ناونیشانی بابەت: ناکرێ ئێران دوژمن بێت
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #14-01-2019#
#هەولێر# نە دەتوانێ و نە پێویستیشی پێیەتی دوژمنی تاران بێت، بەڵام پاش ئەو کەمپەینەی ئیدارەی ترەمپ دەستی پێ کردووە، هەرچی دۆستایەتیش لەگەڵ تاران بکات دەبێ باجەکەی بدات. هەر ئەو پلارەی ترەمپ لە نەوتفرۆشە کوردەکانی کەرکووکی دا نیشانەیەک بوو بۆ ئەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا گوشارەکان بۆ دوورخستنەوەی دۆستەکانی تاران لە تاران چڕتر دەبنەوە. جا پرسیار ئەوەیە هەولێر لەو نێوانەدا چی بکات؟
بڕیاروایە ئەم هەفتەیە وەزیری دەرەوەی ئێران بێتە هەولێر و #سلێمانی#ش. ئەمەش بە دیوێکدا دەکرێ وا لێکبدرێتەوە کە تاران دۆخی تایبەتی سلێمانیش لەبەرچاو دەگرێ و نایەوێ دۆستە دێرینەکانی لەوێ پشتگوێ بخات، بەڵام دیوەکەی دیکەشی ئەوەیە کە وەک یەکەیەکی کارگێڕی و وەک پایتەختی هەموو هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەولێر ناکات و ئەو دابەشبوونەی کە هەیە زەقتر دەکاتەوە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووشەوە تۆوی دووبەرەکی و دوودەنگیی کوردی ئەمدیو هەر لەلایەن ئێرانەوە چێنراوە و هەمیشە ئێران مامەڵەی لەگەڵ دوو تەیاری جیاواز و دژبەیەکدا کردووە لە بزووتنەوەی باشووردا و هەوڵیداوە هەردوولا هێندەی یەکدی بەهێز بمێنن و لە کۆتاییدا ئیرادەی کورد پەرتەوازە و لاواز بێت.
بەپێچەوانەی ئێرانەوە، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەولێر و بینینی کاربەدەستانی کوردستان، لەنێویشیاندا قوباد، لە پایتەختی کوردستان دووپاتکردنەوەی ئەو پەیامە بوو کە لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەرەوە ئەمریکا گەیاندی و نێوەڕۆکەکەی ئەوەبوو کە ئەگەر ئێستا واشنتن سەربەخۆیی کوردستانیشی نەوێت، بەڵام هەرێمی کوردستانێکی بەهێزی دەوێت. لەوە گەڕێ کە ئەمریکا ماڵ نییە و دەکرێ لە هەر چرکەساتێکدا بتفرۆشێ، بەڵام ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە لە سی ساڵی ڕابروودا هەر ئەمریکا سەرکێشیی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کردووە کە کوردی ئێراق دەستیانکەوتووە. ئێستا هەر ئەو ئەمریکایە وایکردووە لە هەفتەکانی داهاتوودا ئیسرائیل و دوژمنە تەقلیدییە عەرەبی و ئیسلامییەکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لەجیاتی ئەوەی وەک دانووستاندنکار بەرانبەر یەکدی دانیشن، بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆ نێو قاوغی خۆی لەسەر مێزێک لە تەنیشت یەکدی دادەنیشن و پلان و پیلانی هاوبەشیان دەبێ.
هەڵبەت دوای ئەوە ئەمریکا لە کوردیش ناگەڕێت لە یارییەکەدا ڕۆڵی تەماشاچی هەبێت، بەڵام هەولێریش دەزانێت کە هەرچەندە ئەمریکا بۆی گرنگە، بەڵام بۆ پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا و ڕێگەگرتن لە دژایەتیکردنی کوردستان لە بەغداوە، دەبێ پەیوەندیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەشی لەگەڵ تارانیش هەبێت.
بە بڕوای من یەکێک لە تەحەدا گەورەکانی بەردەم سەرۆکی نوێی چاوەڕوانکراوی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019 دا ڕاگرتنی ئەو باڵانسە دەبێت، کە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر گوشارەکانی، کارێکە دەکرێت، بەڵام دژوار دەبێت.
کاتی کۆبوونەوەی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی دوژمنی ئێران هاوکات دەبێت لەگەڵ یادی چل ساڵەی پەیدابوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەو چل ساڵەدا تاران هەوڵی زۆری دا وەک کۆمۆنیستەکانی سەردەمی سۆڤیەت، ئایدیۆلۆژیاکەی هەناردەی دەرەوە بکات و بەمەش نموونەی دیکەی وەکوو خۆی وەک دەوڵەتی شیعی کۆپی بکاتەوە، بەڵام لەو هەوڵەیدا سەرنەکەوت و لە باشترین حاڵەتدا توانی دەنگی شیعەکان لە شوێنی وەک لوبنان و ئێراق بکاتە دەنگی زۆڵاڵ.
بۆیە ئێستا هەرچەندە میدیای فەرمی هەوڵدەدات یادی چل ساڵەکە بکاتە ئاهەنگێکی شکۆدار، بەڵام ئەو دەنگە ڕەخنەییانەی داوادەکەن تاران واز لە هەناردەکردنی شۆڕشە مەزهەبییەکەی و وێڵخەرجییەکانی بۆ ئەو خەونە لەسەر حیسابی گیرفانی بەتاڵی ئێرانییەکان بهێنێت، ڕۆژبەڕۆژ بەرزتر دەبنەوە. ئەوانەش کە دەڵێن بۆ ئەم قۆناغە تاران پێویستی بە دەوڵەتی نەتەوەییە نەک مەزبەهی، ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر گوێیان لێدەگیرێت. بۆیەش ئەگەر ئەمریکا بتوانێ بە پشتبەستن بەو ناڕەزاییە نێوخۆییانە دەستی ئێران لە وڵاتانی دراوسێیدا کوورت بکاتەوە و زۆرتر بە دۆخی نێوخۆیەوە سەرقاڵی بکات، بۆ هەولێر ڕێگەی درووستکردنی کوردستانێکی بەهێز تەختتر دەبێت، چونکە ئەوکات تاران کەمتر دەرفەتی جێبەجێکردنی ئەجێندای پەرتکە و زاڵبەی لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا دەبێت.
[1]