شوێنەواری حەوشکوڕوو، تاوانی ئەنفالی شوێنەوارێک بە بەرچاوی حکومەتی هەرێمەوە !
شوێنەواری #حەوشکوڕوو# ، بە قووڵی لە مێشکی مندا چەسپیوە: لە تەمەنی منداڵیدا ئەم شوێنەوارەم بینیوە شارێکی زۆر کۆنی ناوچەی #خانەقین# ، کە مێژووی هەزاران ساڵەی ئێمەی دەستۆ گرتووە ، تا ساڵی 1963 شەقڵی کۆنی خۆی بەبێ دەستکاری پاراستبوو . شوورەیەکی یەک مەتر و نیوی، بە دەوری ئەو شارەدا دەبینرا . زۆربەی خانووە کۆنەکان خەڵکی ڕەسەنی ئەوێی تێدا دەژیان . هەندێکیان دوکان بوون ، کەلوپەلی تێدا دەفرۆشرا .
ساڵی 1963 بەعس پەلاماری ئەم گوندەی دا و پاژێکی تێکدا . پاشان لە ساڵی 1975 ڕژێمی بەعس جارێکیتر زۆربەی خانووە کۆن و نوێکانی وێران کرد.
من لە ساڵی ( 2004 ) وە لەگەڵ ڕەوانشاد مامۆستا موحسین عەلی ئەکبەر هەوڵمان دا گرنگی ئەو ڕووبەرە کەمەی شوێنەوارەی حەوشکوڕوو ، کە تا ئەو کاتە مابوو بۆ خەڵک و بەرپرسان ڕوونبکەینەوە ، کە پێویستی پاسەوان بوو ، پاراستن و نۆژەنکردنەوەی دەستەبەر بکات . لە دەوروبەری شوێنەوارەکە و بە تایبەتی ناو شوورە کۆنەکەدا، تاقە یەک خشتیش لەسەر خشتێک دانەنرێت . هەر ئەودیوی شوورە کۆنەکە ، دەشتێکی کاکی بەکاکییە ، بواری درووستکردنی یەک ملیون خانووی تێدایە .
ئێمە لەگەڵ کاک عیماد ئەحمەد چەند جارێک قسەمان ، ئەو کاتەی جێگری سەرۆک وەزیران بوو . ئەو ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارێکی ئێمە دەربڕی: پەرژینێک بۆ ڕووبەرێکی بەرفراوانی شوێنەوارەکە دابنرێت . ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم بڕی 180 ملیۆن دینار بۆ پەرژین تەرخان کرا .
کاک عیماد پێی گوتین: ئەم کارە دەبێ ڕادەستی ( بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ) بکرێت ، چونکە ئەوان لایەنێکی ڕەسمین و ئێوە هیچ سیفەتێکییرەسمیتان نییە . ئێمەش لامان ئاسایی بوو: گرنگ ئەوەیە پێشنیازەکەی ئێمە لەبەرچاو گیراوە . ئیدی چی کراوە و چی نەکراوە واژوی ئێمە هیچ نرخێکی بۆ دانەنرا .....
ڕۆژی 2023/5/5 بەڕێکەوت بە بەردەم گوندی حەوشکوڕوودا تێپەڕیم و نەمزانی بەرانبەر شوێنەوارێکی دێرین ئەم هەموو تاوان و وێرانکاریە گەورەیە کراوە ، چی بکەم و چەند قوڕ بگرمەوە . من لێرەدا چەند تێبینیەک دەنووسم:
1- بڕوا ناکەم ئەم پەرژینە چوار ملیۆن دیناری تێچووبێت و بەدڵسۆزیەوە ئەنجام درابێت ! چل پەنجا عەمودی چەمەنتو ، بە تۆڕی بیئاڕسی دانراوە و ئاو بێنە دەست بشۆ ....
2- ئەو پەرژینە لەسەر ڕووبەرێکی بچوکی شوێنەوارەکە دانراوە ، نەک هەموو شوێنەوارەکە . لە هەندێ شوێنەوەدا نووساوە بە دیواری شوێنەوارەکەوە !
3- هەرکەسێک ویستویەتی بە ئارەزووی خۆی لەسەر دیواری شوێنەوارەکە خانووی درووست کردووە . ئەو کەسانە ، کە خەڵکی حەوشکوڕوو نیین ، دەوروبەری شوێنەوارەکەی بەبێ خاوەن داناوە و چەپەری مۆڵگەی ئاژەڵەکانی بە پەرژینەکەوە نووساندووە و هەرچی ڕیخ و تەپاڵەی ئاژەڵەکانیان هەیە لە بەردەم پاشماوەی شوێنەواری حەوشکوڕوو کۆکراوەتەوە . لە هەندێ شوێن ئەم دیوی پەرژینەکەش کراوەتە چەپەری ئاژەڵ .
4- من داوا لە بەڕێز سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەکەم ، لێپێچینەوەی ورد لە بڕی پارەی تەرخان کراو و لایەنی جێبەجێکار بکرێت ، سەرجەم تاوانی ئەنفال کردنی شوێنەواری حەوشکوڕوو بکرێت..
4- داوا دەکەم شۆفڵی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم ، هەرچی خانووی پاش 2004 کە بەبێ مۆڵەت و مۆڵەت درووست کراوە بڕوخێنێت . ئەو تاوانبارانەش وەکوو خیانەتکاری نەتەوەیی و تاوانبار ڕادەستی دادگا بکرێن و بە توندترین شێوەش سزا بدرێن .
5 - دەبێ پەڕڵەمانی کوردستان لێپێچینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی گەرمیان بکات ، چونکە کەمتەرخەمی کراوە ، لە سنووری دەسەڵاتی ئەواندا پاش 2010 ئەنفالی شوێنەوارێکی گرنک کراوە و ئەوانیش چاویان نوقاندووە و ڕەنگە ئەوان ئیجازەی خانوو درووست کردنیان پێ دابن ..
داوا دەکەم دڵسۆزانی شوێنەواری کوردستان ، وەکوو خەڵکی بناری بەمۆ ڕێگەی دزین و ئەنفالکردنی شوێنەوار نەدەن و دەنگی ناڕەزایی بەرز بکەنەوە و بەگژ دەستدرێژیکاران دا بچن و سڵ لە هیچ. شتێک نەکەنەوە ..[1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە لە 2023/5/10، لە لایەن هاووڵاتی مامۆستا جەعفەر نووسراوە و لە ئەکەونتی کەسیی شوێنەوارناس جەمال جەمیل بڵاوکراوەتەوە.=KTML_End=