ناونیشانی بابەت: حیزبەکان شوێنپێی مەلا مستەفای بارزانیی دەکەون
ئامادەکردن: #دیاری خالید#
لە دوایین کۆنگرەیان لە 23-25ی کانونی یەکەمی 2019، شەش برا لە سێ بنەماڵەی دەسەڵاتداری #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی. لە هەمانکاتیشدا ئەو بنەماڵانە، چەندین کەسی بەشی سەربازیی و هەواڵگریی نزیک لە خۆیان بۆ ئەو ئەنجوومەنە سەرخستوە و بەتەواوی جومگە هەستیارەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە. کۆنگرەکەی یەکێتیی بەتەواوی ئەوەی یەکلاییکردەوە ئەو حیزبە دژی ئەو بنەما و پرەنسیپانە کاردەکات کە لەسەری دامەزرا. هەروەها، ئەو حیزبانەی کە دژی دەستەڵاتی بنەماڵەیی هەرێمی کوردستان دامەزران، دواتر خۆیان بوونە حیزبی بنەماڵە و خێزان. لە مەلا مستەفای بارزانییەوە تا بزووتنەوەی گۆڕان، ئەزموونی سیاسیی بە بەردەوامیی خۆی دووبارەدەکاتەوە. هەرچەندە حیزبەکان لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە ئاڕاستەیەکی پێشکەوتنخوازانە پێشدەخەن، بەڵام حیزبەکان و سەرکردایەتییەکەیان ڕۆژ-دوای-رۆژ دەگەڕێنەوە سەر ڕیشەی کۆنەپارێزانە و ناسیۆنالیستانەی ڕوت.
=KTML_Bold=مەلا مستەفا بارزانی؛ باوکی بەخێزانیکردنی حیزبی کوردیی=KTML_End=
#مەلا مستەفا بارزانی# (1903-1979) یەکەم سەرکردەی کوردییە لە باشووری کوردستاندا کە بناغەکانی حیزبی بنەماڵەیی چەسپاند. بارزانی چونکە لە هێڵێکی عەشیرەتگەرییەوە حیزبایەتیی و سیاسەتی دەستپێکردبو، باشتریش لەو هێڵە دەیتوانی پێشبکەوێت چونکە دونیابینییە عەشیرەتگەرییەکەی نامۆ بوو بە بنەما مۆدێرنەکانی حیزبایەتیی.
بە بنەماڵەیی-کردنی حیزبی کوردیی لە باشووری کوردستان لەسەردەستی بارزانیی بوو بەو پێیەی یەکەم سەرکردەی کوردە کە کوڕەکانی بردە هەرەمی دەستەڵات و دواتریش هەموو دەستەڵاتەکانی پێسپاردن. مەلا مستەفا، کە ماوەی 12 ساڵ لە دورەوە سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان# - ئێراق بوو، دوای گەڕاندنەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت (26-11-1958) ، بۆ یەکەمجار لە نزیکەوە دەبێتە سەرۆکی ئەو حیزبە. بەڵام جۆری ڕەفتار و سیاسەتکردنی بۆ سەرکردەکانی حیزبەکەی نامۆ دەبێت. بەهۆی زۆرینەی سەرکردەکان کە بە “باڵی مەکتەبی سیاسیی” و دواتریش بە “جەلالیی” ناسرابوون (کرێس کۆچێرا- بزووتنەوەی کوردی) لە توێژێکی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە بوون، بەپێچەوانەوە بارزانی و هاوڕێکانی کە بە “مەلایی”ناویان دەبرا، زیاتر ویستی عەشیرەتگەری و دەستەڵاتی خێڵ-یان هەبو. لەمەوە ساڵی 1961کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لە 1964 مەلا مستەفای بارزانیی هێز دەنێرێتە سەر باڵی مەکتەب سیاسی و لە ساڵی 1966 دابەشبوونێکی گەورە درووست دەبێت. ئەوان بوونە دوو باڵ و دوو ئاڕاستەی جیاواز. لەو ڕۆژەوە، دوو ئاڕاستەی سیاسیی جیاواز لە باشووری کوردستان سیاسەت دەکەن، بەڵام کێشەی ئاڕاستەی دووەم کە سەرەتا ئاراستەیەکی چەپی پێشکەوتنخواز بوو، ئەوەیە نەیتوانی لەسەر ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت و لە بزووتنەوەی گۆڕاندا، دوای یەکێتیی، جارێکی تر چۆکی دادا بەرانبەر ئاراستەی یەکەم کە ئاراستەیەکی کۆنزەرڤاتیڤە، یان عەشیرەتگەریی بنەماڵەیییە. کێشە بنەڕەتییەکانی باڵی مەکتەبی سیاسیی بە سەرۆکایەتیی جەلال تاڵەبانی و باڵی مەلا مستەفا بۆ یەکتر قبووڵ نەکردن و هەژمونی دەستەڵاتیان بوو بەسەر ئەوی دیکە. بارزانی بە زمانیکی تەنزئامێز تاڵەبانی و هاوڕێکانی بە “مامۆستا” ناودەبرد، ئەمەش هێمایەک بوو بۆ بێدەستەڵاتی و بێ متمانەیان لە ناوخەڵکدا ئەو کات خەڵک زیاتر متمانەی بە بارزانی بوو (هەژار-چێشتی مجێوەر) . لە هەمان کات تاڵەبانی و هاوڕێکانی بارزانیان بە تاکڕە ناودەبرد (نەوشیروان مستەفا-لەدانوبەوە) .
تاکڕەوی و بڕیاری سەربەخۆیییانەی بارزانی بۆ چەند لایەنێک دەگەڕایەوە؛ بارزانی سیاسەتی بە پێی میزاج و بیرکردنەوەی خۆی دەکرد و زیاتر بە پێی بنەما کۆمەڵایەتییەکان دانووستانی دەکرد. ئەو بەڕێکەوت هاتبوە ناو سیاسەت و کەسێکی نەفەس درێژ و دیبلۆماسی نەبو. داواکارییەکانی زۆر ناوچەیی و لۆکاڵیی بوون. بەهۆی پەیوەندییە ژێربەژێرەکانی مەکتەبی سیاسییش لەگەڵ ڕژێمی پێشووی ئێراق، بە هیچ جۆرێک متمانەی پێیان نەبو. ئەو ترسی ئەوەشی هەبوو کە کودەتایەکی بەسەردابکەن و لە پەلوپۆی بخەن. بۆیە خۆسەرییانە سیاسەتی دەکرد و پۆستە هەستیار و ئەمنییەکانی دایە دەستی کوڕەلاوەکانی، وەک هەر میر و سەرۆک عەشیرەتێکی دیکەی کوردیی. سەرۆکی ئێستای پارتیی مەسعود بارزانیی کردە بەرپرسی پاراستن و مەلەفی دانووستانی کورد و حکومەتی ئێراقی دایە دەست ئیدریس بارزانی. ئەمەش بووە هۆی بەتەواوی لێکترازانی هەردو باڵەکە و مەلا مستافا و کوڕەکانی دەستیان گرت بەسەر پارتییدا. کاتێک بارزانیی باوک لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی کردووە، بێ چەند و چۆن مەسعود بارزانی کوڕی دەبێتە سەرۆکی ئەو حیزبە. ئەوەش لە کاتێکدا بوو چەندین سەرکردەی دیار و لێهاتو لەناو پارتییداهەبوون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
لە دامەزراندنییەوە، پارتی جێگەی هیوای گەلی کورد بوو نەک هەر لە باشووری کوردستان بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش. یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندیی لە 16-8-1946، بەرگریکردن لە مافی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخکارییەکانی دەستەڵاتی شاهانەی ئێراق بوو کە هەموو دەستەڵاتەکان لای یەک بنەماڵە بوو، واتا خودی پارتییش دژی بنەماڵەیی دەستەڵاتدارێتیی بوو.
پارتی بەو ئومێدەوە زۆرینەی دەنگە جیاوازەکانی ئەو کاتی کۆکردەوە، بەڵام دواتر ئەو حیزبە دەبێتە میراتگری ئەو نەیارەی کە لە دژی دامەزراو هەموو دەستەڵاتەکان لای بنەماڵە و خێزانێک کۆکرایەوە. بەبنەماڵەییکردنی پارتیی ساڵ لە دوای ساڵ بەهێزتر بووە، ئەمەش بە جۆرێک لە ئێستادا بنەماڵەی بارزانیی بڕیاربەدەستی هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 10 کەسی ئەو بنەماڵە پۆستی هەستیار و باڵایەن قۆرخکردووە لە دیارترینیان پۆستی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، ئاژانسی پاراستن و چەندینی دیکە. سەرەڕای ئەوانە، نەوەی چوارەم گەیشتووەتە دەستەڵات. بۆیە ئەو ترسەی کە تاڵەبانی و هاوڕێکانی لە بیرکردنەوەی مەلا مستافایان هەبو، بەزیادەوە هاتە دی. بەڵام خودی تاڵەبانی کە یەکێتیی لەگەڵ هاوڕێکانی دامەزراند، شوێن پێکانی بارزانی هەڵگرتەوە و =KTML_Bold=حیزبەکەی کردە حیزبێکی بنەماڵە.
یەکێتی، لە چەپێکی ڕادیکاڵەوە بۆ دەستەڵاتی بنەماڵەکان=KTML_End=
ساڵی 1976 جەلال تاڵەبانی (1933-2017) و شەش لە هاوڕێ نزیکەکانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند. تا مردنی، تاڵەبانیی پڕاگماتیستانە دەستەڵاتێکی تاکڕەوییانەی لەناو حیزبەکەیدا پیادە کرد. یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی دامەزراندنی یەکێتیی، لێدان بوو لە دەستەڵاتی بنەماڵە و تاکڕەوەی و خەباتکردن بۆ چینە بێدەستەڵاتەکانی کۆمەڵگە و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی. بەوەش تا ڕادەیەکی باش لە پارتیی جیاواز بوو، ئێستاش ئەو لە چیرۆکی سیاسییاندا ئەو جیاوازییە بەزەقیی دەردەکەوێت. بەو پێیەی سەرکردە یەکەمەکانی ئەو حیزبە لە دیارترینیان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئەمین لە سەرەتاوە لەژیر تەوژمی چەپی مارکسی-لینینیزم بوون و تاڵەبانی بەتەواوی کەوتبوە ژێر کاریگەی بیری ماویزم کە هەریەک لەو ئایدیا چەپانە مکوڕی لەسەر پێداگری مافی کرێکار و بەشخوراوان دەکردەوە و تاڵەبانی و حیزبەکەی لەوێوە ڕمەکانیان ئاڕاستەی پارتی دەکرد و بەحیزبی بنەماڵە و کۆنەپەرست ناویان دەبرد (نەوشیروان پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) .
لە دوای چەند ساڵێکی کەم لە دامەزراندنی یەکێتیی، ویستی تاکڕەوی لای تاڵەبانی درووستبو، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکە چاوپۆشیی لە تاکڕەوییەکەی دەکرا، لە ناوخۆی ئەو حیزبەشدا هێند دابەشبوون هەبوو کە ئاسان نەبوو دەستەڵاتی تاڵەبانیی بلەرزێنرێت. لە دوای ڕزگارکردنی باشووری کوردستان لە دەستی ڕژێمی بەعس، نەوشیروان مستەفا جێگری سکرتێری گشتی ئەو کاتی یەکێتیی، هەوڵیدا سیستمی دەستەڵاتی حیزبیی و حکومیی بە دامەزراوە بکرێت. بەڵام کەسە نزیکەکانی تاڵەبانی خۆشحاڵ نەبوون بە کارەکانی نەوشیروان و مەیلی بە میلیشیاکردنی هێزی پێشمەرگەیان هەبوو کە دواتر بوونە دەنگی زۆری یەکێتیی. لەمەوە ناکۆکییەکانی تاڵەبانیی و نەوشیروان دەستیانپێکرد. کاتێک تاڵەبانی دەبێتە سەرۆک کۆماری ئێراق 2005، دەست لە پۆستی سکرتێری حیزبەکەی بەرنادات و پۆست بەسەر کوڕ و هاوسەر و برازا و کەسە نزیکەکانی دابەشدەکات و پایەکانی بەبنەماڵەییبوونی یەکێتیی بەهێزتر دەکات لە دەرەوەی پەیڕەوی حیزبەکەی کەسەکانی بۆ پۆستەکان دیاری دەکرد. ئەمە جگە لەوەی تاڵەبانی شکستی بە هەوڵەکانی نەوشیروان مستەفا هێنا کە بە ناوی باڵی ڕیفرۆمە و هەوڵی چاکسازیدەدا. بۆیە نەوشیروان لە 2007 دەستبەرداری یەکێتی دەبێت و دواتر لە ڕێی کۆمپانیای ‘وشە’وە بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزران دامەزراند. دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنی یەکێتیی دەچێت؛ وەک چۆن یەکێتیی وەڵامدەرەوەیەکی باشی قۆناغی دوای شۆڕشی ئەیلول بوو بە دونیابینییەکی پێشکەوتنخوازانەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش وەڵامدەرەوەی قۆناغی گەندەڵی سیاسیی، ئابووریی و کارگێڕیی بوو لە باشووری کوردستاندا.
لە بەرانبەردا، ئایدیاکانی یەکێتیی لەناو پارتییدا توانەوە و تاڵەبانیی لە بارزانی باوکەوە فێری ئەوە بوو کە لە ترسی ئەوەی بەڕەکە لەژێرپێی دەرنەکەن، کوڕ و برازاکانی بردە پێشەوە و دەستەڵاتی زۆریان پێدرا کە لە دوایین کۆنگرەیان زۆرترین دەنگیان کۆکردەوە چونکە دەستەڵاتی سەربازیی و ئابوورییان لایە.
=KTML_Bold=گۆڕان لە کوێوە بۆ کوێ؟=KTML_End=
نەوشیروان مستەفا بەوریایییەوە زۆرینەی دەنگە ناڕازییەکانی لە بەرەیەکدا کۆکردەوە و بە پشتیووانیی ئەو دەنگانە لە 25-7-2009 بەشداری هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و 25 کورسیی لە کۆی 111 پارلەمانی کوردستان بەدەستهێنا. کارەکانی زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی ئۆپۆزسیۆنبوونی تێدا بو؛ لە بەرانبەر بە بنەماڵەییکردنی پارتیی و یەکێتیی، نەوشیروان مستەفا کۆمەڵێک ڕوخساری نوێی وەک سیاسیی بە خەڵک ناساند کە زۆرینەیان بەشدارنەبوون لە خراپەکارییەکانی ناو حیزب و حکومەت. ڕێگەی بە کوڕەکانی خۆی و کوڕی هاوڕێکانی نەدا پۆستی باڵا لە بزووتنەوەکەدا وەربگرن. لە هەمان کات لە ڕێی ڕاگەیاندنەکانییەوە بەردەوام خەڵکی هۆشیاردەکردەوە لە مەترسییەکانی حیزبی بنەماڵە و درووستبوونی کاستی سیاسیی.
نەوشیروان مستەفا ئەوەی بۆ خەڵکی سەلماند کە کوڕی بەرپرس و دەستەڵاتدارانی حیزب هیچیان لە خەڵکی ئاسایی زیاتر نییە ئەگەر کەمتر نەبێت، بەڵام کاتێک نەوشیروان مستەفا لە 19-5-2017 کۆچی دوایی کردووە، کوڕەکانی نما و چیا، بە هاوکاری کۆمەڵێک لە گەنجە بەرژەوەندیخوازەکانی نزیکیان و هەندێک لە هاوڕێکانی باوکیان بە چەند قۆناغێک کۆنتڕۆڵێ بزووتنەوەکە دەکەن و پشت لە بنەما ئەخلاقییەکانی باوکیان دەکەن. ئەوەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کردیان، لە کاری کوڕەکانی مەلا مستەفا زیاتر دەچێت تا کوڕەکانی جەلال تاڵەبانیی چونکە لەناو یەکێتیی کوڕی بەرپرسی تریش هەن پۆستیان وەرگرتووە، بەڵام لەناو گۆڕان گۆڕاندا سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو کوڕانە هیچ پۆستێکی وێنەییان نییە، بەڵام خاوەنی تا ڕادەیەک تەواوی حیزبەکەن، هیچ بنەماڵەیەکی دیکەش لەناو حیزبەکەدا نییە ململانێیان بکات، وەک پارتیی دیموکراتیی.
بەبنەماڵەبوونی گۆڕان لە کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکانی ئەو حیزبە و هەڵبژاردنی ڕێکخەرێکی کارتۆنی و تاپۆکردنی سەروەت و سامانی بزووتنەوەکەوە دەستی پێ کرد. ڕەفتارەکانی دواتریان وەک دەرپەڕاندنی چەند چالاکوانێکی کاریگەریی بزووتنەوەکە و لێدان لە ڕۆژنامەنووس و لەکەدارکردنی ئەو کەسانەی ڕەخنەی لێیان دەگرت. هەمان کاری کوڕی بەرپرسانی حیزبە بنەماڵەیییەکانە.
بەبنەماڵەکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەبنەماڵەییکردنی هەموو حیزبەکانی دیکە تاڵترە و ئازاربەخشترە بۆ خەڵک، چونکە نەوشیروان مستەفا لەسەر بنەمای کۆتاییپێهێنانی حیزبی بنەماڵەیی و بەدامەزراوەکردنی سیستەمی حیزبیی و حوکمڕانیی هەرێم بزووتنەوەکەی دامەزراندبو. باوکی چیاو نما خاوەنی ئەخلاقی سیاسیی و ئەکادیمیی بوو کە زۆرێک لە نەیارەکانی لەم بەهایانە بێبەش بوون، بەڵام کوڕەکانی و حیزبەکەی ڕێگای نەیارەکانی باوکیان هەڵبژارد. نما و چیا لەودیو پەردە و لەسێبەرەوە حوکمی گۆڕان دەکەن کە ئەمە هیچی باشتر نییە لە لە کوڕانی تاڵەبانی و بارزانی و هاوشێوەکانیان، بەوپێیەی خەڵکی بەئاسانی ڕوی ڕاستەقینەیان نابینێت، ئەوان دەتوانن هەرشتێک بکەن و خراپەکارییەکانی بخەنە ئەستۆی ئەوانی دی.
=KTML_Bold=نەوەی نوێ: بەپیری لەدایکبوو=KTML_End=
درووستبوونی نەوەی نوێ، وەک هێزێکی سیاسیی ئۆپۆسیزیۆن 2017، دەرهاویشتەی بیرکرنردنەوەیەکی قوڵ و پێویستییەکی سەردەم نەبو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە مردنی نەوشیروان مستەفا سەرەکیتیرین هۆکاری درووستبوونی ئەو جووڵانەوەیە بوو، چونکە گۆڕان بێهەڵویستانە لەگەڵ دۆخی ئەو کات مامەڵەی دەکرد و خەڵکیش چاواڕوانی لەلایەنێک دەکرد کە بەر لە کارە هەڵەشەیییەکانی مەسعوبارزانی بگرێت بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان 2017. هەروەها، حەزی شاسوار عەبدولواحیدی دامەزرێنەی حیزبەکە، ویستێک نەبوو بۆ دامەزراندنی حیزبێک لەسەر دونیابینییەک بۆ گۆڕانکارییەکی جەوهەریی لە سیستەمی سیاسیی و حوکمڕانیی کوردستاندا، خۆشی خاوەنی هیچ مەعریفەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی نەبوو تا بتوانێت حیزبێکی درووستبکات هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بێت، بەڵکوو زیاتر حەزێک بوو بۆ سیاسەتکردن و خۆدەرخستن لە ڕێی هەندێک پاگەندەی پۆپیولیستانەوە بە سوودوەرگرتن لە پۆپیولیزمی دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئەمریکا کە وەک موعجیزەیەک توانیبوی سەرۆکایەتیی بەهێزترین وڵاتی دونیا بباتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی نەوەی نوێ و بانگەشە قەبەکانی، ئەو کەسانەی کە ئاشنایەتییان لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکە هەبوو متمانەیان پێی نەبو، تەنانەت بەشێک لەوانەشی کە دوایکەوتبوون ئاگاداریی ئەو هەقیقەتە بوون، بەڵام لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان چاویان لەو ڕاستییانە دادەخست.
یەکەمین درووشمی سەرۆکی نەوەی نوێ، هاوشێوەی نەیارەکانی پێشووی پارتیی، دژی دەستەڵاتی تاکەکەسیی و بنەماڵەکانە، بەڵام دوو ساڵ دوای دامەزراندنی کەسە متمانەپێکراوەکانی لێی هەڵهاتن و ئەوەیان ئاشکراکرد کە بەتەنیا خۆی بڕیاردەرە و کەسە نزیکەکانی بردووەتە پێشەوە.
سەرەڕای ئەو حیزبانەی کە باس کران و کاریگەرییان هەیە، چەند حیزبێکی دیکە لە دژی حیزبی بنەماڵە دامەزراون و دواتر بوونەتە حیزبی بنەماڵە، وەک: بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە لە دامەزراندنییەوە لەلایەن بنەماڵەیەکەوە بەڕێوە دەبرێت ( 1988) . عەلی باپیر کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2001 لە دژی دەستەڵاتی تاکڕەویی بنەماڵەی عەلی عەدولعەزیزی ڕابەری ئەو کاتی بزووتنەوە دامەزراند، بەڵام تا ئێستا عەلی باپیر ئەمیری ئەو حیزبەیە و کەسە نزیکەکانی لە دەوری کۆبوونەتەوە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان، دۆخێکی سەخت و ناهەموار بەڕێدەکەن و هێز و لایەنێک نییە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەیان بکات. لە بەرانبەردا میرزادەکانی حیزبەکان، میدیای سێبەر و ئاشکرایان هەیە بۆ پەلاماردان و لەکەدارکردنی ئەوانەی ڕەخنەیان لێدەگرن. میر و میرزادەکان، خاوەنی بەهرەی حوکمڕانیی و ئەزموونی سیاسیی و بڕوانامەی سیاسیی-نین، بەڵام تاکە تایبەتمەندیان ئەوەیە باوکیان پۆستەکانیان پێبەخشیون یان پۆست و سامانی بۆ جێهێشتون. دیارە ئەم جۆرە لە حیزبی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییە، هەرێمی کوردستان بەرەو شەوەزەنگێکی تاریکتر دەبات. لەو شەوە زەنگە تاریکەدا، ئەوەی دەمرێت خەونی دیموکراسیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییە. زۆربەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان شوێنپێی مەلا مستەفای بارزانییان هەڵگرتووە، ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە هەرێمی کوردستان لەبری پێشکەوتنی سیاسیی، بەرەو پاشەوەچوە، بە ڕادەیەک لە 2011 گەنجانی کوردستان داوای ڕادیکاڵانەیان بۆ گۆڕینی سیاسیی هەبو، کەچی لە 2020 چەقی داواکارییەکان بووەتە مووچە و کارەبا و داوای سیاسیی چیتر پێشینەی داواکانی خەڵک نین. [1]