ناونیشانی بابەت: ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیادەرتاڵ دەگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستان
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران# دەڵێت: دوای دۆزینەوەی یازدەمین ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیادەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر، لەلایەن تیمی شوێنەوارناسانی زانکۆی کامبێرجی بەریتانی، پێش زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر، بە مەبەستی پشکنین و نۆژەنکردنەوەی گواسترایەوە بۆ بەریتانیا، بڕیارە ئەمساڵ ئێسکەپەیکەرەکە بگەڕێندرێتەوە.
#عەبدولوەهاب سولەیمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا، لە ئەنجامی کاری کنین و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن شوێنەوارناسە جیهانییەکان و ناوخۆیی، تا ئێستا چەندین چین و پارچە شوێنەواری دۆزراونەتەوە، لەڕابردوودا 10 ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەشکەوتەکە دۆزراونەتەوە، لە ساڵی 2019 لەلایەن تیمی زانکۆی کامبێرجی بەریتانی لە کاتی کاری پشکنین و هەڵکۆڵین لە ئەشکەوتەکە، یازدەمین ئێسکەپەیکەری نیاندرتاڵ دۆزرایەوە، کە بریتی بوو لە لە کەللەسەری ئافرەتێک، کە بۆ 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕایەوە، بەپێی پشکنینەکان، پێدەچێت جیاوازتر و نوێتر بووبێت لە ئێسکەپەیەرەکانی دیکە و بە مرۆڤی نیادرتاڵی ( Z ) ناودەبرێت.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، ئاشکراشی کرد: دوای دۆزینەوەی دوایین ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیادرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر، لەلایەن تیمی شوێنەوارناسانی زانکۆی کامبێرجی بەریتانی، پێش زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر ئەو کەللە سەرە بە مەبەستی پشکنینی زیاتر و نۆژەنکردنەوەی ئێسک و پروسکەکانی، بەتایبەت بەشی پشتەوەی، گواسترایەوە بۆ بەریتانیا، ئافرەتێکی شوێنەوارناس لەگەڵ تیمەکەدا بوو بەناوی (پڕۆفیسۆر ئیما) ، کە پسپۆری ئێسک و پروسک بوو، زیاتر ئەو کاری لەسەر ئەو کەللەسەرەیە کردووە بە شێوەی زانستییانە.
عەبدلوەهاب سولەیمان، ئاشکراشی کرد: بڕیارە ئەمساڵ ئەو ئێسکەپەیکەرەی مرۆڤی نیاندرتاڵ لە بەریتانیاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە، لە ئامادەکاریداین لە ئیدارەی سۆران شوێنێک وەک مۆزەخانە تەرخان بکەین، بۆ دانانی ئەو ئێسکەپەیکەرە، هەروەها ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە لە سنوورەکە دەدۆزرێنەوە، سەرجەمیان لە مۆزەخانەکە دابندرێن و پارێزگارییان لێ بکرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو 10 ئێسکەپەیکەرەی مرۆڤی نیاندرتاڵ، کە لە ساڵانی پێشووتردا لە ئەشکەتی شانەدەر دۆزرابوونەوە، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، دەڵێت: دیارە کاتی خۆی لە سەردەمی مەلیکی ئێراق، لە کاتی دۆزینەوەی شوێنەوار و ئێسکەپەیکەرەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر، بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان 50%ی بۆ شوێنەوارە جیهانییەکان بووە و 50%ی بۆ حکوومەتی ئەوکاتی ئێراق بووە، بەمەش بەپێی زانیارییەکانمان، پێنج پەیکەری نیادەرتاڵ لە مۆزەخانەی بەغدان، هەروەها پێنج پەیکەرەکەی دیکەش لە پەیمانگایەکی ئەمریکان.“ [1]