ناونیشانی بابەت: سەرۆکی ترازان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #18-03-2019#
ئێستا کە وردەوردە ئاماژەکانی پەشیمانبوونەوەی یەکێتی لە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دەردەکەون، ئەوەش ڕوونبووەتەوە کە کێ لە پشت ئەوەیە کە یەکێتی بدات بە داری گۆڵەکەدا و وەک پێشبینیمانکردبوو قسەی کۆسرەت ڕەسووڵ بەرانبەر پارتی بشکێنێت. ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و نیشانەی ئەوەیە کە لە دەرهاویشتەکانی پاش شازدەی ئۆکتۆبەر پەندیان وەرنەگرتووە.
لەو هەڤپەیڤینەدا کە #نێچیرڤان بارزانی# لەگەڵ ماڵپەری ئەلمۆنیتۆر کردبووی و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، یەکێک لە پرسیارەکان لەسەر دانووستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت بوو و ئەویش باسی ئەو واقیعە نوێیەی کردبوو کە پاش مردنی #مام جەلال# بۆ ئەنجامدانی دانووستاندن لەگەڵ یەکێتی درووستبووە.
کاردانەوەی یەکێتی (هەڵبەت ئەگەر قسەی گوتەبێژی یەکێتی بە هەڵوێستی ئەو حیزبە حیساب بکرێت و سبەی بە قسەیەکی نوێ تەریقی نەکەنەوە!) بۆ قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، کرچ و کاڵ و ئیستیفزازی بوون و بە زیانی یەکێتیش تەواودەبن. چونکە وەک زاندراوە نێچیرڤان بارزانی هەمیشە ویستوویەتی ڕێککەوتن لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت و ئێستا زیاتریش دەیەوێت، چونکە دەبێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەر ئەویش لە مانگەکانی ڕابردوودا پشووی پارتیی لەسەر یەکێتی درێژتر کردبوو و بەربەستە دەروونییەکانی دەشکاند بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت.
بۆیەش گێڕانەوەی هەموو شتێک لەگەڵ پارتی بۆ خاڵی سفر، کە بەڕوونی دیارە یەکێتییەکان بۆ شکاندنی کۆسرەت ڕەسوڵ دەیانەوێ بیکەن، لە بەرژەوەندیی ئەو حیزبەدا نییە. هەڕەشە و پلاندانانیش بۆ دەنگنەدان بە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی هەموو شتێکە لەگەڵ پارتی، لەلایەن یەکێتییەوە و ئەمەش هەڵەیەکی سیاسیی دیکەیە کە یەکێتی لە ڕۆژانی داهاتوودا دەیەوێ بیکات.
وەک زانیومە #بەرهەم ساڵح# پاڵنەری سەرەکییە بۆ پەشیمانکردنەوەی یەکێتییە تاڵەبانییەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسووڵ لەگەڵ پارتی. هەر ئەویش بوو لەپێش ڕێککەوتنەکە کەشی نەسازانی لەنێو یەکێتیدا درووستکردبوو و بەوهۆیەوە پڕۆسەی سیاسیی لەپاش هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە تووشی دەستی دەستی پێ کردن کردبوو. ئەمەش بۆخۆی دیاردەیەکی کۆمێدییە کە سەرۆککۆماری دەوڵەتێک لەجیاتی ئەوەی فاکتەری سازاندنی لایەنەکان و جووڵاندنی پڕۆسەی سیاسی بێت لە وڵاتێکدا، خۆی بووبێتە فاکتەری تێکدان و نەسازان. لێشتان ناشارمەوە بەو ڕابردووە سیاسییە مەعلوومەی لە بەرهەم ساڵح دەیزانین، بەردەوام وەک فاکتەری نەسازان ناسراوە. ئەو لە گەرمەی نەخۆشکەوتنی مام جەلالدا لەگەڵ هاوژین و ماڵباتی تاڵەبانی تێکیدا و نێوماڵی یەکێتیی کردە دوو پارچە. دواتر هەوڵیدا حیزبەکەی خۆی، کە ناوی لێنابوو هاوپەیمانی، پەرتەوازە بکات.
ئەمەش جووڵەیەکی عەنتیکە بوو و قەت نەمزانیبوو سەرۆک حیزبێک هەیە هەوڵی تێکدانی حیزبەکەی خۆی دەدات! لەوەش عەنتیکەتر و پێکەنیناویتر ئەوەیە کە دوو پەڕڵەمانتاری هاوپەیمانی هێشتاش لە بەغدا بەناوی هاوپەیمانییەوە خۆیان دەناسێنن، کەچی لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا وەک گوتەبێژی بەرهەم ساڵح قسەدەکەن، کە دەگوترێ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتییە.
جا بە کوورتی و کرمانجی یەکێتییە تاڵەبانییەکان هێلکەکانی خۆیان لەگەڵ کەسێکدا خستووەتە سەبەتەیەکەوە کە لەلایەکەوە نەک پارتی و گۆڕان بەڵکوو تەنانەت نەوەی نوێش وەک سەرۆککۆمار دانی پێدانانێن و لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەیوت هێشتاش ڕوون نییە بووەتەوە یەکێتی یان نا و دەیانەوێ لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتی پەشیمان ببنەوە کە بۆ ئاییندەی خۆیان حەیاتییە. چونکە وەک زانیومە هەریەکە لە پارتی و گۆڕان بڕیاری خۆیانداوە و لەگەڵ یەکێتی بێ یان بەبێ ئەو بەمزووانە حکومەت پێکدەهێنن. [1]