ناونیشانی بابەت: هێڵی سووری پارتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #17-12-2018#
کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی پارتی و یەکێتی و پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی سێ سەرۆکایەتییەکە کۆبوونەوەی تەشریفاتی و موجامەلە نەبوون و بە کوورت و کرمانجی زۆر شت بە یەکدی گوتراوە. هەڵبەت لە میدیاکاندا پێچەوانەی ئەمە بڵاوکرایەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە قۆناغی خوێندنەوەی ئەجێندای یەکدی و درووستبوونی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی تەواو بووە و لەسەر بنەمای ئەمە دانووستاندنەکان دەچنە قۆناغێکی نوێوە. هەرچەندەش وادیاربوو کە حکومەتی ئێراق زووتر پێکهاتەکەی تەواودەبێت، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی هەن، چانسی پێکهێنانی کابینەی نوێی کوردستان کەوتووەتە پێش ئەوەی بەغدا. هۆیەکەشی ڕوونە: ئەو دەستەی ئێران لە بەغدا و هاوشێوەی ئەویش لە بەیرووت هەیەتی لە پێکهێنان و بلۆککردنی پێکهێنانی حکومەتەکاندا و سەپاندنی کاندیدەکانی بۆ پۆستە وەزارییە هەستیارەکان، لە #هەولێر# پاش سەرکەوتنەکەی پارتی لە هەڵبژاردنی کوردستاندا، ئەو دەستەی نەماوە و پێی بلۆک ناکرێت.
ئەو شاندەی یەکێتی کە هاتبوونە لای پارتی سێ شاندی سێ باڵی نێو یەکێتی بوون کە پێنەچووە قسەیەکی هاوبەشیان پێبووبێت. بۆیەش هەندێکیان لەسەر مێزی دانووستاندن سڵاویان لە یەکدی دەکرد و کامێراکانیش ئەو دیمەنەیان چرکاندووە. وەک کەسێکی ئاگاداری یەکێتیش بۆی باسکردم، ئەندامانی شاندەکە بە ناڕاستەوخۆ بە شاندی پارتییان گوتووە کە بەحوکمی ئەوەی یەکێتی جوگرافیایەکی بەدەستەوەیە، باشترە لەسەر بنەمای ئەوە حوکمڕانیی کوردستان وەک جاران بە فیفتی فیفتی بەڕێوەببردرێت. بەڵام شاندی پارتی پێداگیرییان کردووە کە هەرچەندە ڕۆڵی یەکێتی بە گرنگ دەزانن، بەڵام لەگەڵی ناگەڕێنەوە بۆ فیفتی بە فیفتی و گوتوویانە دەبێ لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن یەکێتی بەشداربێت لە حوکمڕانیدا. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەی کردووە کە مادام وایە دەکرێ یەکێتی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. بەپێی زانیارییەکان وەڵامی پارتی بۆ ئەو گریمانەیە ئەوە نەبووە کە ناکرێ یەکێتی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتیی سەرپشک کردووە.
بەپێچەوانەی کۆبوونەوەکەی یەکێتی لەگەڵ پارتی، ئەو شاندەی گۆڕان کە هاتوونەتە لای پارتی یەک قسە بوون و هەڵوێست و پلانی بەشدارییان ڕوون بووە. لە سەرچاوەیەکی پارتییەوە ئەوەم بیست کە هەرچەندە یەکێتی زۆر لە دژی بەشداریی گۆڕانە، بەڵام پارتی بە گۆڕانی گوتووە کە مەیلی پارتی بۆ بەشداریی گۆڕان لە دەسەڵاتی ئەم خولەدا لە دژی یەکێتی و بۆ بچووککردنەوەی یەکێتی نییە، بەڵکوو لەبەر ئەو ڕۆڵە کاریگەرەیە کە گۆڕان دەتوانێ بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی بیگێڕێت. نموونەش بە دۆسێی نەوت هێنراوەتەوە کە تا ئەوکاتەی هەندێک گەنجی کەمئەزموونی وەک یوسف محەمەد ڕیسی #نەوشیروان مستەفا#یان بۆ بەشدارییەکی چوار ساڵەی ئارام لە حوکمڕانیدا نەکردبووەوە خوری، لەژێر کاریگەریی ئەوکاتی گۆڕاندا شەفافیەتی زۆرتر لە دۆسیەی نەوتدا بە هێنانی کۆمپانیای وردبینیی جیهانیی وەک دیلۆیت درووستبوو.
دوای ئەو کۆبوونەوانە وێنەکە بەشێوەیەکی دیکە گۆڕاوە. بۆ نموونە هەفتەی ڕابردوو باسی ئەوە دەکرا کە ئەگەر یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت وەربگرێت، کەسێکی ئەمنی بۆ ئەو پۆستە دادەنێت، بەڵام ئێستا لەنێو یەکێتیش و تەنانەت نێو پارتیش دیسان ناوی قوبادی کوڕی #مام جەلال# دێتەوە بۆ ئەو پۆستە. بە بڕوای منیش گۆڕینی هاوکاتی سەرکوەزیران و جێگرەکەی لە حکومەتێکدا کە زۆر پڕۆژەی بەردەوامی کابینەی پێش خۆی دەبێت تەواوبکات، باش نییە و قوباد دەتوانێ یاریدەدەرێکی باشی مەسروور بارزانی بێت. بەتایبەتیش کە هەردووکیان ماوەی درێژ لە واشنتن بوون و کولتووری کارکردنی ڕۆژاواییان دەناسن، زوو دەتوانن زمانی هاوبەش بۆ پێکەوە کارکردن بدۆزنەوە.
ئەگەر ئەمە ڕووبدات، پێدەچێ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی بۆ #بزووتنەوەی گۆڕان# یەکلایی ببێتەوە. ئەمەش پۆستێکی گرنگ و بەدەسەڵات دەبێ، چونکە دەبێتە جێگری #نێچیرڤان بارزانی#، کە بە دەسەڵاتە فراوانەکانی نێو یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لە چوار ساڵی داهاتوودا سەرۆکایەتیی وڵات دەکات. یەکێک لە سەرەکیترین تەحەداکانی سەرۆک و جێگرەکەشی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت کە وەک دەزانین جگە لەوەی مەتڵەبێکی سەرەکیی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانە، لە ساڵانی ڕابردوودا مەتڵەبی بزووتنەوەی گۆڕان و کاک نەوشیروانیش بووە.
ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە یەکگرتوو دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن و نەوەی شاسواریش ناکرێ بەشداریی پێبکرێت، چونکە پۆپولیستە و بە بەشدارکردنی حکومەت لەرزۆک دەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە کۆمەڵی ئیسلامییە کە پێدەچێ پارتی هێڵی سووری لەسەر دانابێت. ئەمەش بە بڕوای من هەڵەیە، چونکە ئەگەر بە دەستکەوتی هەڵبژاردن بێت، ناکرێ کۆمەڵ نادیدە بگیرێت، ئەگەر بە کەتن و دژایەتیی پارتیش بێت، کۆمەڵ زۆرتر لە یەکێتی و گۆڕانی نەکردووە تا هێڵی سووری لەسەر دابنرێت. ڕاستییەکەشی گۆشەگیرکردنی کۆمەڵ دەتوانێ قاعیدەکەی نەک قیادەکەی بکاتە نێچیرێکی ئاسان بۆ جووڵانەوەی ئیسلامیی تووندئاژۆیانە کە بەپێچەوانەی کۆمەڵەوە بڕوای بە جووڵانەوەی چەکداری هەبێ. بۆیە بە هەموو بارێکدا باشترە پارتی لەگەڵ کۆمەڵیش دانووستاندن بکات و نەیخاتە دەرەوەی بازنە. [1]