ناونیشان: شیعە بۆ ناڕازین؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #11-11-2019#
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە شیعە حوکمی ئێراق دەکەن. ئەگەر سوننە ناڕازی بن و دەرهاویشتەی ناڕازیبوونەکەیان درووستبوونی #داعش# بێ، ئەگەر دەرهاویشتەی ناڕازیبوونی کوردیش گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بووبێ، مرۆڤ دەزانێ ئەوە بۆ ڕوویدا. بەڵام کاتێک گەنجی شیعە لە دەسەڵاتی شیعە ڕادەپەڕێ، دەبێ شتێکی زۆر گەورەتر هەبێ، دەبێ ئەوە چی بێ؟
ئەوەی مانگ و نیوێکە لە شەقامەکانی ئێراق ڕوودەدات شڵەقانێکی کاتی و کاردانەوە نییە، بەڵکوو کێشەیەکی قووڵە و وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش باسی کرد، ڕۆیشتنی ئێراقە لە قۆناخێکەوە بۆ قۆناخێکی نوێ. ئەمە قسەی سیاسی و دڵخۆشکردن بە دۆخێکی کاتیی نەخوازراو نییە لە ئێراق، بەڵکوو تێگەیشتنە لەوەی کە ئەوەی ڕوودەدات شتێکی جدییە و تەقینەوەی پەستانێکی کەڵەکەبووی چەندین ساڵەیە لە ویژدانی ئێراقییەکاندا.
داتاکان کە خەڵکی بیانی و بەتایبەتیش ئەمریکییەکان کۆیانکردوونەتەوە، شتی سەرنجڕاکێش دەڵێن. لە قۆناخی پێش هاتنی داعشدا شیعەی ئێراق بەگشتی زۆر ڕازی بوون لە حوکمی شیعە و ئومێدیان زۆر بوو کە دۆخەکە چاکدەبێت. هەمان ئەو خەڵکە ئومێدیان بە ئێرانیش وەک براگەورە و پشتیوان زۆر بوو. بەڵام لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ڕێژەی متمانە و خۆشەویستی بۆ حوکمی شیعە و ئێرانیش بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی پێش داعش نیوە بە نیوە کەمیکردووە.
من ئەمانەتان بە ژمارە پێناڵێم، چونکە سەرلێشێوێنەرن، بەڵام دڵنیابن ژمارەی وردن و دەریدەخەن کە ئێران و حیزبە شیعەکان لە خراپترین دۆخی خۆیاندا دەژین، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە.
شیعەکانی ئێراق و بەتایبەتیش گەنجەکانیان لە مانگ و نیوی ڕابردوودا پەیامێکی ڕوونیان بۆ حیزب و کەسە پۆپۆلیستەکانی خۆیان نارد. ڕوونترینی ئەوە بوو کە سەردەمی قسەی خۆش تەواو بووە و دەبێ کردەوە ببینن. ئێران زۆر بەلایەوە مەبەستە ئەو دۆخەی ئێستای ئێراق تێکنەچێ. چونکە هەرچەندە ئەمریکا دەستی لەو دۆخەدا نییە، بەڵام دەرهاویشتەکەی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێ ئاو دەکاتە ئاشی واشنتنەوە. سیستانی ئەو ڕاستییە باش دەزانێ، بۆیە هەوڵدەدات لەگەڵ خۆپیشاندەران بمێنێ و حکومەت و حیزبە شیعەکان نەیکەنە قەڵغان بۆ خۆپاراستنیان لە خۆپیشاندەران.
ڕاستییەکەی سیستانیش لە ڕووداوەکانی ئەمجارەدا چیدیکە قسەی یەکلاکەرەوە ناکات و خۆپیشاندەر هەن پێیانوایە ئەویش بە بێدەنگبوون و قبووڵکردنی درووستبوونی ئەو دۆخە بەشدارە لەوەی کە ڕوودەدات.
ئێمە لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا باسی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی دیموکراسیی ئینتەرنێتیمان دەکرد لەسەر دنیا، بەڵام وەک دەردەکەوێ، ئێستا ئەو کاریگەرییە لە ئێراقەوە تا دەرگاتە لوبنان و هۆنگ کۆنگ و کەتەلۆنیا و چیللی و پۆڵیڤیا و شوێنەکانی دیکەی جیهان دەرکەوتوون. دەرهاویشتەکە ئەوەیە کە گەنج ستایلی ژیانی یەکدی دەبینن و هەموو سووچێکی دنیا بە یەکدی کاریگەر دەبێت. بۆیە ئەگەر حکومەتێک پێیوابێ دەتوانێ تەنیا بە دابینکردنی ئاساییش یان تەنیا خۆشگوزەرانی، هاووڵاتییەکانی منەتبار بکات و لێیانبخوڕێت تووشی هەڵەیەکی کوشندە بووە.
دنیای نوێ و نەوەی نوێ ئەو نەوەیەیە کە دەیەوێ ببینێ بەشدارە لە وڵاتەکەیدا و هەموو شتێکی لەگەڵ شەیر دەکرێ. ئەو دەبێ سیاسەتەکانی حکومەتەکەی وڵاتەکەی لایک بکات ئەگینا لێی دێتە سەرشەقام و بلۆکی دەکات و دیلیتی دەکات. لە ئێراق سەرکردە تائیفییە شیعییەکان لەو قسانە تێنەگەیشتن و وا باجەکەی دەدەن. بەڵام ئێمە لە کوردستان دەبێ لەو هەڵەیەی ئەوانەوە فێربین و نەهێڵین دووبارە ببێتەوە. [1]