکێک لە دێرینترین حیزبە سیاسییەکانی ئێراقیشە لە گۆڕەپانەکەدا ماڵئاویی کرد و، هاوشێوەی لیستی نوجێفییەکانی موسڵ، هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا، لەکاتێکدا لەسەردەمی هاشمی، جێگری سەرۆککومار و لەسەردەمی سامەڕایی سەرۆکی پەڕڵەمانیان بەدەستەوەبوو.
جگە لەدابەشبوونەکانیش هێشتا سوننەکان کۆک و هاوڕانین کە داواکاری سەرەکی ئەوان چییە. ناوبەناو باس لە چوارچێوەی ئێراقی فیدڕاڵ لە هەرێمی تایبەت دەکەن، بەڵام کۆک نین کە پایتەختەکەی و سنوورەکەی کوێ بێت و ناچار دەچنەوە سەر بژاردەی هەرێمی نەینەوا یان ئەنبار کە ئەمەش گوزارشت لە خواستێکی دەستەجەمعی ناکات و ڤیتۆی سەختی شیعەکانیش ڕێگە بە بەدیهاتنی هیچ یەک لەو پرۆژانەش نادات.
قۆناخی داهاتووی بنەماکانی کاری هاوبەشی هێزە سوننەکان بەچەند تەوەرەیەک پێکهێنانی لەسەر کراوە، کە دیارترینیان بریتییە لە بەشداری ڕاستەقینە لەدەسەڵاتی بەغدا، ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانەکان، گێرانەوەی ئاوارەکان، ئاشکراکردنی بێسەروشوێنەکان و سزادانی بکوژ و بەرپرسیار لەدیارنەمانیان.
ئەگەرچی هەموو ئەوانەش خواست و پێداویستی گرنگی قۆناخەکەن، بەڵام هێشتا ناگەنە ئاستی داڕشتنی دیدگایەکی ستراتیژی بۆ عەرەبی سوننە لە چوارچێوەی ئێراق کە ئاخۆ ئەوان لەگەڵ سێنتراڵیزمدان یان لەگەڵ بەشکردنی دەسەڵاتدان. ئایا دەگەڕێنەوە بۆ داواکاری هەرێمەکان یان هەوڵدەدەن ببنە بەشدار لە حکومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەت کە زانیارییە بەردەستەکان باس لەوە دەکەن لەکۆی هەشت دەزگای ئەمنی هەستیار لە ئێراق هیچ فەرماندەیەکی باڵای سوننە ڕۆڵی تێیاندا نییە، لە سەرجەم #وەزارەتی ناوخۆ#شدا هیچ بەڕێوەبەرێکی گشتی لەم پێکهاتەیە نییە و، هەتاوەکوو لە پەیکەری دەوڵەتی نوێی ئێراق وردتر ببیتەوە بۆ سوننە و، هەروەها بۆ کوردیش جیاکارییەکە زەقە.
لە کۆتاییدا، ئەگەری زۆرە خەمیس خەنجەر (عەزم) و محەمەد حەلبووسی (تەقەدوم) زیاتر نزیک ببنەوە. سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان و پۆستی جێگری سەرۆککۆماریش لەنێوان خۆیاندا بەشبکەن، بەتایبەت کە خەنجەر حەزی لە پۆستی تەشەریفاتییە، بەڵام ئەوکات دەکەونە بەر مەترسی جیابوونەوە و دابەشبوونی هاوپەیمانییەکەیان. لەوبارەشەوە پێدراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەندێک لەوانەی لەدەوری خەنجەر کۆبوونەتەوە، بەهیوای سەرۆکایەتیی پەڕڵەمانن (مەشهەدانی، خالید عوبەیدی) ، هەروەها هەندێک لەوانەشی لەدەوری محەمەد حەلبووسین ئەگەر نەبێتەوە بە سەرۆکی پەڕڵەمان بەئەگەری زۆرەوە بڵاوەی لێدەکەن. ئەوکاتیش مەترسی ئەوە هەیە نوێنەرە سوننەکان بگەڕێنەوە بۆسەر باری پێشوویان کە فراکسیۆن و پێکهاتەی جۆراوجۆرە. لەو کاتەشدا، لەوانەیە هێزە شیعەکان ئاڕاستەیان بکەن و، لەگەڵ بەرژەوەندییە کاتییەکانی پۆست، پارە، بۆند و کۆمێنشنی پڕۆژەکان و بەهەمانشێوەی جاران لە خواست و داواکارییە سەرەکییەکانی بنکەی ژێرەوەی جەماوەرەکەیان دووربکەونەوە. لەم ڕۆژانەشدا هەوڵی کەسایەتییە کاریگەرییەکانی سوننە لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی ڕێگرتن لەو سیناریۆ دووبارە بووە. [1]