$ئاگاداربە لیژنەکە فشەیە!$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#20-01-2014#
لە کوردستان هەر گۆنگەڵێک حکومەت پێی کۆنترۆڵ نەکرا و لەوە دەرچوو کە بێدەنگی لێبکرێت، لیژنەیەکی بۆ پێکدەهێنرێت. ئەگەر دنیا خەراپ بێت و خەڵک لەسەری نەیەتە سەرشەقام، حکومەت مێش میوانی نییە، بەڵام هەرشتێک دوو کەناڵی تەلەڤزیۆنی و سێ ماڵپەڕ لەسەری کردیانە هەڵڵا، وەڵامدانەوەی دەسەڵاتدارێتیی کوردستان ئەوەیە کە لیژنەیەک بۆ “لێکۆڵینەوە” لە “ڕووداوەکە” پێکدەهێنێت.
لێرە وشەی “لێکۆڵینەوە” مانای جیاوازی هەیە. دەکرێ بە مانای “کاتکوشتن” یان “دیزەبەدەرخۆنەکردن” یانیش “دامرکاندنەوەی تووڕەیی خەڵک” بێت. بۆیە کاتێک خەڵک گوێی لێدەبێت کە لیژنەیەک بۆ “لێکۆڵینەوە” لەسەر فڵان “ڕووداو” پێکهێندراوە، بزەیەک دەبێتە میوانی لێوەکانی و دەڵێ “کەواتە فشەیە!”
لە هەموو دنیادا لیژنە لەحاڵەتێکدا پێکدێت کە کەیسێکی ناوازە هەبێت و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات بیری لە چارەسەر بۆ ئەو کەیسە نەکردبێتەوە. دەنا کەیسی کوشتنی کەسێک، ئاشکرابوونی گەندەڵی لە دامودەزگایەکی دەوڵەتدا، پێکنەهێنانی حکومەت لە وادەی خۆیدا یان دانەنیشتنی پەڕڵەمان دوای سەد ڕۆژ لە هەڵبژاردن و هیچ کەیسێکی دیکەی هاوشێوە، پێویستی بە پێکهێنانی لیژنە نییە.
مادام پۆلیس و دادگا لە وڵاتدا هەن، بۆچی پێویست دەکات لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی کەسێک پێکبێت؟ مادام دەزگای چاودێریی دارایی و ئەستۆپاکی هەن و دادگاش بۆی هەیە کاری خۆی بکات، چ پێویست دەکات لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی دامودەزگاکان پێکبێت؟ کاتێک سەرۆکی وڵات هەیە و پەڕڵەمان هەڵبژێردراوە، بۆچی دەبێ لیژنە بۆ پێکنەهاتنی حکومەت پێکبێت؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە یەک ڕستەیە، ئەویش ئەوەیە کە “سیستممان نییە”.
ئێستا ساڵی 2014یە. ئەو نەوەیەی لەکاتی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 لەدایکبووە، لەسەر فەیسبووک دەکەپڵێنێ، جلی مارکە نەبێ لەبەرناکات و لە دوو ڕستەش کە دەیڵێت یەکێک و نیوی ئینگلیزیی تێدایە. ئیدارەی کوردی تەمەنی ئەو نەوەیەی هەیە، کەچی هێندە بێ سیستمە کە تەنانەت بۆ پژمینی پشیلەیەکیش لیژنە پێکدەهێنێت. [1]