وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم دەڵێت: چاوەڕوانین 400 ملیار دیناری دیکەش بگاتە دەستمان و ئەویش بۆ مووچەی مانگی چوار دەبێت. دەشڵێت، بە پەسەندکردنی بودجە دواکەوتنی مووچە نامێنێت.
ھونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە، بەو 400 ملیار دینارەی لەلایەن #بەغدا#وە نێردراوە، ئێمە 600 ملیار دینارمان بۆ مووچەی مانگی چوار بەردەستە و لەمڕۆوە #14-05-2023# دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەکەین.
دەشڵێت، دابەشکردنی مووچە بەپێی ئەو لیستە دەبێت، کە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاندووە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکرێت.
لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە هونەر جەمال دەڵێت: هۆکاری دواکەوتنی مووچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ڕێژەیەکی زۆر کوورتهێنانمان لەپارەی تەرخانکراو بۆ مووچە هەیە، 35% کوورتهێنانمان هەیە و 400 ملیارەکەی دیکەش بنێردرێت ئەو کوورتهێنانە نامێنێت.
ئاماژە بە ئەوەش دەکات، وەکوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق بڕیاری لێداوە، چاوەڕوانین 400 ملیار دیناری دیکەش بگاتە دەستمان و ئەویش بۆ مووچەی مانگی چوار دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی دەشڵێت، بەراورد بە مانگەکانی دیکە، تەنیا ئەم مانگە مووچە دوا کەوتووە، تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە بودجە پەسەند دەکرێت و گرفتی دارایی چارەسەر دەبێت و پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت، مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت. [1]