$جارێ نایگۆڕین$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#07-04-2014#
بڕوادەکەن کە ئێمە لەگەڵ گۆڕان نین؟ دەزانم بڕوا ناکەن، بەڵام تێبگەن کە جارێ نامانەوێ بیگۆڕین. ئێمە ئەوەین کە هەین، ناشمانەوێ بگۆڕێین بۆ ئەوەی کە چاوەڕوان دەکەن ببین. ئەگەر هەر ناچاریش بین بگۆڕێین، بۆ ڕیش دەچین بەڵام لە گەڕانەوەدا سمێڵیشی لەسەر دادەنێین.
خۆشبینە ماستاوچییە دەسەڵاتپەرستەکان منەتی ئەوەمان بەسەردا دەکەن کە هەرچەندە ئێستا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنە، بەڵام وەکوو “وڵاتێکی دۆست و برا” نە تویتەر و نە یوتیووب و نە فەیسبووکمان لێ فیلتەر نەکراون. ئەمە وەکوو نیوە ئایەتەکەی قورئان وایە کە دەڵێ “تخوونی نوێژ مەکەون”، بەڵام نیوەی دووەمی کە دەڵێ “کاتێک مەستن” فەرامۆش دەکرێت. چونکە فەیسبووکێک زۆرتر بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەی دۆڵمە بەکاربێت و تویتەرێک یەک لەسەدی دانیشتووانی باشوور نەزانێ بەکاریبهێنێت و یوتیووبێک تەنیا گۆرانیی عەزیز وەیسی و قسە خۆشەکانی مەلا مەعاز و نازم عەبدوڵڵای لەسەر بڵاوبکرێتەوە چ پێویست دەکات فیلتەر بکرێت؟!
ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کاتێک فیلتەر دەکرێن کە هاووڵاتییانی باشوور بۆ دامەزراندنی تەختەکلیلی کوردی نەچنە لای “وەستا” و ئینتەرنێتیش بەشی ئەوە خێرا بێت کە دوو ڤیدیۆی پڕوپاگەندەی بەباشی پێ ئەپلۆد بکرێت.
ئێمە ناگۆڕێین تاوەکوو وەلی ئەمرەکانمان “دەسەڵاتداران” هیلاک نەکەین بە قایلکردنمان بۆ دەنگپێدانیان. ئەو پیاوە گەورانە ئیشیان زۆرە و نابێ کاتیان بگیرێت بە ڕازیکردنی دڵی ئێمە. دەبێ لێیانگەڕێین کەی بەباشیانزانی بمانگۆڕن. پێویستە ڕێگەیان بدەین بیرمان بۆ بکەنەوە و چاکە و خراپەمان بۆ لەیەکدی جیابکەنەوە.
گۆڕان هێندە وشەیەکی خەیاڵی و جوانە کە لە وڵاتی ئێمەدا پارتی سیاسی هەیە بەوناوەوە. پارتێک کە چوار ساڵ پێش ئێستا هاتبوو بمانگۆڕێت، کەچی خۆی گۆڕا. پارتێک کە هاتبوو ڕزگارمان بکات لەو مۆدیلە بێزارکەرەی حیزبایەتیکردن و وڵات بەڕێوەبردن کە چەند ساڵ بوو لە کوردستان هەبوو، کەچی ئێستا خۆی بە جۆرێک بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات ڕۆژانی شەڕی ناوخۆت بیردەهێنێتەوە.
لە وڵاتی ئێمەدا نەگۆڕان نیشانەی باشییە. کەسێک کە چەندین ساڵ ئەزموون پەیدادەکات و ڕەوشی ژیانی باشتر دەبێت یان پۆستێکی باڵای دەستدەکەوێت، ئەگەر وەکوو خۆی مایەوە، دۆست و دوژمن پەسنی دەدەن و دەڵێن “خوا ڕاوەستاوی کات، هیچ نەگۆڕاوە!”
ئێمە نەفەسیشمان کوورتە بۆ گۆڕان. پلانمان نییە و لە خۆگۆڕین زوو هیلاک دەبین. ئێمە جلەکانمان دەگۆڕین، خواردنی سەرسفرەکانمان، مۆدێلی ئۆتۆمبێل و ژمارەی نهۆمی خانووەکانمان، سەنگەری خەباتمان، تەنانەت هاوسەرەکانیشمان دەگۆڕین، بەڵام ئەوەی کە پێویستە بیگۆڕین نایگۆڕین.
چش لەوەی دەوڵەت نین، ئابووریی پشتبەخۆبەستوومان نییە، زانست دەجووینەوە و بەرهەمناهێنین، بەرچاوڕوونیمان تاوەکوو سبەی نییە، سیستمی تەندرووستی و دادوەری و پەروەردەییمان وێرانە و کەس خاوەنی نییە. گرنگ ئەوەیە تێرین و خەمی نانی ئێوارەمان نییە. تا وابین بۆ بیگۆڕین؟ [1]