ناونیشان: ساڵەکەی زەحمەت دەبێ
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #30-12-2019#
بەو نیشانانەی لەنێوخۆ و ناوچەکە و جیهانیش دەیبینین، ساڵی داهاتوو ساڵێکی ئاڵۆز و زەحمەت دەبێت بۆ کورد. با لە ئێراقەوە دەستپێبکەین کە بە ئاڵۆزی و شڵەژاویی بەردەوامەوە دەچێتە ساڵی داهاتووەوە. هەرچەندە وا ڕاهاتووین کە هەمیشە لە تەنگانەدا سیستانی بە فتوایەک یان قسەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێگە دەگرێ لەوەی دۆخەکە بتەقێتەوە، بەڵام وەک دەردەکەوێ، لە قەیرانی ئەمجارەدا کە بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەللەڕەقیی دەسەڵاتدارە ئیسلامییە شیعییەکانەوە درووستبووە، ئیشەکە دەکرێ بگاتە ئەوەی سیستانیش پێی یەکلایی نەکرێتەوە.
هەر ئەوەی کە لە دوایین هەینیی ساڵی 2019 دا سیستانی بڕیاری دا هیچ پەیامێکی سیاسی نەبێ، بۆخۆی پەیامێکی سیاسییە و واتاکەی ڕوون بوو: خۆپیشاندەران بەردەوام بن تا ئەوکاتەی نومایندەکانی ئاغای خامنەیی لە بەغدا تێدەگەن کە دەبێ گوێ لە داوای شەقام بگرن. ڕاستییەکەی هەڵوێستی بوێرانەی #بەرهەم ساڵح# بۆ من سەپرایز بوو. چونکە دەزانم ئەگەر #مام جەلال#یش مابووایە ئەوەی نەدەکرد کە ئەو کردی و نموونەش زۆرن کە ئەوە دەسەلمێنن. هۆیەکەی هەرچییەک بووبێ و بۆ چی و بۆ کێ کردوویەتی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە بۆ جارێکیش بێ وایکرد مرۆڤ هەست بکات سەرۆککۆمارێکی کورد لە بەغدا دەتوانێ بڵێ نەخێر.
تورکیاش ساڵی داهاتووی ساڵێکی ئارام نابێ. ئەوەی ئەمڕۆژانە لە ئیدلب دەگوزەرێ، درێژکراوەی ئەو گورزەیە کە ڕووسیا لە پاش هێرشی ماوەی ڕابردوودا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان لە تورکیای دا. شاندی تورکی لە مۆسکۆ هەمان ئەو داوایانەیان لێکراوە کە پێشتریش لێیاندەکرا و بریتی بوو لە پشتبەردانی گرووپە توندئاژۆ و تیرۆریستەکانی وەک هەیئەی تەحریری شام. ئەو تورکیایەی دەبووایە پێگەی بەهێز و ستراتیژیی لە هەرا و پشێویی نێو سووریادا دەستکەوێ، پێدەچێ دیسان دەستکەوتەکەی پەنابەری زۆرتر و لەدەستدانی هەژموونی زۆرتر لە ناوچەی ئیدلب بێت. لە ساڵی داهاتوودا تورکیا هەر لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی نا، بەڵکوو زۆرتر لەگەڵ ڕووسیاش ساڵێکی ئاسان لەسەر قەیرانەکانی سووریا و لیبیا دەرباز ناکات. لە هەردوو کەیسدا ڕووسیا کەوتووەتە بەرانبەر تورکیا.
ساڵی داهاتوو ساڵی پاشەکشەی هەژموونی سەربازیی ئێران دەبێ لە ناوچەکەدا، بەڵام مەرج نییە هەژموونی سیاسی و دیپلۆماسیشی زۆر لاوازببێت. گەمارۆ ئابوورییەکان بە بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا توندتر دەبن و ئێستاش گوشاری کەمەرشکێنیان لە تاران داوە، کە پاشەکشەی سەربازی بەهۆی زەحمەتکردنی باربووکردنییەوەیە لەڕووی داراییەوە. هەروەها بە هەموو بارێکدا پێشبینیی ئەوە دەکرێ کە ئەگەر ترەمپ مایەوە، لەگەڵ ئیسرائیل ناچاربن بۆ ڕێگەگرتن یان بەبیانووی ڕێگەگرتن لە بەردەوامبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەندێک گورزی سەربازی لە ئێران بدەن. مەسەلەی خۆپیشاندانەکانیش هەرچەندە ماوەماوە دەستپێدەکەن و دواتر سەرکوت دەکرێن، بەڵام بە سەختتربوونی دۆخی ژیانی خەڵک و ئابووریی ئێران، چانسی تەشەنەسەندنیان لە ساڵی داهاتوودا زیاترە و لەئێستاشەوە هەندێک دەنگ دەبیسترێن.
بۆ کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ساڵێکی قوورس لەڕووی سەربازییەوە نابێ (وەک شەڕی #داعش# و بەدوایدا هێرشەکەی تورکیا) ، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ساڵێکی سەخت دەبێت. جا چ بە دانووستاندن بێت لەگەڵ دیمەشق یان بە کارکردن لەسەر بەدەستهێنانی پشتیووانیی نێودەوڵەتی. ئەو هەنگاوانەی بۆ یەکخستنی نێوماڵی ڕۆژاوا هەڵێندراون، ئەگەر تەکتیکی نەبن و بە هۆشیارییەوە بڕیاریان لێدرابێ و بەردەوام بن، باش و ڕاستن. ململانێی ئەمریکا و ڕووسیا لەسەر نەوت و فراوانکردنی قەڵەمڕەو لەسەر خاکی ڕۆژاوای کوردستان مەترسیدارە، بەڵام دەرفەتیشی تێدایە. بەهەمانشێوە لە ساڵی داهاتوودا (زۆرتر لە باکووری کوردستان) ، دەرفەت لەپێش ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ گۆڕانکاری.
گەورەترین مەترسی لەسەر یەکپارچە و بەهێزمانەوەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا بەردەوامبوونی پشێوییەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی ئێراق نابێ، بەڵکوو ئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکێتی دەبێ. نازانرێ پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی چۆن دەبن و سەرکردە نوێیەکانی یەکێتی چەندە گەورە بیردەکەنەوە و شەریک دەبن بۆ سەرخستنی کوردستان. پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش و ئومێدخواستنەکانی بۆ کۆنگرەی یەکێتی هەر ئەوەی لێ خوێنرایەوە. [1]