ناونیشان: کۆنفیدراڵی ئێراق بەهێزدەکاتەوە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #04-11-2019#
لە ڕاڕەوی یەکێک لە بەشەکانی باڵەخانەی پەڕڵەمانی کەتەلۆنیا، لەگەڵ سەرکردەیەکی سۆسیالیستەکانی ئەو وڵاتە، بەدەم ڕۆیشتنەوە قسەمان دەکرد. قسەی پاش هەڤپەیڤین هەمیشە لە قسەی نێو هەڤپەیڤین باڵکێشترن. بەتایبەتیش کە باسەکە باسی فیدراڵیزم بێت و لەگەڵ یەکێک بێت کە لەکاتێکدا خەڵکی وڵاتەکەی داوای سەربەخۆیی دەکەن، ئەو و حیزبەکەی بێن و داکۆکی لە فیدراڵیزم بکەن. لەوەش تایبەتتر ئەوە بێت کە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سۆسیالیست بێت و لەبەر ڕاستڕەوەکانی وڵاتەکەی و لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا نەوێرێ خۆی لە باسی فیدراڵیزم بۆ کەتەلۆنیا بدات.
لە هەڤپەیڤینەکەماندا پرسیارم لەسەر ئەوە لێکرد کە لەکاتێکدا لە ئەزموونی کوردستان و ئێراقدا دەرکەوتووە فیدڕالیزم چارەسەرێکی نموونەیی نییە بۆ کێشەی نەتەوایەتی، چۆن دەکرێ بۆ کەتەلۆنیا نموونەیی بێت. وەڵامەکەی زۆر سیاسییانە بوو، بۆیە پاش هەڤپەیڤینەکە دەمەویست بە زمانێکی سادەتر قسەی لەگەڵ بکەم. قسەکانمان هاتنە سەر باسی کۆنفیدراڵی و پێموت بۆ گەلی وەکوو کوردستان و کەتەلۆنیا کە جەبری جوگرافیا و زۆر هۆکاری دیکە وادەکەن خەونی سەربەخۆییان نەکرێ وەدیبێت، داواکردن و پێداگیری لەسەر کۆنفیدراڵی بۆ درێژمەودا ڕاستترە.
ئەو کە خۆی لێکۆڵەری یاساییە و باوکی کۆنگرێسمانی ئیسپانیا بووە و دایکیشی پەڕڵەمانتار، پێیگوتم ساڵانی زۆر لە کۆنفیدراڵیی کۆڵیوەتەوە و وڵاتێک ناناسێ کە ئەو سیستمە تێیدا سەرکەوتوو بووبێت. نموونەی سویسرام بۆ هێنایەوە، پێکەنی و گوتی: بڕوا بکە ئەویش هەر فیدراڵییە و بەناو کۆنفیدراڵییە. بەڵام ئەویش دەیوت کەیسی کوردستان تایبەتە و مادام فیدراڵی سەرکەوتوو نەبووە و تەنیا یەک هەرێمی فیدراڵی لە ئێراقدا هەیە و ناشکرێ کوردستان سەربەخۆ بێت، ڕەنگە داواکردنی کۆنفیدراڵی واقیعیتر بێت.
ئەو گفتوگۆیە چەند مەترێک دوور لەو هۆڵە کرا کە ساڵی 2017 سەرکردەکانی کەتەلۆنیا تێیدا کۆبوونەوە و پاش گشتپرسییەکەیان خواستی جیدیی خۆیان بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا ڕاگەیاند. ئەوکات من لە کوردستان بووم و چەند هەفتەیەک پێشتر لەگەڵ هاوڕێیەکم گفتوگۆیەکمان هەبوو لەگەڵ کەسێکی زۆر نزیک لە لوتکەی بڕیاری سیاسی، لەسەر دەرهاویشتە چاوەڕوانکراوەکانی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان. ئەو پێیوابوو ئەگەر بتوانین لە فیدراڵییەوە بچینە قۆناخی کۆنفیدراڵی شتێکی باش دەبێ.
ڕاستییەکەی ئەوکاتیش هەموو کەس دەیزانی بەو هەموو دوژمنکارییەوە و بەو واقیعەش کە هەیە ناکرێ یەکسەر سەربەخۆیی جاڕبدرێ و لە بەرژەوەندیی کوردستانیشدا نییە ئەوە بکات، بەڵام بەداخەوە خیانەتەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر وایکرد نەتوانین لە پێگەی هێزەوە ئەو دانووستاندنە بکەین.
ئێستا کە باسی بەناو چاکسازی لە دەستووردا و بەکردەوە هەڵگەڕانەوە لە دەستوور لە ئێراق هاتووەتە ئارا، هەقوایە لەجیاتی داواکردنی دەستکارینەکردنی فیدراڵیزم و پاڕانەوە، ئێمەش هەم لەگەڵ دۆستەکانمان و هەم لەگەڵ ڕەقیبەکانیشمان باسی کۆنفیدراڵی بکەین، کە بە هەموو پێوەرێک چارەسەری هەرە گونجاو و گەرەنتیکراوە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی #هەولێر# و بەغدا. ڕێگەگرتنیشە لە دابەشکردنی ئەو ئێراقەی هەمووان دەزانن کۆتایی هاتووە، بەڵام دەبێ بۆ ماوەیەکی دیکەش بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئێراق یەکێک بوو لەو کەسانەی بە تێگەیشتنەوە بڕوای بە کۆنفیدراڵی هەبوو بۆ ئێراق و نموونەشی بەو سیستمەی ئیمارات دەهێنایەوە کە هەر میرنشینێک نیوە دەوڵەتێکە و ئەو یەکێتییەی هەیانە بەهێزتری کردوون. ڕاستییەکەی بۆ ئێراقیش هەر وایە و فیدراڵی هەمیشە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە هەم بۆ چەوساندنەوەی کورد و هەم بۆ دابەشبوونی ئێراقیش، بەڵام بەپێچەوانەوە کۆنفیدراڵی بەهێزتری دەکات و کێشەکانیشی زۆرزۆر کەمدەکاتەوە. [1]