ناونیشانی بابەت: شکستی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان
ئامادەکردن: #ئیحسان وەڵزی#
ئەم ناونیشانەی سەرەوە هەتا بڵێی ناونیشانێکی زەق و گشتگیرە. زۆریشن ئەوانەی، بە خۆیشمەوە، حەز بە ناونیشانی ئاوا زەق و گشتگیر ناکەن، چونکە هەر گشتگیرییەک، ئەگەر تا ڕاددەیەکی زۆریش مەبەستەکەی بپێکێت، ئەوا هاوکات کۆمەڵێک ناهەقیش لەخۆیدەگرێت. لێ با بزانین لێرەدا مەبەست لە شکست و شکستخواردن لە کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان چییە.
بە گشتی، دەکرێت بە دو شێوە لە کایەکانی کۆمەڵگە بڕوانرێت؛ تێڕوانینێکی جەوهەرییانە و یەکێکی دیکەی وەزیفییانە. ئەمەش بەر لە هەر کایەیەکی دیکە، سیاسەت دەگرێتەوە. جەوهەر و ماهیەتی سیاسەت چییە، چۆن پێناسەکراوە و ناسێنراوە. ئەمە پرسیاری سەرەکیی تێڕوانینی جەوهەرییانەیە و ئێمە لێرەدا بەلای ئەم جۆرە تێڕوانینەدا ناچین. ئەوەی مەبەستی ئەم کوورتە نووسینەیە، پرسیارە لە وەزیفە و ئەرکی سیاسەت و کایەی سیاسیی لە کۆمەڵگەدا و ئەوەش کە ئەو سیاسەتەی لە بیست ساڵی ڕابردو لە هەرێمی کوردستاندا هەبوە و پەیڕەو کراوە، تا چەندە توانیویەتی ئەو ئەرک و وەزیفەیە لێی چاوەڕوانکراوە و دەکرێت بەجێ بێنێت.
ئەگەر بمانەوێت وەزیفەی سیاسەت لە ڕستەیەکدا کوورتبکەینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین بریتییە لە بەرهەمهێنانی بڕیارگەلێک کە هەموان بگرێتەوە و هەموان پێیەوە مولزەم بن. هەڵبەتە لەنێوان سیاسەت و هەمواندا کۆمەڵێک خاڵی بەیەکگەیشتن و یەکتربڕ هەن. سیاسەت و سیستەمی بەهایی باو لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لە پەیوەندییەکی کارلێککەری دینامیکی و بەردەوام دان. ئەم پەیوەندییەش کاریگەرییەکی زۆری هەم لە درووستکردن و پاراستنی کۆللێکتیڤ و هەمیش لە دیاریکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا هەیە.
شتێک کە زۆر بەزەقی بە دونیای سیاسیی هەرێمی کوردستانی دوای ڕاپەڕینەوە دیارە، ئەوەیە کە نەوەک هەر کایەکە لە بەرهەمهێنانی بڕیارگەلی لەم جۆرە سەرکەوتو نەبوە و شکستیهێناوە، بەڵکوو وەک لە قەیرانە یەک-لە-دوای یەکەکانیشەوە دەردەکەوێت، درزیشی خستۆتە نێو ئەو هاوسۆزییەش کە لە قۆناغەکانی پێشتردا وەدیهاتوە و دەکرا ببێتە فاکتەرێکی پشتگیر بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی و هەروا یارمەتیدەریش بێت لە بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی بڕیارە گشتگیرەکان.
دوایین قەیران، کە قەیرانی غاز بو لە چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردودا، نموونەیەکی دیار و زەقی ئەم کاریگەرییە نەرێنییەی سیاسەت و بەڵگە و نیشانەی بێتوانایییەتی لە ئەداکردنی وەزیفە سەرەکییەکەی. شەڕی چەندین ساڵەی ناوخۆ و چەسپاندنی دو-ئیدارەیی هەم ئەنجامی جۆرێک لە سیاسەت و هەم هۆکاری درێژەدانیشن پێی. ئەمەش بووەتە مایەی هاتنەئارای دۆخێک کە سەخت بێت تێیدا بڕیارگەلێکی وا بدرێن، هەموان بگرنەوە و هەموان پێیەوە پابەند بن یاخود پابەند بکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات بتوانین بەو زەقییە بڵێین، سیاسەت لە هەرێمدا لە ئەداکردنی ئەرک و وەزیفە سەرەکییەکەی خۆی شکستیهێناوە.
کاتێک درزیش دەکەوێتە کۆللێکتیڤ و کۆمەڵگە بەسەر دو بەرە یان زیاتردا دابەشدەبێت، کاری یەکخستنەوەی هێندە ئاسان نییە. نموونەی ئەڵمانیا دوای یەکگرتنەوەی ئەوەمان پێدەڵێت کە لابردنی دیوارەکانی نێو سەر و دڵی خەڵکی زۆر قوورس و سەختترە لە لابردنی سنوورە ئیداریی و سیاسییەکانی نێوان دو دەوڵەت یاخود دو لەتی دەوڵەت یان هەرێمێک. بۆیە ئەوەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان دەیکات، نەوەک هەر شکست بەڵکوو دەکرێت وەک کردەیەکی تێکدەرانەی ئەوتۆیش ببینرێت، کە دەکرێت لێکەوتەکانی زۆر مەودادرێژ بن. تێکدانی کۆللێکتیڤ، هاوسۆزی و ئەو هەستکردن بە هاوچارەنووسییەی کە سەد ساڵ مەینەتی و هەوڵدان بۆ مانەوە و بەردەوامبوون لای خەڵکی ئەم هەرێمە درووستیکردبوون، دەکرێت زۆر لە دو-ئیدارەیی و دو-دەستەڵاتدارێتیی سیاسی مەترسیدارتر بن.
ئەوەی نامە دڵدارییەکەی پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ هەولێر، کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر و لە گەرمەی قەیرانی غازدا بڵاوکرایەوە، پێمان دەڵێت: ڕێک ئەوەیە کە بە ڕواڵەت نەیگوتوە، ئەویش دوریی و مەودای ڕو لە بەرفرەوانبوی نێوان هەردو شارە گەورەکەی چەقی زۆنە ڕەنگ جیاوازەکانن. [1]