=KTML_Bold=پسپۆڕێکی هەناو دەڵێت: نەوەک تەنیا خۆراک، بەڵکوو شێوازی دانیشتن و باری دەروونیش پەیوەندییان بە تووشبوون بە قەبزییەوە هەیە=KTML_End=
دکتۆر حلمی میسری، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی هەناو و دڵ باسی دیارترین هۆکاری قەبزبوون دەکات و دەڵێت: نەخواردنەوەی ئاوی پێویستی ڕۆژانە سەرەکیترین هۆکاری درووستبوونی قەبزییە.
هەروەها پسپۆڕەکە دەشڵێت، ''خواردنەوەی بڕێکی زۆر چا، قاوە، خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان دەشێت ئەگەری تووشبوون بە قەبزی زیادبکەن و وا باشترە ڕۆژانە بەشێوەیەکی سنووردار بخورێنەوە، بەتایبەت چا و قاوە.''
دکتۆر حلمی میسری لەبارەی وەرزش و چالاکیی جەستەییەوە گوتی، پێویستە ڕۆژانە 30 بۆ 50 خولەک بەپێ ڕۆیشتن یاخود وەرزشی مامناوەند بکرێت، چونکە یارمەتیدەرە لە باشترکردنی فەرمانەکانی کۆئەندامی هەرس.
سەبارەت بە قەبزبوون وەکوو نیشانەیەکی نەخۆشی، دکتۆر حیلمی گوتی، قەبزبوون دەکرێت بەڵگەیەکی گرژبوونی کۆڵۆن بێت؛ هەروەها لەبارەی ناڕێکیی باری دەروونییەوە دەشڵێت: ''گوشاری دەروونی هۆکارێکە بۆ سستبوونی دەمارەخانەکانی ڕیخۆڵە، ئەوەش وا دەکات جووڵەی ڕیخۆڵە کەم ببێتەوە و کەسەکە قەبزبێت.''
بە گوتەی دکتۆر حلمی، لەکاتی هەستکردن بە بەردەوامبوونی قەبزی بۆماوەی هەفتەیەک یان 10 ڕۆژ، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، چونکە دەشێت هۆکارەکەی گیرانی کۆم، کۆڵۆن و ڕیخۆڵەکان بێت.
پسپۆڕەکەی هەناو ڕێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات، بەبێ ڕاوێژی پزیشک دەرمانی دژە قەبزبوون بەکارنەهێنن، چونکە دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ خراپتربوونی دۆخەکە؛ هەروەها بایەخ بەو خۆراکانە بدەن کە ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵیان تێدایە وەکوو سەوزە و میوە؛ هاوکات بایەخ بە وەرزشی ڕۆژانە بدەن و بۆماوەیەکی زۆر لەسەر کورسی دانیشتن نەمێننەوە.
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندرووستیی بەریتانیا، قەبزبوون بریتییە لەوەی هاووڵاتی لە هەفتەیەکدا کەمتر لە سێ جار پیسایی بکات، هاوکات ئازار و ئاوسانی سکیشی دەبێت.
هەروەها ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، قەبزبوون لە خانمانی دووگیان ئاساییە و دواتر کەمدەبێتەوە. [1]