زوو تووشبوون بە پەتا و هەڵامەت، یاخود بەرگەنەگرتنی نەخۆشی و درەنگ چاکبوونەوە، لە ئەنجامی لاوازی بەرگری جەستەیە، بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش هەندێ ڕێگای کاریگەر هەیە دەتوانیت بیگرێتە بەر.
دکتۆر داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە ڕێگاکانی بەهێزکردنی بەرگری لەشی بڵاوکردووەتەوە:
1. کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ:
ئەگەر دەتەوێ مەترسی تووشبوونت بە هەر پەتا و نەخۆشییەک کەمبێتەوە، مەترسە! خۆت تووشی قەلەقی و دڵەڕاوکێ مەکە، چونکە ترس هۆڕمۆنی کۆرتیزۆل زیاتر دەکات لە جەستەتا کە بەرگری لەشت کەم دەکاتەوە، بۆ زاڵ بوون بەسەر دڵەڕاوکێ ئەم ماوەیەی کە نەخۆش دەکەویت، ئەگەر توانیت خۆت خەریککە بە قورئان خوێندن، پەڕتووک خوێندنەوە، وەرزشکردن، سەیری فیلم، گوێگرتن لە مۆسیقایەکی هێمن کەرەوە، گرنگ ئەوەیە هەمیشە لە خەمی ئەوەیا نەبیت کە بۆ تۆ زووزوو نەخۆش دەکەوی.
2. خواردنی تەندرووست:
بەرگری لەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە خواردنی ڕۆژانەتەوە هەیە، ئەگەر خواردنت زۆر خراپ بێت یان زۆر قەڵەو بیت بەرگری لەشت کێشەی تیایە، بۆ بەهێزکردنی بەرگریت هەوڵبدە سەوزە و میوە زۆر بخۆی وەکوو سێو، پڕتەقاڵ، شیلک، هەنار، سپێناخ، سندی، کەلەرم، کاهو، گێزەر، قارچک، هەروەهاخورما و شیر و ماست زۆر بەسوودن بۆ بەرگری لەش.
چەرەسات (وەکو فستەق و عەلی بابا و گازۆ و بندق و تۆوکولەکە و گوێز) دژەئۆکسانی باشی تیایە، مێشک هێور دەکەنەوە و قەلەقی ناهێڵن، بۆ دابەزانی چەوری و شەکرە باشن، قەبزی و قۆڵۆن ناهێڵن و بۆ کەم خوێنیش باشن، تکایە زۆر بیخۆن.
ئەم ڤایرۆسە بەئاسانی بە قوڕگی وشکەوە دەنووسێ، ئاو خواردنەوەی زۆر یارمەتیت دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، وە دوورکەوەرەوە لە خواردنی لە ڕادەبەدەری شیرینی و چەوری چونکە دەبنە هۆی قەڵەوی و دابەزاندنی بەرگری لەش.
3. تێبینی ئەوە کراوە کەسانی جگەرەکێش و ئالودەی مەشروب زیاتر گیرۆدەی نەخۆشی و پەتان، تکایە دوورکەونەوە لەو خوە خراپانە.
4. خەوێکی باش ڕێگە دەگرێ لە لاوازبوونی بەرگری لەش، چونکە لە کاتی خەو ماددەی میلاتۆنین زۆر دەردەدرێت، بۆیە هەوڵبدە ڕۆژانە 8 کاتژمێر بخەویت.
5. وەرزشکردن بەرگری لەش بەهێز دەکات، چونکە بە وەرزش کردن ماددە یارمەتیدەرەکانی بەرگری وەکوو سیرۆتۆنین و ئیندۆرفین زیاددەبن، هەر جۆرە وەرزشێکت پێ دەکرێت لە ماڵەوە ئەنجامی بدە و بەرگری لەشتی پێ پتەو بکە.
ئەگەر کەشوهەوا خۆش بوو بچۆرە سەربان یان حەوشە با تیشکی خۆرت بەرکەوێ، تیشکی خۆر یارمەتیی درووست کردنی ڤیتامین D دەدات، ئەم ڤیتامینە جگە لە بەهێزکردنی ددان و ئێسقان و قژ، هەروەها ڕۆڵی کاریگەریی هەیە لە بەهێزکردنی بەرگری جەستە. [1]