ناونیشانی بابەت: کێ کەرکووک بگەڕێنێتەوە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #30-10-2018#
یەکێتی بەلایەوە گرنگە بە هەر نرخێک بێت، کورد بە و جۆرەی بۆ ئەو حیزبە باشە بگەڕێتەوە کەرکووک، ئەمەشە وایکردووە ئەم جارە مەسەلەی کەرکووک ببێتە گرێکوێرەیەک کە لەجیاتی ئەوەی بە دەست بیکەینەوە، ناچاربین بە ددان هەوڵی کردنەوەی بدەین. کاتێکیش دەڵێم بە هەر نرخێک بێت، مانای ئەوەیە کە یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک تا بەڵێنی زیندووکردنەوەی بیرۆکەیەکی کۆنی مام جەلالیش ڕۆیشتووە کە پێیوابوو دەکرێ شارەکە لەسەر بنەمای دابەشکردنی یەکسانی کارگێڕی (سی لەسەت بۆ هەر پێکهاتەیەک) بەڕێوە ببرێت. ئەمەش دۆڕانێکی گەورەیە بە بەراورد بە و نەخشە کارگێڕییە نا کە بەر لە شازدەی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک هەبوو، بەڵکوو بەراورد بەوەش کە پێش هاتنی #داعش# هەبوو و بەوشێوەیە بوو: کورد 26 کورسی و تورکمان 9 کورسی و عەرەبیش 6 کورسییان لە ئەنجوومەنی پارێزگادا هەبوو. جگە لەوەش پارێزگار و قائیمقامی کەرکووک و سەرۆکی کاتیی ئەنجوومەنی پارێزگاش کورد بوون.
پاش شازدەی ئۆکتۆبەر، کورد هاتە سەر ئەوەی دڵی بە گوتەبێژی پۆلیس و هەندێک پۆستی بچووکی دیکە خۆش بێت. درووست ئەوکاتەی هەندێک کەس لە یەکێتی داوایان دەکرد کورد بێنەوە و لە شۆرجە و شوێنەکانی دیکە دۆڵمە بخۆن و دەستێک دۆمینە بکەن، پارتی بڕیاری بایکۆتکردنی بەشداریی لە ئیدارەی کەرکووک و دواتر لە هەڵبژاردنیش لەو پارێزگایەدا دا، بەڵام نایەکگرتوویی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان و درووستکردنی لیستێکی لاواز بەناوی ئەلوەتەن (نیشتمان) ، کوردی بەلاوازی و زەلیلی و بە ڕازیبوون بە واقیعی داگیرکاری ناردەوە کەرکووک. ئەمەش دەنگدەری کوردی کەرکووکی ناچار کرد دیسان دەنگ بداتەوە بە یەکێتی کە ئێستا یەکێتی ئەمەی لێ بووەتە وێنەی ڕاستەقینەی قەبارەی خۆی لە کەرکووک و لەسەر ئەو بنەمایەش داوای پارێزگار دەکاتەوە.
ئێستا کە لایەنەکانی کوردستان، لەپێش هەمووشیانەوە پارتی، ڕوویان لە بەغدا کردووەتەوە و لە پەڕڵەمان و حکومەتدا بەشدارن، واقیعێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە. ئەو واقیعە نوێیەش دەرفەتێکی تێدادەبینرێت تا هیچ نەبێت دۆخی کەرکووک و ناوچە لەدەستدراوەکان - کە خۆشباوەڕەکان ناویان لێناون ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان- بگەڕێندرێنەوە بۆ دۆخێکی نزیک لە پێش هاتنی داعش. بەڵام ئەمە بە موساوەمەکردن لەسەر ئەو دەستکەوتانەی پێشتر لە کەرکووک هەمانبوون و سەلمێنراون، ناکرێت. بەوەش ناکرێت کە وەک سەرۆکی بەرەی تورکمانی باسی دەکات، هەندێک بەرپرسی یەکێتی لە بەغدا بەڵێنی نەگەڕانەوەی یەکجاریی پێشمەرگە و درووستکردنی فیرقەی هاوبەشی سوپای ئێراق، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی کەرکووکی بەیەکسانی تێدابن، بە تورکمان و عەرەب بدەن.
ئەوەی لە شازدەی ئۆکتۆبەردا دۆڕێنرا پێناچێ جارێ بگەڕێتەوە، بەڵام دەکرێ بەشێکی بەوە قەرەبوو بکرێتەوە کە دۆسیەی کەرکووک لەنێوان پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی دیکەشدا تێکەڵی دۆسیەی سەرۆکایەتیی کۆمار و پێکهێنانی حکومەتەکانی ئێراق و کوردستان و دابەشکردنی پۆست و پایەکانی ئەوێ نەکرێ. واتە دەکرێ لەو شتانەی دیکەدا لەسەر پۆست و دەستکەوت و شێوازی بەشداری ناکۆکیش هەبێ و ڕێکنەکەوتنیش ببێ، بەڵام کەرکووک پێویستی بەوەیە ڕێککەوتنێکی جیاوازی لەسەر بکرێت. ڕەنگە ڕێککەوتنێکی ئاوا بتوانێ فریای ئەوە بکەوێت کە ڕێگە نەدات یەکێتی لەپێناوی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، لە بەخشینی پۆست و پێگە هەستیارەکانی دیکەی نێو کەرکووکدا کە هی کوردن نەک حیزبێک، ڕۆڵی حاتەمی تەی ببینێت. [1]