هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەڕڵەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئێراق لە ڕۆژنامەی وەقایعی ئێراقی بڵاوکرایەوە و یاساکە پلەی کۆتایی وەرگرت. وەکوو یاسایەکی بەرکار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بەهۆی ناڕەزایەتی یەکێتی لە مادەی 13ی یاساکە کە تایبەتە بە پارێزگای #کەرکووک#، بڕیارە تیمێکی یاسایی ئەو حیزبە لە دادگای فیدڕاڵی ئێراق سکاڵا لەسەر ئەو مادەیە تۆمار بکات. داوای هەڵوەشاندنەوەی و گەڕاندنەوەی بۆ پەڕڵەمان بکات.
مادەی 13ی یاساکە تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. لە چەند بڕگەیەکی ئەو ماددەیە کۆمەڵێک ڕێ و شوێن بۆ تۆماری دەنگدەران دیاری کراوە کە بەبڕوای یەکێتی دەبنە کۆسپ لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی کورد لە دەنگدان بێبەش دەبن
بەپێی هەمواری یاساکە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا کاریگەریی لەسەر دیاریکردنی پارێزگار و پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە نابێت. بەلای یەکێتییەوە ئەوە پێچەوانەی دەستوورە.
شەوی 26 لەسەر 27ی 3ی 2023، پەڕڵەمانی ئێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەڕڵەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد. پەڕڵەمانتارانی یەکێتی دەنگیان بەهەموارەکە نەدا و ڕایانگەیاند ”ئەو مادەو بڕگانەی تایبەتن بە کەرکووک بە سازشی پارتی بۆ لایەنە عەرەبییەکان تێپەڕێندراوە، لەبەرانبەر سازشی لایەنە عەرەبییەکان بۆ مەرجەکانی پارتی لە کورسی کۆتای مەسیحەکان بووە”.
تیمی یاسایی یەکێتی چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی یاساکە بوون لە ڕۆژنامەی وەقایعی ئێراقی. تا یاساکە پلەی کۆتایی وەربگرێت و دەست بەڕێکارەکانی تۆمارکردنی سکاڵا بکەن. [1]