$یەک لەسەر سێی دانیشتووانی #خانەقین# بووەتە عەرەب$
ئامادەکردنی: کەناڵی ڕووداو - خانەقین
#02-12-2014#
شەڕی #داعش# بووە هۆی ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا ڕێژەی دانیشتووانی عەرەب لە خانەقین لە یەک لەسەدەوە بەرزببێتەوە بۆ نزیکەی سی لەسەد. قایمقامی خانەقین ئەمە بە مایەی نیگەرانی نازانێت و دەڵێت: جارێکی دیکە خانەقین تەعریب ناکرێتەوە و ئەوەی ڕوودەدات شتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نییە.
$شاری ڕەنگەکان$
خانەقین شارێکی باشووری کوردستانە و کەوتووەتە گەرمەسێر. پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە، بەڵام لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا حکومەتی ئێراق خستوویەتییە سەر پارێزگای دیالە.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام تاکە ناوچەی کوردستان کە بەخێرایی ئاسەواری تەعریبی تێدا نەما خانەقین بوو.
محەمەدئەمین حەسەن حسێن، قایمقامی خانەقین بە (رووداو) ی ڕاگەیاند: لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە تەنیا یەک لەسەدی دانیشتووانی خانەقین عەرەب بوون، ئەوانیش عەرەبە ڕەسەنەکانی خانەقین بوون.
ئەو کەسانەی خەڵکی خانەقینن، بە شانازییەوە باسی ئەو هەمەچەشنییە دەکەن کە لە خانەقین هەبووە. عەباس (59 ساڵ) دەڵێت لەم ساڵانەی دواییدا زانیویەتی جیاوازیی نێوان سوننە و شیعە چییە. هەرچەندە زۆر لە کوردانی دانیشتووی خانەقین شیعەن، بەڵام عەباس دەڵێت: ئێمە لەم شارەدا شیعە و سوننە خوێنمان تێکەڵ بووە. جار هەبووە گەورەیەکی شیعەکان پێویستی بە خوێن بووە، یەکسەر خوێنی کەسێکی سوننەی تێکراوە.
محەمەد (65 ساڵ) یش کە مامۆستای قوتابخانەی ئامادەیی بووە، دەڵێت: لەم شارەدا هەموو بیروڕا جیاوازەکان لە تەنیشت یەکدی هەبوون و کاریانکردووە. من لە زووەوە پارتی بووم، بەڵام هاوڕێکانم شیوعی بوون. خانەقین شاری لێبووردەیی بوو.
$ڕەنگەکان کاڵدەبنەوە$
ئەم هەمەڕەنگییە پێناچێت شۆڕبووبێتەوە بۆ نەوەی نوێ لە خانەقین. گەنجانی ئەو شارە حاشای لێدەکەن کە جیاوازی لەنێوان شیعە و سوننەدا هەبێت، بەڵام بەو سیمبۆلە مەزهەبییانەوە کە بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ و پایسکلەکانیانەوە هەڵیدەواسن، دەردەکەوێت کە جیاوازییەکە هەیە. محەمەد بە نیگەرانییەوە باسی نموونەیەک دەکات: چەندین ساڵە پێشمەرگە لەم شارەن، کەچی نەمبینیوە گەنجانی خانەقین نۆبەت بگرن بۆ وێنەگرتن لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە. کەچی کاتێک میلیشیا شیعەکان هاتن، زۆرجار لەنێو شاردا گەنجان شەڕدەکەن لەسەر زووتر وێنەگرتن لەگەڵ فەرماندەکانیان. بەڵام زۆر لەو گەنجانەی لەناو خانەقیندا قسەمان لەگەڵ کردن ڕەتیاندەکردەوە ئەمە ڕاست بێت و دەیانگوت: ئەوانە میوانن لە خانەقینن و دەبێ خزمەتیان بکەین، چونکە هاوکاریی ئێمەیان کردووە لە شەڕی دژی داعش.
$لامەرکەزییەکەی خانەقین$
دەچینە ئەو باڵەخانەیەی لە خانەقین فەرمانگەکانی دەوڵەتی تێدان. لەبەر دەرگاوە سەربازێک ڕێنماییمان دەکات و دەمانباتە بەر دەرگای نووسینگەی قایمقام. پاش کەمێک، سەربازەکە دێتەوە و تا بەردەرگای ژوورەکەی قایمقام ڕێنماییمان دەکات. دووکەڵی جگەرە ناو ژوورەکەی داگرتووە، سپیلت کارناکات و گڵۆپەکانیش کوژاونەتەوە. پێناچێت لە ژووری سەرۆکی حکومەتی لۆکاڵیی خانەقیندا کارەبا هەبێت.
قایمقامی خانەقین پیاوێکی خاکییە. ئەو ڕەخنەی زۆری لەسەر دابەشکردنی زەوی لەناو شارەکەیدا لێدەگیرێت، بە جۆرێک کە هەندێک لە دانیشتووانی خانەقین نوکتە لەسەر ئەو زەوی دابەشکردنە دەکەن. ئەو بۆ (رووداو) باسی ئەو مەسەلەیە دەکات و دەڵێت: حەڤدە هەزار زەویم دابەشکردووە بەسەر کورددا و لێشی پەشیمان نیم کە کردوومە. ڕەنگە چەند پارچە زەوییەکیشمان دابێتە هەندێک عەرەبی ڕەسەن کە کەسانی زۆر باش بوون بۆ کورد.
قایمقام لەبارەی بودجەی قەزاکەی دەڵێت: بەغدا هیچمان بۆ نانێرێت و لە #هەولێر#یشەوە وا نییە، بۆیە بۆخۆمان لێرە بەشێوەی لامەرکەزی کاردەکەین. ئەو دەڵێت هەر بڕیارێک بزانێت لە بەرژەوەندیی کورددایە دەیدات و گوێی لێنییە بەغدا چۆن بیر لەو بڕیارەی دەکاتەوە. هەروەها گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت وەک پێویست بایەخیان بەو قەزایەی گەرمەسێر نەداوە، کە هەرچەندە بەپێی دەستووری ئێراق ناوچەی ناکۆکی لەسەرە، بەڵام بەکردەوە پەیوەندییەکی وای بە بەغداوە نەماوە و کێشەی تەعریب تێیدا چارەسەر بووە.
$ماڵی عەرەب$
لەنێو بازاڕی خانەقیندا عەرەبێکی زۆر دێن و دەچن. ئەوانە ئەو پەنابەرانەن کە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە پارێزگاکانی سەلاحەددین و دیالە و مووسڵەوە ڕوویان لە خانەقین کردووە. یەکێک لەو پەنابەرانە، کە لە چایخانەیەکی ناو شار دانیشتووە، بەدڵخۆشییەوە باسی ئەوە دەکات کە چۆن خەڵکی خانەقین باوەشیان بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە و دەڵێت: ئەو ئاساییشەی لێرە هەمانە قەت لە شاری خۆشمان نەمانبووە. لێرە نیوەی شەو دێمە دەرەوە و دەچمە سەرشەقام، قەت کەسێک نایەت پێمبڵێت تۆ عەرەبی یان کوردی. وا هەستدەکەم لە ماڵی خۆمم.
$ڕەوشێکی کاتی$
قایمقامی خانەقین لەو نیگەرانییانە تێناگات کە خەڵک بەرانبەر زۆربوونی ژمارەی عەرەب لە خانەقین هەیانە. چونکە، وەک ئەو باسیدەکات، ئەوانەی هاتوون بە پلانێکی ڕێکخراوی وەکوو سەردەمی بەعس نەهاتوون. ئەوکات ڕژێمی بەعس بە پلان کاری لەسەر تەعریبکردنی خانەقین کرد و نەیتوانی، ئێستا چاوەڕێ مەکە ئەمە سەربگرێت. چونکە خەڵکی خانەقین ڕێگە نادەن ئەمە ڕووبدات.
ئەو عەرەبانەی دێنە ناو خانەقین هیچ موڵکێکیان بەناو ناکرێت، قایمقام دەڵێت: نەک هەر ئەمە، تەنانەت ئەگەر بیانەوێ ئۆتۆمبێلیش بەناوی خۆیان بکەن ڕێگەیان نادرێت. هەروەها کەسیان پسوولەی خۆراک و هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکەیان لەسەر خانەقین بۆ تۆمار ناکرێت. کەواتە پێویست بە ترس ناکات.
لەگەڵ ئەوەشدا قایمقامی خانەقین نایشارێتەوە کە گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ناوچەکانیان کاتی دەوێت و بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ناکرێ بگەڕێنەوە.
[1]