$کۆبانی بە پێشمەرگە دەپارێزرێت$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#22-09-2014#
هەرچەندە لە دڵی کوردێکی نیشتمانپەروەردا ئەوەی بەسەر خەڵکی کۆبانی دێت هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی بەسەر #شنگال# هات، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە جیاوازیی گەورە لەنێوان ئەو دوو کەیسەدا هەیە. خەڵکی شنگال جینۆسایدکران، ئینجا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتە سەر خەت، بەڵام دەکرێ بەرلەوەی کۆبانی پاکتاو بکرێت، پێشمەرگە فریای بکەوێت.
ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت لەسەر ڕووماڵەکانی بۆ شەڕی دژی #داعش#. بەشێکی ئەو ڕەخنانەش لەجێی خۆیاندان. بۆ نموونە کاتێک شنگالییەکان جینۆسایددەکران و لە چیای شنگال گیریانخوارد، بەشێک لەو ڕاگەیاندنە هێندەی پێی گرنگ بوو بایەخ بە ترسنۆک پێشاندانی پێشمەرگەی پارتی بدات و کەمتەرخەمیی چەند فەرماندەیەک بکاتە کەمتەرخەمیی هەموو پێشمەرگە، هێندە پێی گرنگ نەبوو زانیاریی ورد لەسەر ئەو مەترسییانە بداتە خەڵک کە داعش لەسەر ئاییندەی تاکە حکومەتەکەی کوردستان درووستیکردووە. هەرچەندە فەرماندەی پێشمەرگە هەبوون کە کەمتەرخەمییان کرد و شایانی ئەوەشن باجی کەمتەرخەمییەکانیان بدەن، بەڵام بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەسەر ڕووداوەکانی ئەوکاتی شنگال وەکوو ئەو کەمتەرخەمییە خراپ بوو.
ئەو شەڕە دەروونییەی ڕاگەیاندنی یەکێتی و PKK لەسەر ڕۆڵی پێشمەرگە لە کارەساتی شنگالدا کردیان، شەڕێکی نانیشتمانپەروەرانە بوو. بە هەمان شێوەش ئەگەر ئەو شکستەی ئێستا #شەڕڤان#ان و گەریلاکانی PKK لە کۆبانی تووشی هاتوون لەلایەن ڕاگەیاندنی پارتی و گۆڕانەوە گەورە بکرێت و خۆیان لە ڕوونکردنەوەی ئەو مەترسییانەی داعش بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان درووستیکردووە ببوێرن، ئەوانیش کارێکی نانیشتمانپەروەرانە دەکەن.
ئەوە ڕاستییەکە کە PKK لە ڕۆژاوای کوردستان بەئاسانی ناتوانێت لە پشتیووانیی نێودەوڵەتی بەرخوردار بێت. ڕاستییەکی تاڵتریش ئەوەیە کە ئێستا ئەو حیزبە لە کۆبانی شەڕی خۆتڕێن دەکات و باجی کەللەڕەقی و تاکڕەوییەکەشی دەدات. چونکە ناتوانێ هەتاسەر خۆی لەبەرانبەر هێرشەکانی سوپایەکی ساز و تەیاری وەکوو ئەوەی داعشدا بگرێت، بەتایبەتیش لە ناوچەیەکدا کە ئەمدیوی داعش بێت و دیوەکەی دیکەی تورکیا بێت. لەو نێوەندەدا بەشێکی گرنگی ڕۆژاوای کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی پاکتاوبوونی مرۆیی و بەیەکجاری بەعەرەبکردنبووندایە. بۆیە کۆبانی پێویستی بە فریاکەوتنی بەپەلەی پێشمەرگەیە.
وەزیرێکی حکومەتی سووریا بە ڕووداوی گوتبوو کە سوپای ئەسەد دەیەوێ لە کۆبانی تەدەخول بکات، چونکە YPG شەڕ ناکات. ئەمە زۆرتر لە هەڕەشە دەچوو و پێناچێ سوپای ئەسەد هێزی ئەوەی هەبێت و بیەوێ کۆبانی بپارێزێ. هەروەها ڕێی تێناچێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بیەوێت ڕاستەوخۆ لە کۆبانی تەدەخول بکات و دەسەڵاتی PKK، کە هێشتاش لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوادایە، بپارێزێت، بەڵام ڕێی تێدەچێت پێشمەرگەی کوردستان فریای خوشک و براکانی لە کۆبانی بکەوێت.
کاتێک سەیری نەخشەی ڕۆژاوای کوردستان دەکەیت، دەبینیت دوو ڕێگە هەن بۆ ئەوەی پێشمەرگە فریای شەڕڤانان و جەنگاوەرە خۆبەخشەکانی ناو کۆبانی بکەوێت. ڕێگەی یەکەم ئەوەیە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا هێزی پێشمەرگە لە سنووری باکووری کوردستانەوە بچێتە ناوەوە. ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە کە پێشمەرگە لە دێرک و قامشلۆ و ئاموودەوە بڕواتە میحوەری سەرێ کانی و لەوێوە دەروازەیەک بەرەو کۆبانی بکەنەوە بۆ ئەوەی هێزی فریاکەوتن و تەقەمەنی و یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەننە خەڵکی ئەو ناوچەیە.
پێشمەرگەی کوردستان تەنیا پێشمەرگەی پارتی نین و یەکێتیشن. وەزیری پێشمەرگەش ئێستا گۆڕانە. کەواتە چوونی ئەو هێزە بۆ ڕۆژاوای کوردستان نەک مەترسی درووست ناکات، بەڵکوو زۆریش بە قازانجی PKK دەبێت. قازانجەکەش ئەوەیە کە لەجیاتی ئەوەی بە کەللەڕەقی بەشێکی گرنگی کوردستان ڕادەستی داعش بکات و ڕێگە بدات بەعەرەبکردن ببێت، هەم دەسەڵاتی خۆی لەوێ دەپارێزێت و هەم ڕێگەش لە پاکتاوکردنی خەڵکەکەی دەگرێت. [1]