ناونیشانی بابەت: #پەکەکە#، وامەکە!
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #28-01-2019#
=KTML_Bold=پارتی کرێکارانی کوردستان هیچ پاساوێکی نەماوە بۆ لەوە زیاتر بەکارهێنانی خەڵکی باشووری کوردستان. بەتایبەتیش پاش ڕووداوەکانی شیلادزێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێراق ناچاردەبن بیر لە چارەسەرێکی جدی بۆ ئەو دۆسێیە بکەنەوە کە وابکات چیدی لەسەر سنوورەکان ئاگر و ئاسن بەسەر خەڵکدا نەبارێت. ئەمە بووەتە پێویستی و دەبێ قەندیلیش لەمە تێبگات.=KTML_End=
لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، پەکەکە یەکێک بووە لە سەرئێشە گەورەکان بۆ هەرێمی کوردستان کە ڕاستییەکەی دەبوو بەپێچەوانەوە بووایە. ئەوەی پاساوی تەراتێنی داوەتە سوپای تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان پەکەکەیە. ئەوەی وایکردووە تەنیا لەسەر سنوورەکانی باشوور و باکووری کوردستان نا، بەڵکوو لەسەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتیش (بەبیانووی شەڕ لەگەڵ پژاک) گوندنشینان هەمیشە ماڵ بەکۆڵەوە بن و بە تۆپباران و بۆمبارانی فڕۆکە شەهیدبن هەر پەکەکەیە. داگیرکەر مادام داگیرکەر و دوژمنە بە پاساو و بێ پاساو دەتکوژێ، بەڵام کاتێک پەکەکە ئەو پاساوەی لەسەر سەبەتەی زێڕین پێشکەش بکات، لەدەست خۆی نادات و ژیانت لێ دەکاتە دۆزەخ.
پار بەهۆی داخرانی ئاسمانی کوردستانەوە، بە بەردەوامی بە باکووری کوردستاندا هاتوچۆم دەکرد. هەر شارێکی باکوور و هەر کۆڵانێکی ئەو شارانە ئاسەواری وێرانی و خانووی ڕەشداگەڕاوی پێوەبوو، مرۆڤەکانیش نائومێد و بێزار بوون. ئەو دۆخە شەڕێکی خۆتڕێن درووستیکردبوو کە پەکەکە لەو بەشەی کوردستاندا لەنێو شارەکان و بە خۆشاردنەوە لە پشت خەڵکی سیڤیلەوە هەڵیئایساند و ناوی لێنا (شەڕی خەندەک) . من بەر لە دەستپێکردنی ئەو شەڕەش چووبوومە باکووری کوردستان و ئەو خەندەقە نەفرەتییانەم بینیبوو کە لەجیاتی ئەوەی دۆخی خەڵکی باکوور چاک بکەن، ژیانی هێندەی دیکە کردنە دۆزەخ.
دۆخەکە بەر لەوکات وابوو کە بە هەوڵی هەمووان، هەدەپە و ئۆجەلان و ئاکەپە و ئەردۆغان خواستێکی جدییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی شەڕ لە تورکیا لەلا درووست ببوو. زۆربەی باکووری کوردستان بەفەرمی بەدەست دەوڵەتەوە بوو، بەڵام بەکردەوە بەدەست هەدەپەوە بوو. فراکسیۆنێکی گەورەی کوردی لەنێو پەڕڵەمانی تورکیا هەبوو. کەس بڕوای نەدەکرد جارێکی دیکە کوردی باکوور بگەڕێنەوە دواوە، بەڵام کەس ئاگای لەو خەونە خراپانە نەبوو کە سەرکردە شەڕخوازەکانی قەندیل بینیبوویان و دەیانەویست وەدیبهێنن. ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە باکوور وێران بوو، ئۆجەلان گۆشەگیر کرایەوە و هەدەپە هەموو شتێکی لەدەستدا و دەمیرتاش گیرا و برادەرانی قەندیلیش وەکچۆن پێشتر لە شاخ بوون، هیچ لە ژیانیان نەگۆڕا و هەموو شتێک هەر وەک خۆی مایەوە.
لە ماوەی چارەکە سەدەی ڕابردوودا پەکەکە هیچ شتێکی نەکردووە کە ببێتە مایەی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. لەسەر سنوورەکان هەر سەرئێشە بووە، لە ناوچە دابڕاوەکاندا هەر مایەی دەردەسەری بووە و لەنێوەوەی هەرێمی کوردستانیش بە درووستکردنی حیزبی پرۆکسی و ڕادیکاڵیزەکردنی گەنجان و خەڵک ژیانی ناسەقامگیر کردووە. هۆیەکەشی ڕوونە: پەکەکە لەجیاتی ئەوەی ڕووی لە باکووری کوردستان بێت، پشتی لە باکوور و ڕووی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانە. ئەمەش بۆ حیزبێک کە دەمێکە وازی لە چوار پارچەی کوردستان هێناوە و ماوەیەکیش بانگەشەی خۆسەریی دیموکراتیکی کردووە بەهەدەردانی وزە و تواناکانییەتی لە ئیشێکدا کە هی ئەو نییە.
لە قۆناخی داهاتوودا دەبێ هەولێر کار لەسەر حەساندنەوەی هاووڵاتییانی بکات. پاش سی ساڵ لە گۆنگەڵی سەربازی و سیاسی کاتی ژیانە بۆ ئەو خەڵکە. یەکێک لە پێشمەرجەکانی ژیانیش ئەوەیە کە خەڵک هەست بە ئاساییش بکات، بەداخەوە یارانی ئەشکەوت لە قەندیل ئەمەیان لە ساڵانی ڕابردوودا تێکداوە و نابێ چیدیکە هەولێر ڕێگەبدات درێژە بەمە بدەن. چونکە ئەگەر بە کوردایەتی و هەستی نەتەوەییش بێت، کوردایەتی ئەوەیە کە هەوڵبدەی ژیانێکی خۆش بۆ هاونەتەوەکەی خۆت دەستەبەربکەی نەک لێی تێکبدەی. [1]