ناونیشان: پشتی پەردەی سەردانەکەی پێنس
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #25-11-2019#
بە ڕواڵەت سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ #هەولێر# بۆ دووپاتکردنەوەی بەردەوامیی پەیوەندییەک بوو کە وەک پێنس ناوی لێنا ئاگری شەڕ بەهێزی کردبوو، بەڵام مانای ڕانەگەیەنراوی سەردانەکە لەوە زیاترە. پەیامەکەشی هەر بۆ گەلی کوردی دۆستی ئەمریکا نەبوو.
ئەوەی کە بۆچی خەلیفەی ترەمپ بەسەر هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ئێراقدا بازیدا و یەکسەر هاتە لای سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی#، هەر لەنێو ئێراق و هەرێمی کوردستاندا پرسیاری درووستنەکردووە. بەڵکوو لە ئەمریکاش کردوویەتی. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بەرپرسێکی کۆشکی سپی وەڵامێکی دیپلۆماسیی داوەتەوە و دەڵێت جێگری سەرۆکی ئەمریکا نەیدەتوانی لە بەغدا باوەش بە بەرپرسانی ئەو حکومەتەی ئێراقدا بکات کە خۆپیشاندەرانی سەرکوت کردووە، بەڵام ئەمە قسەیەکی ڕاست نییە. چونکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، هەمان ئەو مایک پێنسە لە تورکیا باوەشی بە بەرپرسانی تورکیدا کرد کە هێرشیان کردبووە سەر ڕۆژاوای کوردستان و هەر ئەوکاتەش هاواری محەمەدی مێردمنداڵی کورد، کە هەموو لەشی بە چەکێکی فسفۆڕی سووتێنرابوو، دنیای کاس دەکرد.
ڕاستییەکەی ئەو سەردانە بەشێکی پەیوەندی بەو گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەیەوە هەیە کە ترەمپ و ئیدارەکەی سەبارەت بە ئێراق و سووریا و لەنێویشیدا سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لەو دوو وڵاتە دەیانەوێ بیکەن. لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە برۆکسەل لەگەڵ پەڕڵەمانتارانی ئەوروپا و هەندێک کەسی دیکەی نزیک لە بڕیاری ئەوروپا قسەم دەکرد. ئەوانیش باسی ئەو گۆڕانەیان دەکرد کە خەریکە ترەمپ و ئیدارەکەی دەیکەن. ئەویش پاش ئەو هەڵە ستراتیژییەی لە سووریا کردیان و مەیدانیان بۆ ڕووسیا چۆڵ کرد. ئەوان دەیانوت ئەوە درێژکراوەی هەمان ئەو هەڵەیە بوو کە ئیدارەکانی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق کردیان و مەیدانیان بۆ ئێران چۆڵ کرد.
لە ماوەی زۆرتر لە سێ ساڵی ڕابردووی سەرۆکایەتیی ترەمپدا ناوچەکەی ئێمە و بەتایبەتیش کورد زۆرترین زیانی لە تێنەگەیشتنی سەرۆکی ئەمریکا لە کێشەکانی ناوچەکە بەرکەوتووە. ئەمریکا بۆخۆیشی زیانی گەورەی بەرکەوت و ئەوەی پلانداڕێژەرە ستراتیژییەکانی ئەمریکا ساڵەها پلانیان بۆ دانابوو لە ناوچەکەدا، بەشی زۆری تێکچوو. بەتایبەتیش پشتکردنە کورد لە قۆناخی یەکەمدا لە ساڵی 2017 و لە قۆناخی دووەمیشدا ئەمساڵ لەکاتی هێرشەکەی تورکیادا بۆ سەر ڕۆژاوا کە زیانی زۆر گەورەی لە متمانەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهاندا بە ئەمریکا دا. قسەکانی ئەمدواییەی سەرۆک ماکرۆن سەبارەت بە کەمتر پشتبەستن بە ئەمریکا و زۆرتر پشتبەخۆبەستنی ئەوروپییەکان لەڕووی سەربازییەوە، یەکێکە لەو نموونانەی دەیسەلمێنێ سیاسەتی هەڵەی ترەمپ بەرانبەر کورد و پشتتێکردنی هاوپەیمانەکەی زیانی لە ئەمەریکا داوە.
پێنس لەنێو ستافی ترەمپدا کەسێکی ئاسایی نییە و هەروا جێگری سەرۆکیش نییە. ئەو ئێستا بەرجەستەکەری سیاسەتی نوێی دەرەوەی ترەمپە، بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەرچەندە هەوڵەکان بۆ لابردنی سەرۆک لە ئەمریکا زەحمەتە بگەنە ئەنجام، بەڵام تەنانەت ئەگەر سەریشیانگرت، ئەوەی تاوەکوو دوای هەڵبژاردن دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا مایک پێنسە. هەر لەئێستاشەوە ترەمپ ڕایگەیاندووە کە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەشی (ئەگەر دەرچوو) جێگرەکەی مایک پێنس دەبێت. بۆیە کاتێک جێگری سەرۆکی ئێستا و ڕەنگە سەرۆک یان جێگری سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەفەرێکی کتوپڕی خۆیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕووداوێکی ئاسایی و سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو سەردانە پەیوەندی بە کەسایەتی و ئەجێندای نێچیرڤان بارزانییەوە هەیە، کە هەوڵدەدات هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگ و کاریگەریی هەم لەنێو ئێراقدا و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەبێت. بۆیەش ڕۆژێک لەلای شێخ تەمیمی قەتەر دەیبینین و ڕۆژی دواتر میوانی شێخ محەمەد بن زایدە لە ئەبووزەبی. ئەمەش لەم قۆناخەدا کە هەموو ناوچەکە بەسەر دۆست یان دوژمندا دابەش بووە، یەکجار قوورسە. پێنس بەو پەیامەی بۆ عەبدولمەهدی و دوو سەرۆکایەتییەکەی ئێراق ناردی، هۆشداریی دانێ و پێیگوتن: لە ئێران دووربکەونەوە، هەرچەندە دەزانێ پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران و هەولێر و ئەنقەرە خراپ نین و باشیشن و پێویستیشە هەر باش بمێنن، بەڵام پەیامی سەرۆکەکەی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بوو کە دەیانەوێ ئەو پەیوەندییە بەهێزەی بە ئاگری شەڕ درووستبووە، لەگەڵ کورد بپارێزن.
لەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی داهاتوودا ڕوو دەدەن، هەرێمی کوردستان دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگی هەم لەنێو ئێراقدا و هەم لە ناوچەکەشدا هەبێ. سیاسەتی نوێی ئیدارەی ترەمپ و خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە لە ناوچەکەدا و شەڕەکەی تورکیا لەنێو ڕۆژاوا ڕووداوی تێپەڕنین و دەبێ هەرێمی کوردستان بۆ دەرهاویشتەکانیان ئامادەبێت.
[1]