ناونیشانی بابەت: کە پارلەمانی کوردستان جینۆسایدی کوردی بە یاسا نەناساندوە بۆچی فەڕەنسا بیناسێنێ؟
ئامادەکردن: #ئاوارە حسێن#
=KTML_Bold=ئەم وتارە لە 22-11-2021 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە=KTML_End=
بە یاسا دانپێدانانی جینۆساید پرسێکی گرنگ و جێ بایەخی تەواوی هەموو ئەو گرووپە جینۆسایدکراوانەیە کە لە قۆناغێکی مێژوودا جینۆسایدکراون، چونکە ئەوان لەوە گەیشتوون تاوەکوو بە یاسا جینۆسایدەکەیان دانیپێدا نەنرێت ئەوا ئەو گەرەنتییە یاساییە وەرناگرن کە جارێکی تر جینۆساید نەکرێنەوە. لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەندەی من ئاگاداربم تا ئێستا لە (48) دەوڵەتی دنیادا هەریەک لە جینۆسایدەکانی جو (هۆلۆکۆست) ، ئەرمەنییەکان و ڕواندا بە یاسا دانیانپێدانراوە، بە مانایەکی تر گەر بێتو هاووڵاتی هەریەک لەو دەوڵەتانە نکوڵی بکات لە ڕوودانی ئەو جینۆسایدانە، یان ڕەواییان پێبدات یان پاساو بهێنێتەوە بە قسەی ڕقئامێز جا بە زارەکی بێت یان بە نووسین، وێنە، تابلۆ، گۆرانی یان بە هەر ڕێگایەکی تر ئەوا نکوڵی، ڕەوایدان و پاساوهێنانەوەکەیان تاوانە و ڕوبەڕوی سزای دارایی و بەندکردن دەبنەوە. گرنگییەکە لێرەدا ئەوەیە گەر گرووپێک ئەو گەرەنتییە یاساییەی بەدەستهێنابێت کە بە بە نووسین یان زارەکی ڕەوایدان بە جینۆسایدەکەی تاوان بێت، ئیتر چۆن جینۆسایدی فیزیکی دەکرێتەوە؟
بە تەنیا ڕواندا بە نموونە وەردەگرین، بەگوێرەی ”یاسای قەدەغەکردن و سزادانی ئایدۆلۆژیای جینۆساید”ی ڕواندا هەڕەشەکردن، قسەی شکۆشکێن، بەڵگە یان کرداری هاندەر بۆ ڕق و جەنگ، پێکەنین و گاڵتەکردن بە بەدبەختی کەسێک، هەستی خراپ درووستکردن و تۆڵەکردنەوە و گۆڕینی گەواهی و بەڵگە بە مەبەستی ئەنجامدانی جینۆساید، کوشتن، پیلاندانان بۆ کوشتن، هەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێک، قسەو بەڵگەو هەرکردارێکی تر بە مەبەستی لەناوبردن یان هاندانی کەسانی تر بۆ لەناوبردن لەسەر بنەمای گرووپی ڕەگەزیی، نەتەوایەتی، ناوچەیی، ڕەنگ، پێکهاتەی جەستەیی، ڕەگەز، زمان، ئایین و بیروڕای سیاسی جا لە کاتی ئاسایدا ئەنجامبدرێت یان لە کاتی جەنگدا، ئەوا ئەم کردارانە تاوانەو تاوانکار سزادەدرێت بە زیندانیکردن لە دە ساڵەوە تا بیست و پێنج ساڵ و سزادانی دارایی لە دوو سەد هەزارەوە تا یەک ملیۆن فرانکی ڕواندایی.
ڕواندا کە یەکێک لە سامناکترین جینۆسایدەکانی تێدا ئەنجامدرا و تەنانەت توتسییەکان لە مرۆڤخران و هاوسەرگیرکردن و تێکەڵاویی کۆمەڵایەتیش لەگەڵیاندا قەدەغەکراو یەک ملیۆن لە توتسییەکان لەلایەن هوتووەکانەوە جینۆسایدکران. بەچی هەستانەوە و تێکەڵبوونەوە و ئاشتەواییان گەڕاندەوە، بە یاسای جینۆساید و سەرکردەیەکی ژیر، ئاشتیخواز و مرۆڤ پەروەری وەک پاول کاگەیم.
ئەوەی بابەتی ئەم وتارەیە بە یاسا دانپێدانانی جینۆسایدی کوردە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڵام پێش ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ هەنگاوەکانی بڕیبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر ئەو دانپێدانە بەدەستبهێنین. ئەوەی بەلای ئێمەوە جێی بایەخ و گرنگییەو بە ئەرک و کاری پەڕڵەمانی کوردستانی دەزانین و لە سایەی دەسەڵاتیدایە بریتییە لە دەرچوواندنی (یاسای قەدەغەکردنی جینۆساید و دانپێدانانی) ، بەڵام تا ئێستا لای لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی پەڕڵەمانی کوردستان جێ بایەخ و گرنگی نییە.
لە خولی چوارەمی پەڕڵەمانی کوردستاندا لەگەڵ چەند دڵسۆزێکی پرسی جینۆساید هەوڵماندا و ئەو پەیامەمان گەیاندە پەڕڵەمان کە ئەو یاسایە دەرچوێنن، بەڵام بە بیانوی (داننان بە جینۆساید پێش ئەوەی کاری پەڕڵەمان بێت کاری دادگای تایبەتمەندە) یاساکەیان دەرنەچواند.
ڕۆژی (14/6/2021) لەسەر بانگهێشتی پەڕڵەمان میوانی پەڕڵەمانی کوردستان بوین بۆ خستنەڕووی بۆچونی یاسایمان سەبارەت بە پڕۆژە یاسای (دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان) کە لە کاتژمێر دەی بەیانی تا چواری پاش نیوەڕۆی خایاند و بە درێژایی ئەو شەش کاتژمێرە بەڕێز سەرۆکی پەڕڵەمان و ڕاوێژکارە یاساییەکانی پەڕڵەمان ئامادەبوون و تەنیا گوێیان بۆ ئێمە گرتبوو، کاتێک کاتی من دەستی پێ کرد، پێشنیاری دەرچوواندنی ئەو یاسایەم بۆ سەرۆکی پەڕڵەمان کرد، و پێم ڕاگەیاند گەر لەم خولەدا تەنیا ئەم یاسایە دەربکەن وەک یاسا ئەوا بەسە.
ڕۆژی (4/11/2021) لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانانی سیاسی بانگهێشتیانکردم بۆ ئەوەی بۆچونی خۆمیان پێشکەش بکەم سەبارەت بەوەی بە چی ڕێگایەک جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت. لەوێدا سێ ڕێگام خستەڕوو، یەکێک لەو ڕێگایەنە کە گرنگترین ڕێگایە دەرکردنی یاسایەکە لە پەڕڵەمانی کوردستان. لیژنەکە بەڵێنیاندا کە بە گرنگییەوە ئیشی لەسەر بکەن.
پاش ئەوەی ماوەیەکی درێژ تێدەپەڕێت کە چوار کەیسی جینۆسایدی کورد (ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانییەکان، کوردانی فەیلی) لە دادگای باڵای تاوانکاری ئێراقی بە جینۆساید ناسراون و ئەو هەوڵانەی کە دڵسۆزانی ئەم پرس و یاسایە داویانە لەپێناو دەرچوواندنی ئەو یاسایەدا کە چی تا ئێستا یاساکە دەرنەچووە. سەرەڕای ئەوەش لە دواین هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد فەرەنسا بوو، پاش ئەوەی پەڕڵەمانی فەرەنسا پرسی جینۆسایدی کوردی نەناساند، ئەو هەواڵە لە میدیای کوردیدا بوو بە مانشێت لە کاتێکدا دەبوو شەرم بکەن و هەر باسیشی نەکەن، چونکە ناکرێت پەڕڵەمانی کوردستان یاساکەی دەرنەکردبێت، تەنانەت بابەتی دانیشتنێکی پەڕڵەمانیش نەبوبێت کەچی ڕودارانە ئەو هەواڵە بڵاوبکرێتەوە، دەبوو پێش ئەوەی ڕەخنە بێت لە فەرەنسا ڕەخنە و سەرزەنشتی بڕیاربەدەستانی کورد و پەڕڵەمانەکەی بکەن.
لە ساڵی (2017) لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەتەوە جینۆسایدکراوەکان بەشداربووم و لە کاتی پێشکەشکردنی توێژینەوەکەمدا داوام لە ئامادەبوان کرد کە کاربکەن بۆ ئەوەی لە پەڕڵەمانەکانیان بە یاسا جینۆسایدی کورد بناسێنن، ترسی ئەوەم هەبوو بەشداربوویەک بڵێت کاتێک پەڕڵەمانی هەرێمەکەی خۆت ئەو یاساییەی نییە، چۆن داوای وەها هەوڵێک لە ئێمە دەکەیت؟
ئەو یاسایەی کە ئێمە داوای دەکەین بۆ کوردستان و تا ئێستا نیمانەو هەبوونی بە گرنگ دەزانین، دەبوو لە ساڵی (1992) و لە یەکەم خولی پەڕڵەمانی کوردستاندا دەربکرایا، نەک ئێستا. بەڵام نەک یاساکە دەرنەکرا بەڵکوو ئەوکات بەرەی کوردستانی بڕیاری بەخشینی تۆمەتبارانی جینۆسایدی کورد (جاش و موستەشارەکان) ی دەرکرد و پاراستنی، بەبێ ئەوەی بڕیاری بەخشین لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە لەچوارچێوەی ماف و دەسەڵاتەکانی بەرەی کوردستانیدا بێت.
دەبوو ئەوکات بە یاسایەک دانبنرایا بە جینۆسایدی کورد وەک تاوانێکی ویژدان هەژێنی جیهانیی، دەبوو نکوڵیکردن لە جینۆسایدی کورد یان پاساوهێنانەوە و ڕەوایدان بە جینۆسایدی کورد و سووکایەتی و جنێو بە مێژووی شکۆ و برینەکانی کورد و قوربانیانی جینۆساید بە تاوان دانرایا، دەبوو هاندان و هەوڵدان و پیلاندانان بۆ شەڕی کورد کوژی تاوان بوایا، دەبوو وە دەبێت ڕەوایدان بە هێرش، ئۆپەراسیۆن و بۆمبارانکردنی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە وەک تاوان بناسرێت و هیچ بەرپرسێکی کورد توانای ئەوە نەبێت وەها هەڵەو تاوانێک ئەنجامبدات.
نەبوونی یاساکە زیانی زۆری لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاشتبوونەوەی هەقیقی نێوان کورد داوە، ئێمەی کورد لە هەمووان زیاتر پێویستمان بە ئاشتی و ژیانیکی دوور لە جەنگ هەیە، هێشتاش جینۆسایدکردنەوەمان بەردەوامە لە پێش و داهاتوومانە نەک ڕابردوومان و ئازارەکانمان نەگەیاندووەتە ویژدانی گشتی و برینی جینۆسایدەکانمان پیشانی ئەنجامدەرانی تاوانەکان نەداوەو نەبوینەتە بینراو. [1]