ناونیشانی بابەت: پەند و شیعرەکانی پیرەمێردی شاعیر دەکرێنە زنجیرەدرامایەک
ژیان و پەند و شعرەکانی #پیرەمێرد#ی شاعیر دەکرێتە دراما، بۆ ئەم مەبەستە و زیاتر ئاگاداربوون لەم کارە هونەرییە و گەیشتن بە خاڵی کۆتایی دراماکە و سیناریۆ و ڕۆڵی کارەکتەرەکان، (باسنیوز) لەنزیکەوە دیدارێکی لەگەڵ #شۆڕش قادر#، هونەرمەند و دەرهێنەر و سینارست ساز کرد و لای خۆیەوە ڕایگەیاند ”دراماکە لە هەر ئەڵقەیەکدا باس لە گرفتێکی کۆمەڵگە دەکات.“
(باسنیوز) وەک ئاگادارین ئێستا سەرقاڵی وێنەگرتنی بەرهەمێکی درامای لەسەر شاعیری مەزن پیرەمێرد، وەک هونەرمەند و دەرهێنەر چۆن بیرت لەم کارە کردەوە؟
شۆڕش قادر: کاتێ دەستم بە خوێندنەوەی کۆی بەرهەمەکانی پیرەمێردی مەزن کرد، زۆر پرسیارم لا درووست بوون، هەڵوەستەیەکم کرد و سەرم سوڕ ما، وام هەست کرد پیرەمێرد بۆ ئێستای نووسیوە، هەر ئەوەش وای لێ کردم بیر لە ئیشکردن لەسەر بیرەوەرییەکان و پەند و قسە نەستەق و چیرۆک و شیعرەکانی بکەمەوە.
(باسنیوز) وەک دەرهێنەری درامایەکە، دەتەوێت لە کام گۆشەوە پیرەمێردی شاعیر بە نەوەی تازە بناسێنی؟
شۆڕش قادر: ئەرکی ئێمەی هونەرمەندە کە هەریەکەمان بتوانین کار لەسەر مێژووی ئەو کەسایەتییە جوانانە بکەین و نەوە لەدوای نەوە بە مێژووەکەیان ئاشنا بکەین، بۆیە من لەم گۆشەیەوە دەمەوێت کار لەسەر پەند و شیعرەکانی پیرەمێرد بکەم.
(باسنیوز) کێ سپۆنسەریی بەرهەمەکە دەکات؟
شۆڕش قادر: ئەم بەرهەمە لەلایەن کەناڵی کوردسات سپۆنسەری دەکرێت و تێچووی کارەکە ئەکەوێتە سەر کوورت و درێژیی ئەڵقەکان.
(باسنیوز) پێدانی ڕۆڵ و کەسایەتیی پیرەمێردی شاعیر لەسەر چ پێوەر و بنەمایەک دانراوە و کێ ڕۆڵەکە دەبینێ؟
شۆڕش قادر: هونەرمەند دڵشاد کوێستانی ڕۆڵی پیرەمێرد دەبینێت، من بزانم فیگەری پیرەمێرد و دڵشاد، خەتی دەموچاویان لەیەک نزیکە.
(باسنیوز) دەکرێت ڕوونتر ناوەرۆکی سیناریۆکە بۆ ئێمە و خوێنەران باس بکەیت، ئەگەر بەکوورتییش بێت؟
شۆڕش قادر: لەناو ئەم درامایەدا، خۆمان ڕۆڵی کەسایەتییەکان دیاری دەکەین و ئەچینە ناو ڕۆڵەکانەوە، بۆ نموونه، یەکێک ئەڵێ هەستە تۆ ڕۆڵی کابرای ڕاستگۆ ببینە و تۆش ڕۆڵی کابرای ساختەچی، هەردوولا دەچنە ناو ڕۆڵەکەوە، واتە نواندن لەناو نوانددا. لە بەشێکی دیکەدا، پیرەمێرد باسی هەموو خەسڵەتە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی کۆمەڵگەی کردووە، بە باش و خراپەوه، تەنانەت وەک چرووکی و ئیرەیی بردن و جوانیی سرووشت و خۆشەویستی و ڕامیاری و ڕاستگۆیی و زۆر شتی دیکەیش.
(باسنیوز) چەند کارەکتەر لەم درامایەدا بەشدارن، ئەگەر ناویان بهێنیت؟
شۆڕش قادر: زۆر کارەکتەر لەناو ئەم درامایەدا بەشدارن، سەرەتای ئەڵقەی یەکەم بیست کارەکتەر ڕۆڵی تیادا دەبینن، دواتر لە ئەڵقەکانی دیکەدا زیاد دەبن و تا دوا ئەڵقە دەچێتە نزیکەی شەست کارەکتەر، هەر بۆیە دەکرێت باس لە ڕۆڵی هەندێک ئەکتەر بکەم، کە لای بینەر نامۆ نین و ئەزموونی چەند ساڵەیان لە نواندندا هەیە، وەک هونەرمەند دڵشاد کوێستانی، عومەر کەریم ئاغا، زاهیر غەریب، نووری کاکەخان، ئاسۆ جۆڵا، ستار سابیر، شێروان عزەدین، شاهۆ سیروان، موزەفەر محەمەد، ئازاد سۆرانی و چەند ئەکتەری دیکە، وەک گوتم لە ئەڵقەکانی دواتردا ڕۆڵ دەبینن.
(باسنیوز) بۆچی لە ناوهێنانی کارەکتەری ئەم درامایە هیچ خانمێک ڕۆڵی نییە؟
شۆڕش قادر: نەخێر، وەک لەپێشەوە ئاماژەم پێی کرد، ئەم درامایە بە سەرگوزشتەی پیرەمێرد دەست پێدەکات و زیاتر پەند و شیعرن، لە ئەڵقەکانی دیکەدا ڕۆڵی کارەکتەری نوێ دەردەکەوێت و چەند خانمە هونەرمەندێکی وەک هونەرمەندان دێرین محەمەد، هاژە محەمەد، نۆژین، پەروین ئامانی، ئاوارەخان، شەنگە کەرکووکی و شیراز جەمال لە ئەڵقەکان ڕۆڵ دەبینن.
(باسنیوز) لۆکەیشن و وێنەگرتنی ئەم درامایە کەوتووەتە کوێوە؟
شۆڕش قادر: لە شاری سلێمانی کار لەسەر ئەم چیرۆکە کراوە، لۆکەیشنی ئەم درامایە وابەستە نییە بە یەک شوێن، زۆر شوێن بۆ کارەکە کراوە بە لۆکەیشن.
(باسنیوز) ئەرکی وێنەگرتنی ئەم درامایە بە کێ سپێردراوە؟ کێن ئەوانەی لە پشت کامێراوە ڕۆڵیان لەسەرخستنی ئەم بەرهەمەیە هەیە؟
شۆڕش قادر: وێنەگری بەئەزموون (بەرزان شکار) کاری وێنەگرتنی گرتەکانی ئەم درامایەی لەسەر شانە، دەنگ و بووم (بابان سۆران) ، ڕووناکی (شاڵاو محەمەد) ، کاری ماکیاژ (شەنگە کەرکووکی و فۆتۆ (شێروان پاشا) ، ئەم بەرهەمە بە توانای تەواوی ستافەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
(باسنیوز) وەک هونەرمەند و دەرهێنەر، تا چەند هەست بەوە دەکەی تێکدانی گەڕەک و کۆڵانە کۆنەکانی شاری سلێمانی و کردنیان بە باڵەخانەی سەردەم، گرفت بۆ ئەم جۆرە کارە هونەرییانە درووست دەکات؟
شۆڕش قادر: من هاتووم ئەم کارە هونەرییە هاوچەرخە ئەکەم، پێویستم بە خانوو و گەڕەکی کۆن نییە، ڕاستە چیرۆکەکە مێژووییە، بەڵام پەندەکانی پیرەمێرد پڕاوپڕن بە ئێستا و ئەم سەردەمه، لە هەر ئەڵقەیەکدا باس لە گرفتێکی کۆمەڵگە دەکات.
(باسنیوز) دەکرێت بزانین دراماکە چەند ئەڵقە لەخۆ دەگرێت و کاتی ئەڵقەکان چەند دەخایەنێت؟
شۆڕش قادر: دراماکە نزیکەی 30 ئەڵقە دەبێت و هەر ئەڵقەیەک 20 خولەکە.
(باسنیوز) ئایا هەر بە پیرەمێردەوە دەوەستیت یان کەسایەتیی تریش دەکەیتە کاری هونەری؟
شۆڕش قادر: هەتا وزەم تێدا بێت کار ئەکەم، لەوانەیە ساڵێکی دیکە کار لەسەر کەسایەتییەکی دیکە بکەم، چونکە پێم وایە سوودم لە شانۆ بینیوە و گواستوومەتەوە بۆ تەلەڤزیۆن.
(باسنیوز) ئایا تێکست و ملیۆدی بۆ پێشەکیی دراماکە دانراوە، ئەگەر دانراوە کێ کاری لەسەر کردووە؟
شۆڕش قادر: تێکست و میلۆدی دانەنراوە و تا ئێستا بیرم لێی نەکردووەتەوه.
(باسنیوز) بۆ ئاییندە هیچ پڕۆژەیەکی دیکەی هاوشێوەی ئەمەت لە بەرنامەدایه؟
شۆڕش قادر: بە ڕای من ئەگەر بتەوێت کار بکەیت کار زۆرە، چونکە گەلی کورد زۆر چیرۆکی هەیە، بە خۆش و ناخۆشەوە، هەر شارێک، یان گەڕەکێک لەم کوردستانە پڕ لە چیرۆکە.
(باسنیوز) : وەک هونەرمەند و دەرهێنەر، چ پەیامێکت بۆ (باسنیوز) و خوێنەرانی هەیە؟
شۆڕش قادر: هەروەک چۆن (باسنیوز) لە پێشکەوتندایە، هیوادارم زیاتر گرنگی بە هونەرمەندان و کار و هەواڵە هونەرییەکان بدەن، لەگەڵیان بەردەوام بن و لێیان دانەبڕێن، هیوام سەرکەوتنتانە لە کارەکانتان.[1]