$عادل موراد هەڵە نییە$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#30-09-2014#
لەو شەڕە میدیایی و سیاسییەی یەکێتی و پارتی لەمڕۆژانەدا لە دژی یەکدی دەستیانپێکردووە، ڕەچاوی ئەوە نەکراوە کە وڵات لە شەڕدایە. لەوەش خراپتر، پارتی بەزۆر دەیەوێ بیسەلمێنێت کە ئەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی دەیڵێت ڕای حیزبەکە نییە و قسەی بەڕێز عادل مورادە. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە وەک چۆن لە ڕابردوودا سەرینەگرت، ئاواش چیدیکە ناکرێ لە ئاییندەدا پارتی و یەکێتی خۆیان هەڵبخەڵەتێنن و بڵێن هاوپەیمانیی ستراتیژیمان هەیە. چونکە ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا هەیە و چەندین ساڵە چەپڵەی بۆ لێدەدەرێت، وەکوو چیرۆکی پاشا بێ کراسەکە وایە. عادل مورادیش وەکوو ئەو منداڵە وایە کە هاواریکرد خەڵکینە پاشا کراسی لەبەردا نییە!
کاتی خۆی هاوپەیمانێتیی ستراتیژی بۆ دامرکاندنەوەی پاوانخوازی و دەسەڵاتویستیی دوو حیزبە گەورەکەی باشووری کوردستان بوو. ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەبووایە دەیان و سەدان گەنجی دیکەی کورد دەبوونە قوربانی و دیاریش نەبوو تاوەکوو ئەمڕۆ هاتباین و شەڕی #داعش#مان کردبووایە، بەڵام ئەو ڕێککەوتننامەیە لە ساڵی 2009 بەدواوە، وردەوردە مرد. ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات لێدانی دوایین بزمارەکانە لە تابووتەکەی.
پارتی زۆر هەڵەیە کە خۆی قایل دەکات بەوەی گوایە بەلاغی کۆتایی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی، هەڵوێستی حیزبە هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی نییە. چونکە ئەگەر وابووایە دەبووایە هەریەکە لە بەڕێزان حاکم قادر و لەتیف شێخ عومەر، دوو سەرکردەی باڵای یەکێتی، لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نەبوونایە و جوابگۆی پرسیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە نەبوونایە لەسەر دانووستاندنەکان لەسەر دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ #سلێمانی#. ئەنجوومەنێک سەرکردەکانی یەکێتی لە بەردەمیدا بکەونە جوابگۆیی، کەواتە شەرعیەتی هەیە و بەلاغەکانیشی دەبێ بە هێند وەربگیرێن.
ئەو بەلاغەی پارتیی قەڵسکردووە و مەکتەبی ڕاگەیاندنەکەی وەڵامیدەداتەوە، لە زۆر خاڵدا بە نەفەسێکی ناتەبایانە و توانجئامێز بەرانبەر پارتی نووسراوە. بەڵام لەو خاڵەدا کە باسی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ حیزبە کوردستانی و ئێراقییەکان و بەتایبەتیش لەگەڵ پارتی دەکات، پێشنیازێکی خراپ و ناڕەوا نییە. چونکە مادام دەزانین ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی ئۆرگانێکی نزیکترە لە جەماوەرەوە لەچاو مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە، مافی خۆیەتی قسەی جەماوەر و دەنگدەرانی حیزبەکەی بگەیەنێتە سەرکردایەتییەکەی. با واز لەوەش بهێنین کە عادل موراد چەند دەستی دەڕوات لەناو یەکێتیدا و لە باڵباڵێنیشدا سەر بە کام لایە، بەڵام خۆ ڕێی تێناچێت لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە تێیدا بەشداربووبن و حاکم قادر و لەتیف شێخ عومەریشی تێدابووبن، هەرچی لە بەلاغی کۆتاییدا نووسرابێت تەنیا ڕای یەک کەس بووبێت. کورد جوانی گوتووە دووکەڵ بەبێ ئاگر نابێت.
دەزانین کە داعش وایکرد باشووری کوردستان بکەوێتە هەلومەرجێکی هەستیارەوە. دەشزانین کە پارتی و یەکێتی لەو شەڕە میدیایی و سیاسییەی لە دژی یەکدی دەیکەن هیچ ڕەچاوی ئەو هەلومەرجەیان نەکردووە و حیزبایەتییان پێش کوردایەتی خستووە. ئەوەش لەو درۆ شاخدارانەدا ڕەنگیدایەوە کە میدیای سێبەری پارتی بۆ سەرکردەکانی یەکێتی درووستیان کرد و گوتیان ئەو سەرکردانە هانی مالیکییان داوە بودجە و مووچەی کوردستان ببڕێت، هەروەها لەو هێرشانەشدا بەڕوونی دەرکەوت کە لە بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتیدا کرانە سەر پارتی. بەڵام هەرواش وەک چۆن پارتی و یەکێتی پێویستیان بە گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵە بۆ دەربازکردنی ئەم قۆناخە هەستیارە، ئاواش پێویستیان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیانە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دڕدۆنگییە بهێنن کە تەنیا توندئاژۆکانی نێو هەردوو حیزب لێی سوودمەند دەبن. [1]