ناونیشانی بابەت: شۆکی پاش شکست
ناوی نووسەر: هێمن عەبدوڵڵا 2
ڕۆژی دەرچوون: 15-01-2018
ئەم هەفتەیە سێ مانگ بەسەر شکستی شازدەی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت. هێشتا لە کوردستان جەدەلێکی بێمانا و بێکەڵک لەسەرئەوەی کە ئەوەی ڕوویدا شکست بوو یان شکست نەبوو، بەردەوامە. هێشتاش بەردەوامین لەسەر دووبارەکردنەوەی ئەگەر خیانەت نەبووایە، نەدەشکاین. ڕستەیەک کە تازە ناتوانێ ئەوەی لەدەستمانداوە بۆمانی بگێڕێتەوە.
سێ ڕاستیی تاڵ هەن کە دەبێ قبووڵیان بکەین: یەکەم، بەرانبەر ئێراق و سێبەرەکانی سەر ئێراق شکاوین و هەموو ئەو خاکەی بە خوێن گێڕابوومانەوە، لەدەستماندانەوە، دووەم، گشتپرسییەکی مێژووییمان کرد، بەڵام بۆ ئەم قۆناخە نە لە ژووری دانووستاندن بەکەڵکمان دێت نە لەدەرەوەی ئەو ژوورەش، سێیەمیش، لە شازدەی ئۆکتۆبەردا بە ڕۆژی ڕووناک خیانەت کرا، بەڵام بۆ ئەم قۆناخە نە دەتوانین کەس لەسەر خیانەت سزابدەین و نە دەشتوانین نێوماڵی خۆمان بە پەنجەڕۆکردن لەو برینە، لەوەی کە هەیە پەرتەوازەتر بکەین. گۆڕانکارییەکان خێران و ئەوەی لە سەرکردەکانی کوردستانیش دەیبیستین هیچی ئەو دڵنیاییەمان ناداتێ کە ئەجێندا و بەرنامەیەکی ڕێکوپێکیان هەبێ بۆ شکاندنەوەی گۆڕانکارییەکان بەقازانجی کوردستان. لەم دۆخە پڕ لە نائومێدییەدا دوو ڕێگەمان لەپێشن: یان دەست لەسەر دەست دابنێین و چاوەڕوانی ئەوەبین دۆخەکە بگۆڕێ و بەخت ببێتەوە یاوەرمان، یانیش بەوەی کە هەیە ڕازی نەبین و بە بەخۆداچوونەوە و پلاندانان و کردەوە خۆمان وابکەین بەخت پشتمان تێنەکاتەوە. ئەوەی دەیخوێنیتەوە هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن بە ڕێگەی دووەمدا بڕۆین.
شۆکی پاش شکست و ترسی تەندرووست
مێژوومان بریتییە لە شکستی یەک لەدوای یەک. هەر دە پازدە ساڵ جارێک نەوەیەک شۆکێکی پاش شکستی بینیوە. پاش هەر شکستێکیش بەهێزترەوە هەستاوینەتەوە. ئەنجامدانی گشتپرسی لە سەرتاسەری خاکی باشووری کوردستان دەرفەتێکی مێژوویی بوو کە پاش شکستی دەستپێکمان بەرانبەر داعش و شکستهێنانی بنەمای تەوافوق و شەراکەت لەگەڵ بەغدا، قۆستمانەوە و وەک دەرکەوت دووبارە نەدەبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چەندە داننان بە گشتپرسی وەک دەرفەتێکی مێژوویی گرنگە، هێندەش داننان بەوەدا گرنگە کە لە شازدەی ئۆکتۆبەرەوە شکاوین و دەبێ خۆمان بۆ دەرچوون لە شۆکی پاش شکست ئامادە بکەین.
ڕەخنەیەک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەبەردەوامی لە عەبادی و بەغدای دەگرین، ئەوەیە کە لەخۆیان بایی بوون، بەڵام ئێمە پێش ئەوان لەخۆمان بایی ببووین. ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوودانی شکستەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر بوو. هەردوو لەخۆباییبوون خراپ بوون و خراپن، بەڵام بۆ ئێمە دوو جار زیاتری ئێراق خراپ بوو. چونکە ڕووداوەکان دەریانخست ئەوان هەرچییەک بن و لە چاوی ئێمەدا هەرچەندە تائیفی و نادیموکراسیش بن، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەک دەوڵەت قبووڵکراون و ئێمەش هەرچەندە خۆمان پێ داکۆکیکاری بەهاکانی وڵاتانی ڕۆژاوا و دۆستی دێرینیان و دوورگەی ئارامی و پێکەوەژیان بێت، هەر بەشێکین لەو دەوڵەتەی جیهان لە ئەدرێسی بەغداوە مامەڵەی لەگەڵدەکات. ئێمە زیادەڕەویمانکرد لە نەترسان و بێمنەتی، کە ڕاستتر وایە ترسێکی تەندرووستمان هەبێت. چیرۆکی ئەو ئیسرائیلییانەی هێشتاش لەماڵەوە کەرەستەی پەڕینەوە لە دەریایان هەیە پەندئامێزە. ئەوان بە دڵ و گیان خزمەتی پێشکەوتن و بەهێزترکردنی دەوڵەتەکەیان دەکەن، ئەمەش وایکردووە لە زۆر بواردا تواناکانیان لە ناوچەکەدا بە هێز و توانای دەوڵەتانی دیکە بەراورد نەکرێت، بەڵام هەرواش ئەو ترسەیان لەدڵی خۆیان نەبردووەتە دەرەوە کە ڕەنگە ڕۆژێک دوژمنەکانیان ڕایانبماڵن و ناچاربن لە ڕێگەی دەریاوە هەڵبێن. ئەو ترسە ترسێکی تەندرووستە و وادەکات نەوە دوای نەوە هەموو هەوڵێک بدەن کە قەت ئەو ڕۆژە نەیەت بۆ ڕزگاربوون پێویستیان بە دەریا بێت. نموونەی هەستانەوەی ژاپۆن و ئەڵمانیا و ترسی تەندرووستی ئەوان لە دووبارەبوونەوەی شکستیش هاوکارێکی باشە بۆ بەخۆداچوونەوە و پلاندانانمان بۆ ئاییندە. لەلای ئێمە لەسەر دوو ئاست کارمان لەسەر ترس کرد: یەکەم، ترساندنی خەڵک لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، بۆ ئەوەی دەستەمۆیان بکەن، دووەمیش نەترساندنی خەڵک و درووستکردنی متمانەی زیاد لە پێویست بە توانای ئیدارەی کوردستان، بۆ ئەوەی سەرسامیان بکەن و پشتیووانییان نەدۆڕێنن. بەداخەوە لەدوای شکستی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە دەرکەوت ئەو نەترسانە چەندە زیانبەخش بوو. ئەو نەترسانە هەر لە بواری ئابووریدا نا، بەڵکوو لە بواری دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕیشدا دەریخست هێندە کەمتەرخەم و خۆشخەیاڵ بووین کە لەپڕ زانیمان قەوارەکەمان وەک پاشا بێ جلوبەرگەکە وایە.
دیارنییە بەرەو کوێ دەچین
پاش شکستە کەمەرشکێنەکە، سەرکردایەتیی ئێستا دەیانەوێ کوردستان بەرەو کوێ ببەن؟ ئەمە ئەگەر بۆ من وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئاگادار لە ڕووداوەکان ڕوون نەبێت، چۆن بۆ دادە ئامینەیەکی نیو خوێندەواری دانیشتووی گەڕەکی تەیراوەی هەولێر ڕوون دەبێت؟ لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەڤانی و پەیام و هەڤپەیڤینە نووسراو و بیندراو و بیستراوانەی لەمڕۆژانەدا بڕیارسازانی کوردستان دەیکەن، هەستی ئەوەت نادەنێ کە هەڵسەنگاندنیان بۆ شکستەکە کردووە و پلانیان بۆ پاش شکست داناوە. جگە لە قسەی دووبارەی بەر لە شکست و یەکدی تۆمەتبارکردن و چەقین لە ڕابردوودا، کەمیان شتی نوێ لەسەر ئێستا دەڵێن. هەمیشە ڕێبەرایەتیی سیاسی، جا چ هی دەوڵەت بێت یان هی شۆڕش، وێنەیەک دەداتە جەماوەرەکەی کە بڕیارە بەرەو کوێ بچن. ئەو وێنە ڕوونەیە ئەو جەماوەرە دەجووڵێنێت بۆ گەیشتنە ئامانج.
خەڵک مافی خۆیەتی بزانێ بەرەو کوێ دەچێت. ئەمەش تەنیا بەو مانایە نییە کە بزانین لەگەڵ بەغدا دەگەینە کوێ، چونکە ئەمە بەشێکە لە وێنە گەورەکە. بەڵکوو ئەوەشە کە چۆن جلوبەرگێک بۆ قەوارەکەمان دەدروین، بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی دیکە وێنەیان گرتینەوە بە ڕووتوقووتی دەرنەکەوین. بۆ نموونە لەڕووی ئابوورییەوە بەتەمای چین، لەڕووی کولتووری و پەروەردەوە کار لەسەر چی دەکەین و نەوەی گەلێکی هەڕەشەلێکراو پێویستە بە کام چەکی زانین و لێهاتوویی پڕچەک بکرێت و چۆن دەستمان دەگاتە ئەو چەکانە. چۆن قووڵایی ستراتیژیی خۆمان لە پارچەکانی دیکە دەپارێزین و واناکەین وەک تەنگانەی ئەم جارە هیچ سوودێکی بۆمان نەبێ. دەبێ بزانین لەڕووی دیپلۆماسییەوە هەڵەکانمان چی بوون و چۆن دەتوانین لەو بوارەدا هیچ نەبێ بۆ دە ساڵی ئاییندە خۆمان ئامادە بکەین. گریمان سبەی ڕەوشەکە گۆڕا و دەرفەتمان بۆ درووستبوو ببینە دەوڵەت، بەو ناڕوونییەی ئێستا لە پلانی ئاییندەماندا هەیە و دەریشکەوت چارەکە سەدەیەکە هیچماننەکردووە، هیچ لە حاڵی خەڵکی خۆمان ناگۆڕین. هاونیشتمانییەکی کەرکووکی بە نموونەیەکی سادە وێنەیەکی جوانی ڕەوشی ئێستامانی بۆ باسکردم: ”سەرکردایەتییەکەمان پێیگوتین با گوێتان کون بکەین و گوارەتان بۆ بکڕین. گوێیان کونکردین، کەچی دەرکەوت پارەی گوارەکەیان نییە!“ ئەمە درووست ئەو پرسیارەیە کە دەبێ لەسەری ڕابوەستین: دەبێ بە کام ڕێگەدا بڕۆین بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی دیکە گوێمان کونکرایەوە، پارەی گوارەکەمان هەبێ؟
ناچارین یەکڕیزبین
پاش شکستی شۆڕش لە حەفتاکاندا، سەدام یەکێک لە سەرکردەکانی سەردەمی شۆڕش دەبینێت. ئەو سەرکردەیە شتێکی هاوشێوەی حیزبی درووستکردبوو و داینابوو بەغدا لەسەر کێشەی کورد دانووستاندنی لەگەڵ بکات. لە دیدارەکەدا سەدام پێیدەڵێت: ”حیزبەکانی دیکەش ڕازی بکە، ئەوکات دانووستاندن دەکەین“. سەرکردەکە دەگەڕێتەوە و کەسی پێ ڕازی ناکرێت و دانووستاندنەکان سەرناگرن. عەبادیش لەمڕۆژانەدا هەمان شت بە کوردستان دەڵێت: ”لەنێوخۆتاندا ڕێککەون، ئینجا وەرن بۆ ڕێککەوتن“. چیرۆکی تاڵی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەر ئەوەیە. ئەوکاتانەی دوو شاند یان زیاتر بووین و چووینەتە ئەوێ هیچمان دەستنەکەوتووە. ئەوکاتەی یەک شاند بووین، وەک سەردەمی بەرەی کوردستانی و سەردەمی پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، هەم بەغدا زۆرتر ڕێزی گرتووین و هەم دنیاش پشتیووانیی لێکردووین. ئێستا کێشەی گەورەی نێوخۆییمان هەن و هۆیەکەشی ئەوەیە شکستمان هێناوە لە خۆبەڕێوەبردن و سەلماندنی شیاویمان بۆ خۆبەڕێوەبردن. نزیکەی سی ساڵە کیانێکی دێفاکتۆمان هەیە، بەڵام نەمانتوانیوە دەستوورێکی بۆ دابنێین. کاتێکیش هەوڵمانداوە ئەو دەستوورە دابنێین، ئەنجامەکەی بێهەیبەتکردنی پەڕڵەمان بووە. نزیکەی سی ساڵە حکومەتداری دەکەین، کەچی حیزبەکانمان پێیان ئاساییە چەند مانگێک بەر لە هەڵبژاردن لە حکومەت بکشێنەوە. هۆکاری شکستی شازدەی ئۆکتۆبەر دەگەڕێنینەوە بۆ خیانەت، کەچی هۆکارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە لەو سی ساڵەدا نەمانتوانی سوپایەکی نیشتمانی درووستبکەین کە لەجیاتی حیزب و سەرۆک تاقم، فەرمان لە وەزیر و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی وڵات وەربگرێت. ئەوانە هەموویان هەن، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی دیکەشمان نییە جگە لەوەی یەکڕیز و یەکدەنگ بین بەرانبەر دنیای دەرەوە و فرەدەنگ و هەمەچەشن بین لەنێوخۆماندا.
تێگەیشتن لە جیهان
ئەوەی لەکاتی گشتپرسی و پاش گشتپرسیش بەسەرمان هات، دەریخست خوێندنەوەمان بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان هەڵە بووە. وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش ڕۆژاواییەکان لەسەر دوو ئاست مامەڵەیان لەگەڵکردین: یەکەم، شەڕی داعش لە ڕێگەی کوردەوە لە ئێراق و سووریا بەنرخێکی هەرزانتر بۆ ئەو وڵاتانە تەواو دەبوو لەوەی کە هێزی سەربازیی خۆیان هێنابووایە. مەبەست لە نرخیش هەم لەڕووی ئابوورییەوەیە هەم لەڕووی توانای مرۆییەوە و هەم لەڕووی سیاسیشەوە. کورد پێویستی بەوە بوو جیهان هاوکاریی بکات و لە هەڕەشەی داعش بیپارێزێت، جیهانیش پێویستی بەوەبوو ئەو شەڕی داعشەی بەملیدا هاتبوو بە هەرزانترین نرخ بیکات. ئەو هەموو بایەخەی لەو ماوەیەدا بە کوردستان دەدرا و هەولێر ببووە وێستگەی سەردانی سەرۆک و وەزیران و دیپلۆماتکاران و ژەنەڕاڵە ڕۆژاواییەکان، بەشێکی گرنگی لەبەر ئەم تێگەیشتن و بەرژەوەندییە هاوبەشە بوو. خاڵی دووەم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەچاو دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی دیکە بە چاوەڕوانیی کەمترەوە دۆستایەتیی ڕۆژاوای کردووە و داواکارییەکانی زۆر نەبوون، بەڵام کاتێک باسی گشتپرسی هاتەگۆڕێ، چاوەڕوانییەکانی کوردستان لە دۆستە ڕۆژاواییەکانی هێندە گەورەبوون کە بۆ ئەو قۆناخە بۆ ئەوان تەحەمول نەدەکران، بۆیەش دژی وەستانەوە. کەواتە لە شکستی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە زانیمان تەنیا چیاکان دۆستمان نین، بەڵام ئەو دۆستانەی هەمانن ئامۆزامان نین، ئەوانیش بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیان هەیە و ناچارنین هەمیشە سازیان بە ئاوازی ئێمە ڕێکخەن.
گەڕانەوە بۆ بەغدا
نە ئێراق وڵاتی بێ موفاجەئەیە و نە عەبادیش خدری زیندەی دەردەکانی ئێراقە. بۆیە سەیرنییە ئەگەر شەش مانگی دیکە هەموو هاوکێشەکان لە ئێراق سەرەوبن ببنەوە و جارێکی دیکە کورد لە یاریکەرێکی شکاوەوە ببێتەوە ئەوەی بە ئینگلیزی پێیدەڵێن کینگ مەیکەر. بەڵام ئەمە خۆزگە و ئەگەر و خەیاڵی شاعیرانەیە و واقیعەکە ئەوەیە کە ئەو بەغدایەی بێزمان نەدەهات وەک پایتەخت مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لە قۆناخی داهاتوودا بۆ ڕاستکردنەوەی باری لارمان زۆر پێویستە تێیدا بەهێزببینەوە و بۆی بگەڕێینەوە. پێویستمان بەوەیە کەسە زۆر عاقڵەکانمان بنێرینە ئەوێ و نەهێڵین ئەوەی ئەم جارە بەسەرمان هات بەهۆی لاوازیی نوێنەرەکانمانەوە لەوێ، جارێکی دیکە بەسەرمان بێتەوە. بەپێچەوانەی ئەوانەوە کە دەمارگیرانە بیردەکەنەوە، بە پێویستی دەزانم دەستی هەر کەسێک لە بەغدا بگوشین کە بزانین بەهۆیەوە پێگەی کورد لە ئێراقدا بەهێزدەکاتەوە. ئێمە چەندە لەنێوخۆدا دەبێ خەریکی خۆبەهێزکردن بین، هێندەش دەبێ لە بەغدا هێز و هەژموونمان زیادبکەینەوە. چونکە ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا فێری بووین، ئەوە بوو کە تەنانەت ئەگەر دەرفەتێکمان بۆ جیابوونەوە لە ئێراقیش بۆ درووستبووەوە، دەبێ ئەوە لەگەڵ بەغدایەک ببڕێنینەوە کە خۆمان تێیدا خاوەن هەژموون بین. [1]