$ئەسەد ناگۆڕێت$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#18-12-2014#
قەیرانی سووریا پێیناوەتە ساڵی چوارەمیەوە. ئەوەی سەرەتا خەڵک بۆی هاتە سەرشەقام لابردنی ئەسەد بوو، بەڵام چوار ساڵ دواتر، دەردەکەوێت ئێستا لە هەموو کاتێک قوورسترە ئەسەد بگۆڕدرێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لاچوونی ئەسەد و بەدوایدا پەیدابوونی #داعش# زۆر کەیسی داغی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە جیهانیشدا ساردکردووەتەوە. لاچوونی ئەسەد و نەمانی داعش سەرلەنوێ ئەو کەیسانە گەرمدەکاتەوە، بۆیە هەر وڵاتە و لە ڕوانگەی خۆیەوە پێی گرنگە جارێ ئاگرەکەی سووریا کڵپەی بێت.
$رووسیا لەبەرانبەر پشتیووانیکردن لە ئەسەد شاباشی لە تارانیش وەرگرت$
براوەی یەکەم لە دەستپێکردنی قەیرانی سووریا، دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. چونکە لەوکاتەوە شتێک بەنێوی کێشەی عەرەب و ئیسرائیلەوە نەماوە. ئەوەی هەیە شەڕە بەردێک یان دەمەقاڵێی سەرسنووری نێوان چەند فەڵەستینییەک و سەربازانی ئیسرائیلییە. تێلئەڤیڤ لەوەدا قازانجی کرد کە موسڵمانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەجیاتی ئەوەی وەک جاران بانگەشەی جوولەکەقڕان بکەن، خەریکی سوننەقڕان و شیعەقڕانی یەکدین. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووشدا سنوورەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا هەڕەشەی جددییان لەسەر درووست نەبووە. تەقوتۆق هەبووە، بەڵام ئەگەر قەیرانی سووریاش نەبووایە ئەوە ڕەنگە زیاتریش هەر هەبووایە.
براوەی دووەم لە درووستبوونی قەیرانی سووریا بەهۆی مانەوەی ئەسەدەوە ئێرانە. دەوڵەتێک کە بەر لە ساڵی 2011 تەواو گۆشەگیرکرابوو و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆشەگیرکردنەکەی بانگەشەی پشتبەخۆبەستوویی (خودکفایی) دەکرد، بەکردەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا هیلالە شیعەکەی لە ئێرانەوە بەرەو ئێراق و لەوێشەوە بەرەو سووریا و لوبنان ڕاکێشا. لەوەش گرنگتر چارەنووسی ئەسەد بووە یەکێک لە خاڵەکانی دانووستاندنی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ ئێران لەسەر دۆسێی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە. ئەو قەیرانانەی ئێران لەنێوخۆیدا هەیبوون و ئەو گوشارانەی ڕۆژاوا لەسەر ئەو دەوڵەتە درووستیکردبوون وایکرد درووستبوونی قەیرانی سووریا ببێتە دیارییەکی ئیلاهی بۆ ئێران.
$پەیدابوونی داعش زۆر کەیسی داغی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ساردکردووەتەوە$
براوەی سێیەم دەوڵەتی ڕووسیا بوو. ئەوە ڕوونە کە مۆسکۆ و تاران پشتیووانییان لە مانەوەی ئەسەد کرد. قازانجەکانی ئەو پشتیووانیە بۆ ڕووسیا زۆرزۆر بوون. لەلایەکەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ سووریا، کە هەموو دنیا وەکوو دوایین مەنزڵگای ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قۆناخی پاش ڕووخانی سۆڤیەت، تەماشای دەکرا، پارێزران.
لەلایەکی دیکەوە لەبەرانبەر پشتیووانیکردن لە ئەسەد شاباشی لە تارانیش وەرگرت. بەڵام لەمانە گرنگتر ئەوکاتە ئەو قازانجانە دەرکەوتن کە هەرچی ئیسلامیی توندئاژۆیە داغستان و چیچان و کۆمارە فیدراڵییە موسڵماننشینەکانی ڕووسیایان بەجێهێشت و لە سووریا دەستیان بە “جیهاد” کرد. ئەمە بۆ ڕووسیا “ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە” بوو، ڕەنگە بە بودجەی چەند ملیار دۆلاری و سوپای زەبەلاح و چەکی قوورسیش نەیتوانیبووایە ئەوانە لەو ناوچانە دووربخاتەوە. جگە لەوەش هێندەی ئێستا دنیا بە داعشەوە خەریکە کە مانەوەی ئەسەد هۆکاری سەرەکیی گەشەکردنی بووە، نیو هێندە ئاگای لە دەستتێوەردانەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و پێشتر لە جیۆرجیا نییە.
$گرنگ نییە سووریا وێرانتر دەبێت، گرنگ ئەوەیە یەک ئاگری بەکوڵ هەبێت$
بۆیە باشترین شت بۆ هەموولا ئەوەیە کە جارێ ئەسەد بمێنێتەوە. گرنگ نییە سووریا وێرانتر دەبێت، گرنگ ئەوەیە یەک ئاگری بەکوڵ هەبێت باشترە بۆ شاردنەوەی شەش حەوتێک لە شوێنی جیاواز جیاواز. هەر بۆیەش تازە بە تازە حکومەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە ئامادەیە دانیشتنێک لەنێوان ئەسەد و کاربەدەستانی ئەمریکا ڕێکبخات، بە مەرجێک هەردوولا بیانەوێت. [1]