ناونیشان: ئینتیقام لە ئایەتوڵڵا مایک
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #13-01-2020#
بەو هەرایەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕواڵەتەکانی شەڕە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەرکەوتن: ڕووداوە گرنگ و نوێیەکان لەسەرزەوی نابن، بەڵکوو لە ئاسمانەوە ڕوو دەدەن. هەریەکە لە تورکیا و ئێران لەو ڕاستییە تێگەیشتوون، بەڵام دەرکەوت ئێران هێشتا بۆ ئەو شەڕە ئامادە نییە. بۆیەش لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەنیا قاسم سولەیمانیی لەکیس نەچوو، بەڵکوو لەجیاتی ئەوەی بانگەشەی بۆ (ئینتیقامی سەخت) دەکرد، (ئینتیقامێکی سەقەت) ی ستاندەوە. ئایەتوڵڵا خامنەیی پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، گوتی ئەو بووەتە کەسێکی “ئاسمانی“. هەرچەندە ئەو مەبەستی لەوە بە دیوە ڕۆحی و ئایینییەکەیدا بوو، بەڵام لەڕووی سەربازیشەوە قسەکەی ڕاست بوو. سولەیمانی یەکێکی دیکە بوو لە قوربانییەکانی شەڕی نوێی ئاسمانی لە ناوچەکەدا.
قاسم سولەیمانی لە دوایین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ میدیای ئێرانی چیرۆکێکی خۆی لەگەڵ سەرکردەیەکی بەنێوبانگی حیزبوڵڵا گێڕایەوە، کە لەنێو بەیرووت بە موعجیزە ڕزگاری بووە، ئەگینا فڕۆکەی بینیوە بەسەر سەریانەوە سووڕاوەتەوە و توانیویەتی بیانکاتە ئامانج، بەڵام وەک دەردەکەوێ شەڕە نوێیەکانی ناوچەکەی ئێمە چیدیکە بەوجۆرە نین و ئەوەی لە ئاسمانەوە دەتکوژێ دەرفەتت ناداتێ فریای خۆت بکەوی.
لە دە ساڵی ڕابردوودا تەنیا بە کوشتنی ئوسامە بن لادن گورزی گەورە بەر قاعیدە نەکەوت. بەڵکوو کوشتنی سەرکردەکانی لە پاکستان و ئەفغانستان و یەمەن و ئێراقیش، بە درۆن (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان) ، هێندەی دیکە لاوازی کرد. گواستنەوەی ئەزموونی لەنێوبردنی سەرکردەکانی ڕێکخراوە ئیسلامییە فەڵەستینییەکان لە ئیسرائیلەوە بۆ ئەمریکا و بۆ لەنێوبردنی دوژمنەکانی لە ناوچەکەی ئێمەدا سەرکەوتوو بووە. بۆیەش هەمان ئەو ئەفسەرەی کە لە سی ئای ئەی بەرپرسی سەنتەری دژەتیرۆر و بەرپرسی جێبەجێکردنی ئەو گورزانە بوو بە درۆن، کراوەتە بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە سی ئای ئەی.
بۆ نووسینی ئەم گۆشەیە لێکۆڵینەوەی زۆرم لەسەر توانا درۆنییەکانی وڵاتان و جۆرەکانیان و پێشکەوتووییان کرد؛ بەردەوام تووشم دەبوو بە تووشی ناوی ئەو ئەفسەرەوە کە بەئەنقەست پێیدەگوترێ “ئایەتوڵڵا مایک“. پیاوێک، کە هەرچەندە دەزانرێ موسڵمان بووە، بەڵام کەمترین زانیاری لەسەر ناسنامەکەی ئاشکرا کراوە و ئەوەی لەبارەوە دەزانرێ کە کەسێکی سەختکۆشە و پێخەفێکی لە ئۆفیسەکەی لە سی ئای ئەی هەیە بۆ ئەو کاتە بەردەوامانەی بۆ خەوتن ناچێتەوە ماڵەوە. کەسێک کە بێبەزەییانە بە درۆن سەرکردەکانی قاعیدەی کوشتووە و لە ساڵی 2017 شەوە، کە بووەتە بەرپرسی دۆسیەی ئێران، لەنێوەوەی ئێران هێندە لێی دەترسن کە دەوڵەتی ئێران هەمیشە وەک بەرپرسی پلاندانان و جێبەجێکردنی خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی سەرەتای ساڵی 2018، دەیناسێنن.
وەک دەردەکەوێ ئایەتوڵڵا مایک (مایکڵ داندریا، تەمەن 61 ساڵ) پێناسەی شەڕ لە ناوچەکەی ئێمەدا دەگۆڕێت. بەتایبەتیش بەوەدا کە تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەمریکی زۆر بەسەر تەکنەلۆژیای ڕووسی و چینی و هەموو ئەوانیدیکەدا باڵادەستە. بۆیە ئێستا ئەگەر بۆ نموونە هادی عامری یان قەیس خەزعەلی یان هەر بەرپرسێکی دیکەی ئێراق، بە فەرمانی تاران، بیەوێ پلان دابنێ و هێرش بکاتە سەر ئەمریکا، دەبێ بزانێ ئایەتوڵڵا مایک لە ئاسمانەوە دەیبینێ و لە زەوییەوە زانیاریی هەواڵگری لەسەر کۆدەکاتەوە و ڕەنگە لە هەر چرکەیەکدا و بەبێدەنگی کۆتایی بە ژیانی بهێنێ. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە دوای کوژرانی سولەیمانی، هەموویان دەڵێن هیچ پلانێکیان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا نییە!
کاتێک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت “ئاشتی لەباوەش دەگرم“، پشتگەرمە بەمە و دەزانێ جەنگ بە مانا تەقلیدییەکەی باوی نەماوە تا لەباوەشی بگرێ! هەفتەی ڕابردووش توانای ئاسمانیی ئێرانی بۆ دەرکەوت. هەر لە نەتەقینەوەی مووشەکەوە بگرە تا دەگاتە لێکجیانەکردنەوەی مووشەکی دوژمن و فڕۆکەی مەدەنی. ئەمانە ئەوەیان ڕوونکردەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئێران سەرەتا پێویستیان بە شەڕی زەمینی نییە و دەکرێ قۆناخی سەرەکی و کەمەرشکێنی شەڕەکە، لەپاش هەڵگوشینی ئابووری و خرۆشاندنی جەماوەریی نێوخۆیی، لە ئاسمانەوە و بەخەرجیی کەمتر لە جاران یەکلایی بکەنەوە. بۆیە ئەگەر لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا بیستتان سەرکردەکانی حەشد یان پرۆکسییەکانی دیکەی ئێران لە ناوچەکەدا کوژراون و بەدوایدا ئەمریکا (هاوشێوەی کەیسی قاسم سولەیمانی) بڵاویکردەوە کە ئەو کەسە پلانی جێبەجێکردنی هێرشێکی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا داناوە، ئەوە وێنەکە ئاوا ببینن: زانیاریی هەواڵگریی مەترسیدار گەیشتووەتە کابرای درۆنەکە لە سی ئای ئەی، ئەویش پێشنیازی داوەتە سەرووی خۆی و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە، بەدوایدا چاوساخە لۆکاڵییەکان لەسەر زەوی و درۆنی ئەمریکی لە ئاسمانەوە سەرکردەکەیان ناکارا کردووە. جا نازانم لە شەڕێکی وادا ئێرانییەکان چۆن دەیانەوێ “ئینتیقامی سەخت“ بکەنەوە، بەتایبەتیش لە کەسێکی وەک ئایەتوڵڵا مایک، کە کەمترین زانیاری لەسەر ناسنامەکەی هەیە؟ [1]