ناونیشان: وەک دوبەی بکەین؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #07-05-2019#
لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی، پشوویەکی کوورتم لە کار دابوو، خەریکی خوێندنەوەی نوێترین پەڕتووکی محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم بووم. حاکمی دوبەی و کوڕی ئەو ماڵباتەی لە ماوەی کەمتر لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا لە هیچە وە و لەسەر لم، وڵات و شارێکیان خوڵقاندووە دەبێ هەموو عەرەب شانازیی پێوە بکەن. پاش بینینی دیمەنەکانی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە و بیستنی قسەکانی سەرۆکی داهاتووی هەرێمی کوردستان، هیچ شتێکم بە گرنگتر نەزانی لەوەی بەشێک لە ڕووداوە پەندئامێزەکانی نێو پەڕتووکی (قصتی) بۆ سیاسییەکانی کوردستان و خوێنەرانی دیکەی ئەم چەند دێڕە بنووسمەوە. چەندە کاریگەریی دەبێت نازانم، بەڵام دەزانم پێویستمان پێیەتی.
هەڵبەت مەرج نییە هەموو ئەو شتانەی حاکمی دوبەی لە پەڕتووکەکەیدا باسیکردوون ڕاست بن، بەڵام چیرۆکی سەرکەوتنی حوکمڕانییەکەی لە دوبەی وادەکات درۆکانیشیمان لە دڵ گران نەبن! ئەو باسی دانووستاندنی دوورودرێژی پێکهێنانی دەوڵەتی ئیمارات دەکات کە شێخ ڕاشدی باوکی و شێخ زایدی حاکمی ئەوکاتی ئەبوو زەبی ڕۆڵی سەرەکییان تێداگێڕاوە و چەندین مانگی خایاندووە بەڵام لە کۆتاییدا ئەنجامی هەبووە. قسەکانی #نێچیرڤان بارزانی# لەکاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆسرەت ڕەسووڵ قسەی محەمەد بن ڕاشدی بیرهێنامەوە کە دەڵێ ڕوئیای بینینی ئیماراتی یەکگرتوو گەورەتر بوو لە ماندووبوون لەو دانووستاندنانەی ڕاوێژکارە بیانییەکان لەجیاتی ئەوەی وابکەن زووتر بگاتە ئەنجام، بۆ خاتری باخەڵی خۆیان قوورستر و درێژتریان دەکرد و هەرجارەی دەستێکی دەرەکی لەمپەڕێکی نوێی بۆ درووستدەکرد. ئەو باسی ئەو چرکەساتە دەکات کە شێخ ڕاشد و شێخ زاید بەپێچەوانەی خووی سەرۆک و میر و شێخ و سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەجیاتی ئەوەی لەسەر سەرۆکایەتیی دەوڵەتە نوێیەکە شەڕ بکەن، شەڕی ئەوەیان بوو کامیان ببنە جێگر و ئەویدیکە بکەنە سەرۆکی خۆیان.
حاکمی دوبەی چیرۆکی خەمگینی سەفەرێکی باوکی بە تەواوی ماڵباتەوە بۆ لەندەن و بۆ لای سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگێڕێتەوە کە چۆن لە شەستەکاندا هەموویان چوونەتە ئەوێ بۆ ئەوەی لێی بپاڕێنەوە ڕێگەیان بدات فڕۆکەخانەیەکی بچکۆلە لە دوبەی بکەنەوە و چیدیکە بۆ هاتوچۆ ناچارنەبن بچنە شاریقە. ئەمە ئەوکاتەی بیرهێنامەوە کە لە کوردستان ناچاربووین بۆ سواربوونی فڕۆکە بچینە تورکیا و سووریا و ئێران و لەکاتی گشتپرسییەکەشدا گەڕابووینەوە ئەو خاڵی سفرەی کە لەسەر سنوورەکان عەسکەرێک بە هەزار سین و جیم ڕێگەمان بدات بە ئۆتۆمبێل خۆمان بگەیەنینە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانیان. محەمەد بن ڕاشد لەکاتێکدا ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە کە وەک خۆی دەڵێت بە و ڕوئیایەی بۆ گەورەبوون هەیانبوو، وایانکرد ئێستا فڕۆکەخانەی دوبەی و پەیوەندیی لەگەڵ کەناراوەکانی ببێتە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی بازرگانی و گەشتیاری لە جیهاندا.
چیرۆکەکانی پەڕتووکەکەی حاکمی دوبەی جیاوازن، بەڵام هەموویان لە چەند لاپەڕەیەکدا لە پێچ و پەنای پەڕتووکەکەدا پوخت کراونەتەوە. ئەو دەڵێت نهێنیی سەرکەوتنی دوبەی هەر خۆجیانەکردنەوەی ماڵباتی فەرمانڕەوا لە خەڵکەکەی نەبووە، بەڵکوو ئەوەش بووە کە شێخ ڕاشدی باوکی و شێخ سەعیدی باپیری و محەمەد بن ڕاشد بۆخۆیشی خشت بە خشت و دیوار بە دیوار بە دەستی خۆیان بەشدارییان لە گەورەکردنیدا کردووە و ئارەقەیان بۆ ڕشتووە و خۆشیانویستووە. واتە ئەگەر ئاغاش بووبن، ئاغایەکی تەمبەڵ نەبوون.
ئەو چوار هۆکارەکەی گەورەبوونی دوبەی و لەویش واوەتر ئیمارات بە سادەیی پوخت دەکاتەوە:
یەکەم، دادپەروەری بۆ هەموو دانیشتووانی دوبەیە و دەبێ هەموویان وەک یەک هەست بە تەناهی و ئارامی بکەن. ئەو دەڵێت لە باوک و باپیرانی ماڵباتەکەیانەوە ئەوە خاڵێکی دەستوورە نەنووسراوەکەیان بووە کە نابێ کەس دانیشتووی دوبەی بێت و هەست بە نادادپەروەری بکات. خاڵی دووەمی دەستوورە نەنووسراوەکەی دوبەی پەیوەندیی باش و هاوسەنگە لەگەڵ دەوروبەر، لەسەر بنەمای ئەوەی دەستدرێژی لە کەس ناکەن، بەڵام لە کەسیشی قبووڵ ناکەن. خاڵی سێیەم کە بە بڕوای من زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە کە ماڵباتی بن ڕاشد بڕیاریانداوە دوبەی بەڕووی هەموواندا بکرێتەوە و پێشوازی لە هەر کەس و کۆمپانیا و دەوڵەتێک دەکەن کە بیەوێ خزمەتی ئابووریی دوبەی بکات. بەڵام بەوەشەوە نەوەستاون و یاسای ژمارە چواریشیان داناوە، کە بریتییە لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووریی دوبەی. ئەویش دوای ئەوە هاتووە کە لە بازرگانیی مرواریدا گورزی بەهێزیان بەرکەوتووە و دواتر بڕیاریانداوە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی دارایی نەبەستن و لەپەنای دەریا و ئاسمان و نەوت و مرواری، خزمەتگوزاریش بە جیهان بفرۆشن. حاکمی دوبەی دەڵێت زۆر کەس لێمدەپرسن ئەو هەموو شاری ڕاگەیاندن و ئینتەرنێت و فڕۆکەخانە نوێیانەتان بۆچییە؟ منیش لەوەڵامدا دەڵێم هەمەچەشنی گەورەمان دەکات.
جا ڕاستییەکەی ئەگەر لە چوار ساڵی داهاتوودا حوکمڕانییەکی سەقامگیرمان لە کوردستان هەبێت، کە هیوادارم هەبێ و ئومێدیش زۆرە وابێت، زۆر پێویستمان بەوەیە ئەو نموونە سەرکەوتووانەی جیهان بخوێنینەوە و لەجیاتی نائومێدی هەوڵبدەین شتە جوانەکانیان کۆپی بکەین، چونکە ئەوەی ئێمە لەڕووی توانای مرۆیی و ئابووری و سرووشتییەوە لەبەردەستمانە، خەڵکی دوبەی و ئیمارات لەو سەردەمەدا کە دەستیانپێکرد لەبەردەستیان نەبوو، بەڵام ئەوان بیرکردنەوەی خۆیان گەورە کرد و بەپێچەوانەی ئێمەوە ڕوئیایەکی ڕوون و فروانیان بۆ دوبەی هەبوو. [1]