$شیعە و سوننە لە کوردستان تۆڵە لە یەکدی دەکەنەوە$
ئامادەکردنی: رووداو - #خورماتوو#
#04-11-2014#
هیچییەک لەو هەشت پێشمەرگانەی هەفتەی ڕابردوو میلیشیا شیعەکان لە خورماتوو گرتبوویانن، لەلای ئەو میلیشیایانە نەماون. قایمقامی خورماتوو دەڵێت ئەوانە ڕادەستی هیچ لایەنێک ناکرێن و لەلایەن ئاساییشی کوردستانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
شەلال عەبدول باسی دوایین ڕووداوی پێکدادانی نێوان پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان دەکات کە لە خاڵێکی پشکنیندا لە دەوروبەری خورماتوو ڕوویدا و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی میلیشیاکان کوژرا. لەدوای ئەو ڕووداوە میلیشیاکان 10 پێشمەرگەیان دەستگیرکرد و تەنیا دوو کەسیان لێ ئازادکردن. بەڵام ئێستا هەشت پێشمەرگەکەی دیکەش ڕادەستی ئاساییش کراون.
عەبدول لە ماڵەکەی خۆی لەنێو شارۆچکەی خورماتوو ئاشکرای دەکات کە ئەفسەرە کوژراوەکە سەر بە میلیشیای خوراسانی بووە: زۆربەی کێشەکانی نێوان پێشمەرگە و میلیشیای شیعەش لە ناوچەکەی ئێمەدا لەگەڵ سەرایای خوراسانی بووە. مانگی ڕابردوو، باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکدا باسی میلیشیای خوراسانیی کرد و گوتی: مەترسیی ئەو میلیشیایە لە مەترسیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی #داعش# گەورەترە. هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبارکرد بە هاوکاریکردنی ئەو میلیشیایە لە ئێراق و سووریا.
ئەمریکییەکان میلیشیای خوراسانی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ڕاستەوخۆ فەرمان لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی لەشکری قودس-ی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرێت و لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و دەوروبەری بەغدا کردەوەی ڕفاندن و کوشتن و تۆقاندن ئەنجامدەدات. قایمقامی خورماتووش لەبارەی کێشەکەی ئەم دواییەوە دەڵێت: بەداخەوە کێشەکە لەسەر تاڵانی بوو. ئەو ڕوونیدەکاتەوە کە تەنیا میلیشیا شیعەکان نا، بەڵکوو هەندێک کوردیش بەناوی پێشمەرگەوە خەریکی تاڵانی و دزین: بێگومان ئەوانە پێشمەرگە نین و پێشمەرگە ئەو کارانە ناکات.
$تەقینەوە بە مۆدێلی نوێ$
قایمقامی خورماتوو، هەروەها دانیشتووانی شارۆچکەکەش دەڵێن دوای هاتنی پێشمەرگە و ئاساییش بۆ ناوچەکەیان، ڕەوشی ئەمنی باشتر بووە. بەڵام لە قسەکانیاندا دەردەکەوێت کە باشتربوون بەو مانایەیە چیدی ڕۆژانە چەندین تەقینەوە ڕوونادەن و ڕەنگە ڕۆژانە یەک تەقینەوە ڕووبدات. دار و دیواری ماڵ و دووکانەکانی شارۆچکەکە ئاسەواری تەقینەوەی پێوە دیارە.
باڵەخانەی بارەگای مەڵبەندی یەکێتی ئاسەواری تەقینەوەی پێوە دیارە. لە بەردەم ئاساییشی پارتی لە خورماتووش هێشتا ئاسەواری تەقینەوەیەک هەر ماوە.
چیرۆکێکی بەنێوبانگ کە لە خورماتوو هەیە، چیرۆکی ئەو خێزانە تورکمانیە شیعەیەیە کە ساڵی پار چەند کەسێکیان بەهۆی تەقینەوەوە گیانیان لەدەستدا، کاتێک پرسەیان بۆ دانرا لەناو پرسەکەشدا تەقینەوەیەکی گەورەتر ڕوویدا. یەکێک لەو کەسانەی لە پرسەکەدا بەشداربووە دەڵێت: دوای ئەوە بیرمانکردەوە چیدی لەدوای تەقینەوەکان پرسە دانەنێین، چونکە دەترساین ناچاربین پرسە بۆ پرسەگێڕانیش دابنێین.
لە خورماتوو تەکنیکەکانی ئەنجامدانی تەقینەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە چیدی تەنیا ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو ناتەقێندرێتەوە، بەڵکوو ماتۆڕ و پایسکلیش بۆمبڕێژ دەکرێن.
هەردوو سەری زۆر لە کۆڵانەکانی خورماتوو دەرگای گەورەیان لێدانراوە، تاوەکوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو نەتوانێ پێیدا تێپەڕێت و بە ماڵی هاووڵاتییاندا بتەقێتەوە. ئەو ماڵانە زۆرتر ماڵە تورکمانییە شیعەکانن. یەکێک لەو ماڵانە نزیکەی 100 مەتر لە بارەگای ئاساییشی پارتییەوە دوورە و لە ماوەی ڕابردوودا تەقینەوەیەکی هێندە بەهێز تێیدا ڕوویداوە کە دیوی پێشەوەی ماڵەکە بەتەواوەتی وێران بووە و ئەندامانی خێزانەکەش بریندار بوون. ئەو ماڵە ئێستا چۆڵە و چیدی کەسی تێدا ناژیت. لەجیاتی دیوار پەڕۆیەک دانراوە و پەنجەرەی ژوورەکانیش بە پەردەی ئەستوور داپۆشراون. لەناو حەوشەی ماڵەکەدا هێشتاش تەباخی غاز و کەرەستەی دیکەی ناوماڵ بە پەرش و بڵاوی کەوتوون و کەس دەستی بۆ نەبردوون. وەک بڵێی هەمووان چاوەڕێ بن ئەندامانی ئەو خێزانە دیسان بگەڕێنەوە سەر ماڵە وێرانەکەیان.
$تەقینەوەی تۆڵە$
ئەو تەقینەوانەی لەناو خورماتوودا ڕوو دەدەن، زۆرتر تورکمانە شیعەکان و عەرەبە سوننەکان دەکەنە ئامانج. بەرپرسێکی ئەمنی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە (رووداو) ی گوت: ئامانجی تەقینەوەکانی ئێرە تەنیا تێکدانی ڕەوشی ئەمنی نییە، بەڵکوو تۆڵە سەندنەوەی شیعە و سوننەیە لە یەکدی.
ئەو باسی ئەوە دەکات کە بەر لە دەستپێکردنی شەڕی داعش لەم ناوچەیەدا، زۆرتر شیعەکان دەکرانە ئامانجی تەقینەوەکان: ئێستا کە میلیشیا شیعەکان لەم ناوچەیەن، ڕەوشەکە پێچەوانە بووەتەوە و زۆرتر عەرەبە سوننەکان دەکرێنە ئامانج.
شەلال عەبدولیش ئەو زانیارییانە پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت: ئەو بۆمبانەی لە تەقینەوەکاندا بەکاردێن دوو جۆرن، جۆرێکیان ئێرانین و جۆرەکەی دیکەش دەستکردی خۆماڵین.
هەفتەی ڕابردوو تەقینەوەیەک لەناو ماڵی ئەندامێکی میلیشیای بەدر لە خورماتوو ڕوویدا. تەقینەوەکە لە ژووری نووستنی کەسەکەدا بووە. بەرپرسە ئەمنییەکە لەوبارەوە گوتی: وا ڕاگەیەنرا کە عەرەبی سوننە دزەیان کردووەتە ناو ئەو ماڵە و توانیویانە بۆمبی تێدا دابنێن، بەڵام هێندەی ئێمە لێی تێگەیشتبین لەو ژوورەدا بۆمب درووستکراوە و بە کەسەکەدا تەقیوەتەوە. هەرواش کەس ئەو زانیارییەی بۆ (رووداو) پشتڕاست نەکردەوە.
$سوننە ناچنەوە$
ژمارەیەکی زۆر عەرەبی سوننە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە دیالە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای سەڵاحەدین ڕوویان لە خورماتوو و دەوروبەری کردووە.
دانیشتووانی شارەدێی سلێمان بەگ-ی سەربە شارۆچکەی خورماتووش، کە زۆرینەیان عەرەبی سوننەن، ناوچەکەیان چۆڵکردووە و هاتوونەتە خورماتوو. هەرچەندە ئێستا سلێمان بەگ شەڕی لێنەماوە و لەدەست داعش دەرهێنراوە، بەڵام دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆی.
ئەوان دەڵێن میلیشیا شیعەکان ڕێگەیان نادەن بگەڕێنەوە. بەڵام مەهدی تەقی، فەرماندەی هێزە خۆبەخشە شیعەکانی ئامرلی، ئەوە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: ماڵەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە بۆمبڕێژکراون و مەترسیدارە بۆ خەڵک بگەڕێنەوە ناوی.
$ئاساییش ژمارەیان زیاد بکرێت$
شەلال عەبدول بۆ باشترکردنی ڕەوشی ئەمنی لە خورماتوو داوا لە حکومەتی کوردستان دەکات هێزی ئاساییشی ناوچەکە ژمارەیان زیادبکرێت. ئەو دەڵێت: ئەوەی ئێستا لێرە هەیە باشە و ژمارەیان نزیکەی 100 کەسە، بەڵام گرنگە ژمارەیان زیاتر بکرێت. چونکە ئێستا نزیکەی 90%ی ڕەوشی ئەمنی لەلایەن ئاساییشەوە کۆنترۆڵ کراوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە کاتێک زۆرتر لە حەوت گرووپی میلیشیایی جیاواز لە شارۆچکەی خورماتوو هەبن، زۆرکردنی ژمارەی هێزەکانی ئاساییش کێشەکان چارەسەر دەکات یان چانسی پێکدادانی نێوان ئەو میلیشیایانە و ئاساییش زیاتر دەکات؟
$شارۆچکەی خورماتوو$
قەزای خورماتوو دەکەوێتە داوێنی زنجیرە چیاکانی حەمرین، کە بە سنووری سرووشتیی باشووری کوردستان لەگەڵ ئێراق دادەنرێت. دانیشتووانی خورماتوو کورد و تورکمان و عەرەبن. پەیڕەوانی هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعەش لە ناوچەکەدا دەژین. جاران خورماتوو سەر بە پارێزگای کەرکووک بوو، بەڵام لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا خرایە سەر پارێزگای سەلاحەددین. بەپێی گێڕانەوە کوردییەکان ناوی خورماتوو لەوەوە هاتووە کە داری توو لەو ناوچەیەدا هەن و تووەکانیان هێندەی خورما گەورەن. بەڵام تورکمانەکانی ناوچەکە دەڵێن ناوە ڕاستەکە تووز خورماتووە. تووز بە تورکی واتە خوێ.
تورکمانەکان دەڵێن ناوچەکەیان بە خوێ و خورما و توو بەناوبانگ بووە و ئەو ناوەش لەوەوە هاتووە. [1]