ناونیشان: پەکەکە ئێکسپایەر بووە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #23-07-2019#
هەرچەندە دەمێکە ئەوە بووەتە ڕاستی، بەڵام پاش ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەی سوپای تورکیا لە سیدەکان و کوشتنی دیپلۆماتە تورکەکە لە هەولێر، ئیدی پاساوێک بۆ مانەوەی پەکەکە بەو فۆرمەی ئێستایەوە نەماوە. ئەمە قسەیەکی قوورس و ناخۆشە، بەڵام ڕاستییە و دەبێ گوێی لێبگیرێت: شێوازی خەباتی پەکەکە ئێکسپایەر بووە.
بیر و ئایدیۆلۆژیا و حیزب و سەرکردەکان ئیکسپایەر دەبن. ئەمەش ئەوکاتە ڕوودەدات کە لەگەڵ ڕۆحی زەمانی خۆیاندا نەڕۆن و خۆیان نوێ نەکەنەوە و نەگونجێنن. شەڕی گەریلایی کە لە نوێترین فۆرمیدا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوەیان بوو چەپەکان دایانهێنا، لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەزارەی ڕابردوودا بەرەو ئێکسپایەربوون چوو. بۆیە تەنانەت ئەوانەش کە لە سووچ و قوژبنێکی دنیا چەپ نەبوون و ئیلهامیان لەو شێوازی خەباتە وەرگرتبوو، وردەوردە پاشەکشەیان لێکرد و دەستیاندایە شێوازە نوێیە مەدەنییەکان. هەندێک جووڵانەوە بۆ نموونە لە کۆڵۆمبیا و ئیسپانیا تا کۆتاییش بەرگرییان کرد و نەیانویست واز بهێنن، بەڵام دواتر واقیع ناچاریکردن ئەمە بکەن. هەندێکیشیان وەکوو گەریلا تامیلییەکان تەفروتوونا کران و بە زەبری هێز کۆتایی بە جووڵانەوەکەیان هێنرا.
بیرۆکەکە زۆر سادەیە، جاران سۆڤیەتێک هەبوو کە بەناوی پشتیووانی لە جووڵانەوە چەپەکانی جیهان پشتیووانیی لە یاخیبوونە چەکدارییەکان دەکرد. پاش ڕووخانی سۆڤیەت و بەدوای ئەویشدا پێش و پاش دەستپێکردنی شەڕی دژی تیرۆریزمیش بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، وێنەی یاخیبوونی چەکداری و جووڵانەوەی تیرۆریستی زەقتر لە جاران تێکەڵی یەکدی بوون و ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ڕێبەرایەتیی جووڵانەوە چەکدارییەکان لە هیچ قوژبنێکی جیهاندا شوێنێکی ئارامیان بۆ نەمایەوە. لەو ڕۆژەوە کە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوتە دەست تورکەکان، زەنگی یەکەم بۆ پەکەکە لێدرا. ڕاستە پەکەکە ساڵانی درێژ خەباتی چەکداریی خۆی سڕکرد، لەو ماوەیەشدا بایەخی زۆرتری بە خەباتی مەدەنیی نێوخۆیی و لۆبیکردن لە ئەوروپا دا و زۆریش سەرکەوتوو بوو، بەڵام وەک هەمیشە کردوویەتی، ئەوەی بە ساڵان بە خەباتی سیاسی وەدەستیهێنا، بە جووڵانەوەیەکی هەڵەی سەربازی دیسان هەمووی لەدەستدایەوە.
کەس قسەی لەسەر ئەوە نییە کە کورد دۆزێکی ڕەوای هەیە لە باکووری کوردستان و پێویستە تورکیا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام ئەوەی لە ڕۆحی زەمان تێگەیشتبێ و بزانێ ئێستا چ سەردەمێکه، باش دەزانێت کە بە و شێوازەی پەکەکە دەیکات خزمەتی چارەسەرکردنی کێشەی کوردی باکوور ناکرێت. لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە هەمان ئەو سیاسەت و بیرکردنەوە هەڵەیە زیانی گەورەی لە ئەزموونەکەی باشووریش دا. کاتی هاتووە پەکەکە ئەو پەیوەندییە تاکتیکییە کاتییە باشەی لەسەر سووریا لەگەڵ ئەمریکا هەیەتی بقۆزێتەوە و بە گۆڕینی شێوازی خەباتی خۆی و بە کەرەستەی جیاواز ببێتە نوێنەرێکی دۆزی باکوور کە دنیا لەڕووی بێت بەئاشکرا پشتیووانیی لێبکات. هەر ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستاندنێکی نوێ لەگەڵ ئاکەپە و تەنانەت جەهەپەش لەسەر پێکەوەژیانێکی دوور لە زمانی ئاگر و گوللە.
[1]