$ناوچە گەڕێندراوەکان نابنەوە ناوچە دابڕاوەکان$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#16-06-2014#
وەک زەلمای خەلیلزاد بە (رووداو) ی گوتبوو، ئیدی کورد لە ئێراقدا کێشەی خاکی نەما. ئەو ناوچانەی جاران پێماندەگوتن ناوچە دابڕاوەکان زۆر ئاسانتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد بوونەتە ناوچە گەڕێندراوەکان. بەڵام هێشتنەوەیان وەکوو ناوچەی گەڕێندراوە هێندەی هێنانەوەیان ئاسان نییە، مەگەر دووربین بین و بزانین چۆن سەختییەکان کەمدەکەینەوە.
ئەو ناوچانە بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ نەببوونە ناوچەی دابڕاو
ئەو ناوچانە بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ نەببوونە ناوچەی دابڕاو. ئەو هەموو عەرەبەی بە بەرنامە بۆی هێنرا، ئەو هەستەوەرییەی لەنێو تورکماناندا درووستکرا، هەڵگەڕاندنەوەی سەرۆک عەشیرەتە کوردە کۆنە جاشەکان و هەندێک گرووپی دیاریکراوی ئێزدی و شەبەک، هەنگاوی هەڕەمەکی نەبوون و بە پلان ئیشیان لەسەرکرابوو. حکومەتەکانی ئێراق لەو ناوچانەدا گەرای ناکۆکیی گەورە و قووڵیان چاندووە. هەرچەندە بەرمیلە بارووتەکانیش لەوێ چیدیکە لەسەر تەقینەوە نین، بەڵام هێشتا بەتاڵنەکراونەتەوە.
ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئاییندەی ناوچە گەڕێندراوەکان دەدات دانیشتووانی ئەو ناوچانەن. واتە تەنیا کورد نا، کە بە تەبیعەتی حاڵ پێیخۆشە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو عەرەب و تورکمان و کریستیانەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لەو بڕیاردانەدا بەشدارییان پێبکرێت. ئەگەر ئەوە نەکرا و گەڕاندنەوەکە بەزۆر سەپێنرا، ئەوکات چیرۆکی بەزۆر لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراقەوە دووبارە دەبێتەوە. واتە وەکچۆن باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ئێراقدا هەرگیز فاکتەری سەقامگیریی ئەو دەوڵەتە نەبوو، ئاواش ناوچە گەڕێندراوەکان، بەبێ پرسکردن بە دانیشتووانە غەیرە کوردەکانی، نابنە فاکتەری سەقامگیری ئەو ئیدارەیەی لە باشووری کوردستان هەیە (جا ئەو ئیدارەیە هەرێمێکی فیدراڵی بێت یان دەوڵەتێکی سەربەخۆ) .
ڕەنگە لە ئاییندەدا لەو ناوچانەدا ببینە هاوسنووری هەرێمێکی فیدراڵیی سوننەنشین
چارەنووسی ناوچە هاوسنوورەکان لەگەڵ ناوچە گەڕێندراوەکان دیارنییە. ڕەنگە لە ئاییندەدا لەو ناوچانەدا ببینە هاوسنووری هەرێمێکی فیدراڵیی سوننەنشین، ڕەنگە واش نەبێت و سوپای مالیکی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆیان. دەشکرێ بۆ ماوەی درێژخایەن ئەو ناوچانە ببنە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ ئیقلیمییەکان و هیچ دەوڵەتێک بەتەواوەتی نەتوانێ کۆنترۆڵی بکات. بە هەموو بارێکدا بۆ دانیشتووانی باشووری کوردستان پاراستنی تەناهیی ئەو سنوورانە و هەبوونی سەقامگیری لەودیوی ئەو سنوورانە، بە دیوی ناوەوەدا، دەبێتە پێویستیی حەیاتی. پێشمەرجیش بۆ دەستەبەرکردنی ئەو تەناهی و سەقامگیرییە تەنیا لێدانی خەندەقێک بەدرێژایی سنوور نییە (کە زۆر پێویستە) ، بەڵکوو ڕازیکردنی دانیشتووانی ناوچە گەڕێندراوەکانیشە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
کورد دەبێ لە نیگەرانییەکانی پێکهاتەکانی دیکەی ناوچە گەڕێندراوەکان تێبگات. بۆیەش دەبێ لەجیاتی ئەوەی ڕێگەبدەن ئەو نیگەرانییانە ببنە ڕاستی، پێچەوانەکەیان بۆ وەڕاستگەڕێنن. با لەئێستاوە کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی باربووکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ببردرێنە ئەو ناوچانە. با عەرەبی ئەو ناوچانە بەخێرایی جیاوازیی نێوان بەشێک بوون لە کوردستان یان بەشێک بوون لە ئێراق ببینن و هەستپێبکەن. واباشە شێخی عەشیرەتە عەرەبەکان و پیاوماقووڵانی پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانە مووچە و بودجەی تایبەتیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بڕوات بۆ ئەوەی بژێویی ڕەعیەتەکەیان باش بکەن و گەرەنتیی پاراستنی دەسەڵاتی خۆشیان بکەن. هەقوایە بەرنامەیەکی تواناسازیی تایبەت بە گەنجانی عەرەب و تورکمان و کریستیان و شەبەک و ئێزدیی ناوچە گەڕێندراوەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت و بچنە دەرەوە بخوێنن. بۆ داهاتی نەوتیش، وەکچۆن هەرێمی کوردستان داوای پشکی خۆی لە بەغدا دەکات لە هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکانی خۆی، ئاواش خەڵکی ناوچە گەڕێندراوەکان پشکی باشیان لە داهاتی نەوتی فرۆشراوی ناوچەکانیان بدرێتێ. هەروەها وەزارەتێکیش بۆ کاروباری ناوچە گەڕێندراوەکان لە کابینەی داهاتووی حکومەتی کوردستاندا دابمەزرێندرێت. ئەگەر ئەوەش نەکرا، نووسینگەیەک بۆ هەمان مەبەست، بکرێتەوە کە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکی حکومەت بێت و دەسەڵاتی فراوانی درابێتێ.
واباشە شێخی عەشیرەتە عەرەبەکان ئەو ناوچانە مووچە و بودجەی تایبەتیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بڕوات
دەبێ وابکرێت کە لەجیاتی ئەوەی لە #هەولێر#ەوە داوای هێشتنەوەی ناوچە گەڕێندراوەکان بکرێت، خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان بەزۆر داوای ئەو مانەوەیە بکەن. [1]