ناونیشان: ڕووسیای بێخەم!
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #09-12-2019#
وێنەی ڕووسیا و پووتین لە کوردستان ئاوایە: ئەوەی ئەمریکا نایکات و نایەوێ بۆمان بکات، ئەوان دەیکەن. بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟ کاتێک پووتین دوای شازدەی ئۆکتۆبەر باسی ئێمەی کرد و گوتی: هەر خۆیان گشتپرسییان کرد و خۆیشیان لێی پەشیمان بوونەوە، ڕاستی دەکرد و نیازی دۆستایەتی بوو؟ ئەوەی کە ڕۆ#سنە#فت وەبەرهێنانی کردووە لە کوردستان تەنیا بۆ ئامانجی ئابوورییە یان ئامانجی دیکەی لە پشتن؟ ڕووس باشترن لە ئەمریکا و ئەوروپا؟ هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بە وردبوونەوەیە.
بۆ ئەوەی لە چیرۆکەکە تێبگەین، دەبێ باسی ئێران بکەین. تا ئەوکاتەی ئێران دژی ڕۆژاوایە پێویستی بە چەکە و ڕووسیاش باشترین و ئاسانترین و خێراترین بازاڕی دەستکەوتنی چەکە. تا ئەوکاتەش کە ڕووسیا بە غازەکەی هەڕەشەی ترسناکە لەسەر ئەوروپا، باشترین شت بۆ مۆسکۆ دوورخستنەوەی ئێرانە لە وڵاتانی ڕۆژاوا. چونکە ئێران ئەڵتەرناتیڤێکی هەرزانتر و خێراتری ڕووسیایە بۆ دابینکردنی غاز بۆ ئەوروپا. ئەو قسانە هی خۆم نین و لە ڕاوێژکارانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانەوە گوێم لێبوون!
مۆسکۆ پلانی پەلهاویشتنی لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکات. زۆریش بێخەمە. چونکە ئەمریکا هەڵەی وای بۆ دەکات کە پێویست نەکات ڕووسیا هەوڵی زۆر بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی دەیەوێت. ئەو سووریای لە ڕێگەی پایەدارکردنی ئەسەدەوە ڕاگرتووە و هەوڵدەدات #هەسەدە#ش (یان ڕاستترە بڵێم گرووپە ڕووسدۆستەکەی نێو هەسەدە) لەژێر ڕکێفی خۆیدا بێت. لەولاشەوە بە تورکیا درزی خستووەتە نێو ناتۆوە. هەرێمی کوردستان بۆ ڕووسیا ئەسپەکەی ترۆجانە تا لە ڕێگەیەوە بێتە ئێراقیش و ئەوێش کۆنترۆڵ بکات. بۆیە گشتپرسییەکەی کوردستان دەرفەتێک بوو بۆ ڕووس تا دەستتێوەردان بکەن لە کوردستان و ئێراق و بۆیان بەباشی نەچووە سەر. بۆیەش قسەکەی پووتین لەسەر گشتپرسی لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیاوە ڕاست بوو کە هەمیشە بەدوای درووستکردنی ناسەقامگیرییەوەیە، نەک لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی گەلێکەوە کە دەنگدانێکی ئاشتییانەیان کرد.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو ڕاستییەش کورد پێویستی بە ڕووسیای بێخەمە. پێویستییەکە بەوهۆیەوەیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەلماندوویانە لە ناوچەکەدا جێی متمانە نین و دەتوانن لە هەر چرکەیەکدا بتفرۆشن. ڕووسیای سەردەمی پووتین پێچەوانەی ئەوەی سەلماندووە. ئەم جیاوازییە وایکردووە کورد بە دڵ لەگەڵ بەها دیموکراسییەکانی ڕۆژاوا و ئەمریکا بێت، بەڵام نەتوانێ ڕووسیا لەبیر بکات. ئەوەش هەر ئێمە نین کە لەم ناوچەیەدا وادەکەین. سعودییەکان و زۆر وڵاتی دیکەش هەر بەو ئاڕاستەیەدا دەچن.
هەرچەندە بۆ سعودیە چەندە متمانە نەمان بە ئەمریکا ڕۆڵ دەگێڕێ، هێندەش مۆنۆپۆلکردنی بازاڕی نەوت و کاڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران ڕۆڵ دەگێڕێ. ڕاستییەکەشی ئەگەر دۆخی ناوچەکە بگۆڕدرێت، سعودیە بە بەراورد بە ئێران نزیکترە لە ڕووسیاوە. چونکە مێژووی ئێران تاوەکوو بەر لە کۆماری ئیسلامیش، هەمیشە مێژووی شەڕ و ناکۆکی بووە لەگەڵ ڕووسەکان. کۆماری ساوای کوردستانیش، کە دواتر سۆڤیەت لە مامەڵەیەکدا فرۆشتی، هەر لە هەناوی ئەو ناکۆکییانەی نێوان مۆسکۆ و تارانەوە لەدایکببوو. [1]