ناونیشانی بابەت: ئەوەی پێویستە خوێنەری کورد دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا بزانێ
نووسەر: جێیک هێس
ئامادەکردن: ماڵپەری کوردستان تایمز
=KTML_Bold=ئەم وتارە لە 05-06-2020 نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە=KTML_End=
دە ساڵ لەمەوبەر وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لە تورکیا کارمدەکرد. ئەوکاتە لەبارەی ئەو زەبروزەنگ و توندوتیژییە دەمنووسی کە تورکەکان لە دژی کوردەکان ئەنجامیاندەدا. دواجار، پۆلیسی تورکی دەستگیری کردم و ڕەوانەی ئەمریکایان کردمەوە.
ئەو پۆلیسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم زۆر تووڕە بوون لەوەی بۆچی لەسەر کوردەکان دەنووسم. من هەرگیز ئەوە لەبیرناکەم کە یەکێکیان لێی پرسیم” هەستت چۆن دەبێ گەر ئێمە بمانەوێ لەسەر ئەمریکییە بەڕەچەڵەک ئەفریقییەکان بنووسین؟” پێمگووت ئەگەر کارێکی وابکەن، ئەوا زۆر باش دەبێ. تەنیا لەبەرئەوەی کە من سپی پێستم، ئەمەی مانای ئەوە نییە کە دژی تێکۆشانی ڕەش پێستەکانم بۆ سەربەستی. لەراستیدا، من هەردەم پشتگیریم کردوون.
بۆ ئەوەی دادگەر بین، ئەفسەرە پۆلیسە تورکەکە باوەڕێکی لەم جۆرەی هەبوو. ماوەیەکی درێژبوو، مێدیا تا ئاستێکی بەرچاو بابەتی چەوساندنەوەی خەڵکانی ڕەش پێستی فەرامۆشکردبوو.
لێمگەرێن با نموونەیەکتان پێ بڵێم کە بەسەر خۆمدا هاتووە. دوای ئەوەی لە تورکیاوە سنوورداشی ئەمریکا کرامەوە، وەک ڕۆژنامەنووسێکی کارئازاد (فریلانس) کارم دەکرد. لە زستانی 2014دا، هەوڵمدا چەند شتێک دەربارەی توندوتیژی پۆلیس لەبەرانبەر خەڵکانی ڕەش پێست بنووسم لە شاری نیویۆرکدا.
بۆیە، چاوپێکەوتنم لەگەڵ کۆنستان ماڵکۆڵم کرد، ئەو کەسەی بەشی پۆلیسی شاری نیویۆرک کوڕە هەرزەکارەیان بەناوی (رامەرلی گراهام) بەشێوەیەکی بێبەزەییانە کوشتبوو. ئەفسەرێکی پۆلیس پشکنینی بۆ ماڵەکەی کرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد دەرمانی نایاسایی لەماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە. پۆلیسەکان بەناچاری ڕوویان لەماڵەکەی ڕامەرلی کرد و لەنێو گەرماوەکەیدا تەقەیان لێکرد و کوشتیان. ئەو پۆلیسە بکوژەش هەرگیز هیچ تۆمەتێکی نەخرایەپاڵ و بە بەرپرسیاریی کوشتنی ناوبراویان دانەنا. بەرپرسانی هەواڵ لە کەناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی ڕێگەیان پێنەدام لەمبارەیەوە بنووسم، چونکە پێیانوابوو ئەمە نابێتە “هەواڵ”.
چەوساندنەوەی و ڕیسواکردنی خەڵکانی ڕەش پێست واخەریکە وەک ڕاستییەک لەنێو ژیانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا قەبوڵ دەکرێ و هاوشێوەی هێزێکی نەگۆر جێگەی خۆی دەکاتەوە. بەڵام ئەمە ئێستا گۆڕاوە، بۆیە سوپاسی ڕاپەڕینی ڕەش پێستەکان دەکەین.
چەند مانگێک دوای ئەوەی بەرپرسانی ژووری هەواڵی کەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی کۆتاییدان بە بیرۆکەکەم هێنا، خەڵک لە شاری فێرگۆسن لەدوای کوشتنی کەسێکی ڕەش پێستی گەنج لەلایەن پۆلیسێکەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی نارەزایەتیان ئەنجامدا. ئێستا بابەتی گرنگی ژیانی ڕەش پێستەکان لەئارادایە، بۆیە ئەمریکا هەرگیز وەک جاران ئاوا بەبێدەنگی نامینێ.
خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا لەبەر یەک هۆکار باس لە ئازاری و نارەحەتی خەڵکی ڕەش پێست دەکەن، ئەو تەنیا هۆکارەش ئەوەیە کە خەڵکی ڕەش پێست هەڵساونەتەوە تا پارێزگاری لە مافەکانیان بکەن.
ئەو تیرۆر و توندوتیژییەی پۆلیس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپایدەکا، ئەوا تەنیا مشتێکە لە خەرمانی ئەو ناخۆشیی و دەردەسەرییەی خەڵکی ڕەش پێست لە ئەمریکادا ڕووبەڕووی بوونەتەوە. هەموو ئەمانە شانبەشانی چەندان کردەی توندوتیژ و ڕیسواکەری بەردوام، جا بە قەبارەی گەورە و بچووک، لە دژی ڕەش پێشتەکان هەیە.
لە ساڵی 2013دا، تەقریبەن ساڵێک بەرلەوەی یەکەم خۆپیشاندانەکان لەسەر بابەتی ڕەش پێستەکان سەرهەڵبدا- من خۆم دەرباری کوژرانی کوڕە هەرزەکارێکی گەنج بەناوی (تایڤۆن مارتن) شتێکم نووسی. دواتریش، دیمانەم لەگەڵ پیاوێکی گەنجی ڕەش پێست کرد بەناوی (جۆشوا لیگۆن) کرد کە لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە شاری وانشتن دی. سی. خەریکی پیاسە بوو.
جۆشوا لیگۆن پێی گووتم” ئەگەر لێرە دانیشی و تەواو چاودێری بکەی، ئەوا دەبینی پۆلیس چۆن لێت پەیدادەبن و ئۆتۆمۆبێڵەکانیان ڕادەگرن و ڕەوشەکەت لێ تێکدەدەن. ئێمە چووین بۆ (مۆڵ) ێک و سەیری هەندێ لە کۆگاکانمان کرد. پۆلیسەکان چەندان شتیان لەسەر ئێمە نووسی. ئەوان نەیاندەزانی ئێمە خەڵکانێکی کارکەری ماندووین. ئێمە لەوێ دوورکەوتینەوە و هیچ کێشەیەکمان نەبوو . ئێمە خاوەن منداڵ نین. ئێمە هاتبووین تا جەوێک بگۆڕین، بەڵام ئەوان وەک کەسانێکی تاوانکار و چەتە سەیری ئێمە دەکەن. ئێمە هیچ گرنگییەک بەمە نادەین، چونکە بەراستی لەگەڵ ئەمە لێراهاتووین.”
ژیانی خەڵکانی ڕەش پێست گۆڕانکاری بەسەر دیالۆگی ئەمریکییەکان لەمەڕ بابەتی ڕەگەز، هێناوە. ڕەش پێستەکان چەندان بابەتی شاراوەیان خستۆتەنێو ئەجێندای گشتییەوە. ڕەش پێستەکان خەڵکی سپی پێستیان ناچارکردووە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستەقینەیە ببنەوە کە خۆیان وەک خەڵکی ڕەش پێست هەیانە و تیایدا دەژین.
لە ساڵی 2014دا، چەندان ڕێپێوانی فراوان لەتەواوی وڵات هەبوو، هاوشێوەی ئەوەی لەئەمڕۆدا دەگوزەرێن. بەڵام ئەو هەستەی لەم جارەدا هەیە، لەوەی پێشتووتر جیاوازترە، بەوپێیەی خۆپیشاندەران لەتەواوی هەر پەنجا ویلایەتی ئەمریکا هەڵساونەتەوە. زیاتر لەجاران خەڵک بەشداری دەکەن، چین و توێژی جیاوازیشی لەخۆگرتووە، نموونەش وەک: خەڵکی چینی ناوەند، خەڵکی هەژار، چەپڕەوەکان، لیبراڵەکان، خەڵکی پیر و گەنجیش. لە هەموو شوێنێک ئاماژەیەکی بچووکی نارەزایەتی بوونی هەیە. ئێستا بۆیە شتێکی ئاسایی بەوەی بۆ پیاسە بچی بۆ هەر شوێنێک و لەنێوجەرگەی شار دوورکەویەوە، دەبینی کە دروشمگەلێک دەربارەی ڕەوش و ژیانی ڕەش پێستەکان لەسەر شەقامەکان نووسراوە و بەرزکراونەتەوە.
من وەک کەسێکی سۆشیالستی سپی پێست، پشتگیری ڕاپەڕینی ڕەش پێستەکان دەکەم، چونکە هەبوونی هاوپەیمانییەکی هەمەرەگەز و پشت بەستوو بە جەماوەر تاکە هیوایە بۆ هەبوونی داهاتوویەکی گەش. جیاکاری نێوان ڕەگەزەکان لەنێو خەڵکانی ئاسایی ئەمریکادا، وایکردووە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەموومان بدزن و بەتاڵانمان ببەن.
تۆ کە کەسێکی سپی پێستی مانای ئەوەنییە.ژیانێکی سادە و بێ کێشەت هەیە، لەهەمانکاتدا بوونت وەک ڕەش پێستێک مانای ئەوە نییە ژیانت پڕە لە زەحمەتی. خەڵکێکی زۆری سپی پێست لە ئەمریکادا هەن و ژیانێکی زەحمەت بەرێدەکەن. بەڵام ئەوە (رەنگی سپی) پێستیان نییە کە وایکردووە ژیانیان ئاستەم و زەحمەت بێت. لەبڕی ئەوەی شانبەشانی ڕەش پێستەکان ململانێیەکی هاوبەش بەرپابکەن و بجەنگن، کەچی زۆرێک لە سپی پێستەکان جۆرێک لە شانازی بە شکۆمەندیی خۆیان دەکەن و چوونەتەپاڵ چینێک لەو سیاسییە دڕندانەی فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
شکۆمەندیی تەنیا ئەوکاتە بۆ سپی پێستەکان بەهایەکی هەیە هاوشێوەی ئەوەی کرمێک کە بە قولاپ وەدەبێ، ئەوا ئەوکاتە بۆ ماسییەک سوودی هەیە. ئەو خواردنە ڕەنگە بۆ ساتەوەختێکی خێرا برسیەتیمان بشکێنێ، بەڵام لەناوەوەدا گیرۆدەمان دەکا و پارچەپارچەمان دەکات. من وەک ئەمریکییەکی سپی پێست کە لە چینێکی کارکەرەوە گەورەبووم، دەزانم کە هاوپەیمانەکانم ئەو کەسە ڕەش پێستانەن کە هاوشێوەی قارەمان لەسەر شەقامەکان بۆ مافەکانیان دەجەنگن، نەوەک کەسانێکی وەک (دۆناڵد تڕەمپ) ی تاوانبار و ئەو سیاسەتمدارە دڕندە و جەردانەی هەیەتی.
ڕاپەڕینەکانی ئێستا تەنیا ئەوە نییە پەیوەندییان بە کوژرانی کەسێکی ڕەش پێستەوە بێ لەلایەن پۆلیسێکەوە، بەڵکوو پەیوەندی بەو بێهیوابوونە هەیە کە لەبەرانبەر ئەو سیستەمە هەمانە و بووەتە هۆی تێکشکانی هەموو کەسێک تەنیا ئەو چینە سوودمەندەی سەری سەرەوە نەبێ.
لایەنە ستانداردەکانی ژیانکردن خەریکە لەئەمریکادا دادەتەپێ و هەرەس دێنێ. چەندان ملیۆن خەڵک بێکارن. چەندان ملیۆن کەسیش کارێک دەکەن کە کرێیەکەی کەمە و حەزی پێناکەن و لەشتێکی بێمانا بترازێ، هیچی تر نییە. چەندان ملیۆن خەڵک ناتوانن سەردانی دکتۆر بکەن، چونکە تێچووەکەی یەکجار گرانە. خوێندن لە کۆلێژ لەئەمریکادا یەکجار گرانە، چەندان خەڵکی گەنجیش قەرزێکی زۆریان لەسەرە و دوای تەواوکردنی خوێندن ناتوانن ژیانێکی تازە دەست پێبکەن. پرۆگرامەکانی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا بەزۆری یارمەتیی بە دەوڵەمەندەکان گەیاندووە، لەکاتێکدا چەندین ملیۆن خەڵکی ئاسایی ئەو چارەسەری پێویستیانە، بەدەستیان نەگەیشتووە.
ئێمە لە ئەمریکادا کێشەی جددی ژێرخانمان هەیە. ناتوانین شەمەندەفەر بنیات بنێین و شەقام و پردەکان نۆژەن بکەینەوە. ئێمە تەنانەت لە قوتابخانە حکومییەکاندا ناتوانین ئاوی پاکی خواردنەوەمان دەستکەوێ. کەچی، لێرە و لەوێ هێشتا پارەی زیاتر هەیە بۆ پۆلیس تا ئێمەی پێ بکوژن. تەنیا توانستی دەوڵەت لە ئەمریکا مابێ ئەوەیە کە هەرچییەک حەزیان لێبێت لەسەر ئەستۆی ئێمە ئەنجامی دەدەن.
هەروەک ئەوەی دەوڵەمەندەکان ڕۆژی دوای ڕۆژ زیاتر دەوڵەمەندتر دەبن، ئێمەش ژیانمان خراپ و خراپتر دەبێ، ئەو سیاسییانەشی پشت ئەستوورن بە هاریکاری ئێمە، داوامان لێدەکەن داوای کەم و کەمتر بکەین. ئێمە زۆرمان لەو شتانە گوێ لێبووە و بێزاربووین.
ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیبینین بەتەواوی هاوشێوەی ئەوەیە کە لەراستییدا دەگوزەرێ. گشت چین و توێژەکان هەڵساونەتەوە بۆ پارێزگاریکردن لەخەڵکی ڕەش پێست و ڕەتکردنەوەی ئەو ڕەوشە شکستخواردووەی هەیە- لەکاتێکدا پۆلیس هەوڵدەدات لەناومان ببات. دیمەنەکانی هەریەک لە ویلایەتەکانی میناپۆڵس، نیویۆرک، لۆس ئەنجڵس، و واشنتن دی. سی. وادەکات خەڵکی ئامەد، قامیشلۆ، سلێمانی و مەهاباد پێی ئاشنابن. “ئەوە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی ئێمەیە”.
ئێمە لەتەواوی جیهان پەیامی پشتگیرییمان بەدەستگەیشتووە. کاتێ ئێمە ئێوە لەسەر شەقامەکان دەبینین و بۆ ڕەوشی خەڵکانی ڕەش پێست هوتاف دەکێشن، ئەمە مانایەکی زۆر دەگەیەنێت بۆ ئێمە. بۆیە، هەرگیز فریو مەخۆن بەو درۆزنانەی کە پێیتاندەڵێن خۆپیشاندەران کەسانێکی تێکدەر و تاڵانکار و خراپەکارن. خۆپیشاندەران خەڵکانێکی قارەمانن، هاوشێوەی ئەو خۆپیشاندەرانەی دهۆک یان ئەوانەی لە ساڵی 2011 لە سلێمانی دا هەڵسانەوە و تێکۆشانیان بەرپاکرد.
دواجار، ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئێستا بە یەکگرتووی بەرانبەر ئەو چەوساندنەوە و هەوڵە بەردەوامانە بوەستینەوە کە دەیانەوێ لە یەکتریمان جیابکەنەوە. چەند کاتێکی سەرووئاسایی هەن، هەموو شتێک گونجاوە و دەکرێ ئەنجام بدرێ. ئەوەی لە داهاتوودا ڕوودەدات پەیوەستە بە ئێمە و لەنێو دەستەکانی ئێمەدایە. کاتێ خەڵکی ئاسایی یەکدەگرن و بە یەکەوە دەجەنگن، ئەوکاتە دەبین بە هێزێک کە هیچ دەستەیەکی چەتەیی دەسەڵاتداران، هیچ مافیا و شانشینێک ناتوانێ بمانوەستێنێ. ئەم قسەیە ڕاستە بۆ ئەمریکا، بۆ کورستان و بۆ هەر شوێنێکی دیکەی جیهان. [1]