$دوایین سەرۆککۆماری کورد$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#07-07-2014#
پاش نەخۆشکەوتنی #جەلال تاڵەبانی# و بەدوایدا ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی ئێراق، زۆرکەس دەیانوت تاڵەبانی دوایین سەرۆککۆماری دەوڵەتێکە کە ناوی ئێراق بێت. ئەو دانووستاندنانەی لەمڕۆژانەدا لە پشتی پەردەوە دەکرێن، دەریدەخەن کە دەکرێ هێشتا قۆناخێکی دیکە لە ئێراقدا مابێت کە دوایین کورد تێیدا سەرۆکایەتیی کۆمار بکات. تاوەکوو کاتی نووسینی ئەم وتارە دیارنییە بازەکە لەسەرشانی کام کورد دەنیشێتەوە، بەڵام دیارە کە چاوی بڕیوەتە یەکێک لە سەرکردەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#.
ڕەنگە ئەگەر #مام جەلال#یش لێرەبووایە ئەو دووهەڵوێستییە هەر هەستی پێکرابووایە
لەپاش دوورکەوتنەوەی مام جەلال لە شانۆی سیاسیی ئێراق و کوردستان، سیاسەتی حیزبەکەی لێڵیی زۆرتر لە سەردەمی ئەوی پێوەدیارە. ساڵێک پێش ئێستا ئەو لێڵییە نێوی لێنرابوو فرەلێدوانی، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەکدەنگی بەرانبەر ویلایەتێکی نوێی مالیکی دووهەڵوێستی لەنێو یەکێتیدا بەزەقی هەستیپێدەکرێت. ڕەنگە ئەگەر مام جەلالیش لێرەبووایە ئەو دووهەڵوێستییە هەر هەستی پێکرابووایە، بەڵام دەنگەکان وا بەزوڵاڵی بەرانبەر یەکدی بەرزنەدەبوونەوە.
یەکێتی لەلایەکەوە هاودەنگە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مالیکی بە گرێکوێرەی کێشەکانی ئێراق دەزانێت، کەچی لەلایەکی دیکەوە سەرکردەی باڵای هەمان یەکێتی دەچێتە لای مالیکی و وێنەی یادگاریی لەگەڵدا دەگرێت.
ئەوە ڕاستە کە سیاسەت بەدەمارگیری ناکرێت. زۆریش نائاسایی نییە ئەگەر سەرکردەی دیکەی کوردستانیش بچنە لای مالیکی. بەڵام ئەمە ئەوکاتە نائاساییە کە زانیاری هەبن لەسەر کێبڕکێی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و سەردانەکان لەو چوارچێوەیەدابن. ئەمە بۆیە نائاساییە چونکە ئەگەر بڕیاربێت سەرۆککۆمار کورد بێت، دەبێ کەسێک بێت شەقامی کوردستان لەسەری یەکدەنگ بێت و ڕەوانەی بەغدای بکات، نەک مالیکی و هاوپەیمانەکانی بارەکەڵڵای بۆ بکەن. بێگومان هەر ئەو کەسەش دەچێتە بەغدا کە لە #هەولێر# ڕێگە بدرێت بازەکە لەسەرشانی بنیشێتەوە.
گرنگە سەرۆککۆمار زمانە زیندووەکانی جیهان و عەرەبی بە پاراوی بزانێت
هەرچەندە ڕای گشتی لە کوردستان مەستە بە وەدیهاتنی خەونی لەمێژینەی سەربەخۆیی، بەڵام وەک گوتم پێناچێت ئەو خەونە بەو خێراییەی چاوەڕوانی دەکەین وەدیبێت. ئەوەش وادەکات بیرمان لەلای ئەوەبێت کە کێ بۆ دوایین خول بنێرێنەوە بەغدا و لەوێ نوێنەرایەتیی بەژەوەندییەکانی کوردستان بکات.
بە بڕوای من گرنگە سەرۆککۆمار کوردێکی تەکنۆکراتی خاوەن پێشینەی حوکمڕانی بێت. گرنگە زمانە زیندووەکانی جیهان و عەرەبی بە پاراوی بزانێت. پێویستە پارتە سیاسییەکانی کوردستانیش ئەزموونی باشی تەباییویستییان لەگەڵ ئەو کەسە هەبێت. کەسێک کە پابەندی یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان بێت و بشتوانێت لە بەغدا و لە جیهاندا باڵیۆزی گەلەکەی بێت.
ڕەنگە لەنێو یەکێتیدا ئەوەی زۆرتر لە هەمووان بتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێت #بەرهەم ساڵح# بێت. ئەو ئەزموونی حوکمڕانیی لە بەغدا و لە هەولێریش هەیە. دەتوانێ بەو ئەزموون و پەیوەندییانەی لەدەرەوەش هەیبووە لۆبیکارێکی باشی دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکەی کوردستان بێت. دیمەنێکی ئایرۆنیک دەبێت کە کاتێک کوردستان لە ئێراق جیادەبێتەوە، سەرۆککۆماری ئێراق کەسێک بێت کە باش بزانێت لەلای ڕۆژاواییەکان و وڵاتانی دیکەی جیهان، چۆن داکۆکی لەو جیابوونەوەیە دەکات.
ئەگەر بڕیاربێت سەرۆککۆمار کورد بێت، دەبێ کەسێک بێت شەقامی کوردستان لەسەری یەکدەنگ
هێندەی گوێم لێبووە و قسەم لەگەڵ سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان کردووە، کەسیان دژی ئەوەنین بەرهەم ساڵح بڕواتە بەغدا، بەڵام لەنێو حیزبەکەی خۆیدا دووهەڵوێستی لەسەر ئەویش هەیە. بۆیە ئەگەر نێوبراو بیەوێت بچێتە بەغدا، پێدەچێت ناچاربێت یەکەمجار دڵی نیشانگرەکانی نێو حیزبەکەی خۆی ڕازی بکات کە ڕەنگە بیانەوێ کاتێک بازەکە ویستی لەسەرشانی بنیشێتەوە، بەریبدەنەوە. ئەمەش، هەرچەندە نامومکین نییە، بەڵام ئاسانیش نییە. [1]