ناونیشانی بابەت: سۆشیالیزم و کاپیتاڵیزمی کۆرۆنا
ئامادەکردن: #ئارام قادر کۆکۆیی#
ئێستا کە پەتای کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، سەڕەڕای ئەو پەستانەی لەسەر هەموو سیستەمە تەندرووستییەکان درووستیکردووە، هیچ سیستەمێک دەستەوەستان نەبووە لە هەوڵ و کۆش بۆکۆنترۆڵکردنی و چارەسەرکردنی تووشبوان. لە کوردستان لە بەر ڕۆشنایی ئەو هەوڵانەی لە میدیا جیهانییەکانەوە دەبیسترێت، باسوخواسی هەندێ لە نووسەران و ڕۆشنبیران لەسەر ئەوەیە ئایا چ سیستەمێکی حکومڕانی کارایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە تەندرووستییە. لە نووسینەکان و گفتوگۆکانیشیاندا پشتگیرییەکی زۆر و لایەنگری و داکۆکیکردن بۆ ئەو دەوڵەتانەی سیستەمی حکومڕانییان لەسەر بیری سۆشیالیستە هەستیپێدەکرێت، و ئەوانەشی کە سیستەمەکەیان کاپیتاڵیستە ڕووبەڕووی سوککردن و ڕەخنەگرتن بوونەتەوە. ئەم لایەنگری و داکۆکیکردن لە حکومڕانی لەسەر بنەمای سۆشیالیزمە بەبێ شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی ورد تەنیا بەهۆی سەرسامیانەوەیە بەو ڕاپۆرت و هەواڵ و نمونانەی کە لە میدیاکانەوە دەخرێنە ڕوو و نموونەکانیش:
- چین کە حکومڕانی تێدا تاک-حیزبییە و حیزبەکەش پارتی کۆمیۆنیستی چینە، سیستەمەکەی بانگەشەی ئەوە دەکات لەسەر بنەمای سۆشیاڵیزم بێت و ”سەرکەوتوو بووە” لە کۆنتڕوڵکردنی پەتاکەدا و بە پێی ئەو داتایانی حکومەتی چین بڵاویدەکاتەوە تا ڕادەیەک بە سەریدا زاڵبووە و ژمارەی تووشبوان لە چین بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بە بەراورد بە ئەمریکا.
- ئەمریکا کە حکومڕانی تێدا لەسەر بیری کاپیتاڵیزمە، هەرچەندە ئەمریکا سەدان پرۆگرامی پاراستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی هەیە وەک سۆشیاڵ سیکیوریتی Social Security، و تا هەنوکە زۆرترین ژمارەی تووشبوو و ڕێژەیەکی زۆر گیانلەدەستان تێیدا تۆمار کراوە، و وا دەردەکەوێت حکومەت و دەستەڵادارانی ئەمریکی تا ڕادەیەک کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لە دەست دەرچوبێت وپێیان کۆنترۆل نەکرێت.
=KTML_Bold=بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە:=KTML_End=
- تا هەنوکە گومان لەوە هەیە کە چین توانیبیتی ئەم پەتایە کۆنترۆڵ بکات، هەر لە سەرەتاشەوە حکومەتی چین کە ئازادی ڕادەربڕین و سەربەستی تێدا سنووردارە، هەوڵی پەردەپۆشکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکەی دەدا و لەو ڕووەشەوە چەندان ڕۆژنامەنووس و دکتۆر ڕاپێچی دادگا و زیندانی کران. ئەو داتایانەی کە بڵاو دەکرێنەوە لە بارەی ژمارەی تووشبوان و هۆکارەکانی مردن لەلایەن چینەوە داتایەکی باوەڕ پێکراو نین. جگە لەوەش بە گشتی تەواوی ئەو داتایانەی کە حکومەتی چین بڵاوی دەکاتەوە نیشانەی پرسیاری لەسەرە، چونکە هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات وێنەیەکی جوانی حکومڕانییەکەی نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات، چونکە چین تۆمەتبارە بە مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ مەلەفەکانی مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوایەتی و ئایینییەکان و مافی کرێکاران کە هەندیکیان نزیکەی 12 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار دەکەن، و تەنانەت پیسکردنی ژینگەش.
- لەبەرانبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژانە ئامارێکی زۆری نەخۆش و مردن بەم ڤایرۆسە بڵاودەکاتەوە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پەتاکە کۆنتڕۆڵ ناکرێت، بەڵکوو بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە تووشبوو لو هەواڵەکاندا پەیوەندی بە دوو فاکتەرەوە هەیە؛ یەکەم، Freedom of information act واتە یاسای ئازادی خستنەڕووی زانیارییەکان لە ئەمریکا، ئەم یاسایە حکومەتی فیدڕالی پابەنددەکات بە خستنەڕووی تەواوی داتاکان بۆ بەرچاوی ڕای گشتی، بەم شێوەیە حکومەت ناچارە تەواوی ئەو داتا پزیشکییانە بەبی گۆڕانکاری بۆ بەرچاوڕوونی بڵاوبکاتەوە، دووەم، پشکنینی گشتی Aggressive Testing هاووڵاتییەکی زۆری ئەو وڵاتە پشکنینیان بۆ دەکرێت، و ئەوانەی هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن نیشانەکانی پەتاکەیان تێدا دەرنەکوەتووە بە پۆزەتیڤ و تووشبوو هەژمار دەکرێن، ئەمەش هۆکاری ئەو ژمارە قەبەیەیە کە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە. دڵنیام ئەگەر لە کوردستانیش ڕێکارێکی وەها بگیرێتە بەر و ئامێری پشکنینی ڤایرۆسەکە دەستەبەر بکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە ئێستە بەردەستە.
لە کۆتاییدائەوە ئەوە سیستەمی حکومڕانی سۆشیالیزمی نییە کە کارایە لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە تەندرووستییەکاندا، و ئەوش سیستەمی کاپیتاڵیزمی نییە کە دەستەوەستانە لەبەرانبەر ئەو قەیرانەدا. بەڵکوو بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی پەتاکە پەیوەندی بەو کلتوورەوە هەیە کە ئەم دوو سیستەمە خوڵقاندوویانە. لە سیستەمی سۆشیالیزمیدا حکومەت بەر بە هەندێ لە سەربەستی و جوڵەی تاکەکانی کۆمەڵگە دەگرێت و لە جێ ئەوان بڕیاردەدات. لەبەرانبەردا حکومەتێک کە لەسەر بنەمای بیری کاپیتاڵیزم حکومداری کۆمەڵگە دەکات لەو کۆمەڵگەیەدا تاکەکان سەربەخۆ و سەربەستن لە جوڵە و ئازادی ڕادەڕبرین، و هیچ بەربەست و یاسایەک نییە کە ڕێگر بێت لە قرتیسکردنی تاکەکان لە کونجی ماڵەوە لە بەر ئەوە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتاکە زیاترە لەو کۆمەڵگەیانەدا، .
مەبەستی من لەم نووسینە پیا هەڵدان نییە بە سیستەمێک کە لە سە بنەمای بیری کاپیتاڵیزمی بنیات نرابێت و بە دێوەزمەکردنی سیستەمی سۆشیالیزمی. بەڵکوو بە کوورتی دەمەوێت بڵێم نە سۆشیالیزم ئەو یۆتۆپیایەیە هەموان خەونی پێوەدەبینین نە کاپیتاڵیزمیش ئەو دیوە ڕوخینەرەیە کە دەیەوێت جیهانی ئەمڕۆ لە بەر بەرژەوەندی چینێکی کەمینە لەناوببات. [1]